60 هەزار بارهەڵگری ترانزێتی ئێرانی بەهۆی کێشەی بیمە کارەکانیان پەکیکەوتووە

زووم…

 

بیمەی سەوز بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتییە دەدرێت بەو شۆفێرانەی کە بە شێوەیەکی کاتی لە هەندێک وڵاتدا گەشت دەکەن کە دەکەوێتە ناوچەی جوگرافیای ئەو وڵاتانەی ئەندامی رێککەوتننامەی بیمەی سەوزن، شۆفێران لە کاتی روداودا دەتوانن سوود لەو بیمەیە وەربگرن، بەڵام ئەگەر ئەو کارتەیان نەبێت، بارهەڵگرەکان مافی ئەوەیان نییە بچنە ناو ئەو جوگرافیایەوە.

رەزا رۆستەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای راگەیاندووە: راگرتنی “بیمەی سەوز بۆ شۆفێرانی ئێرانی” بووەتە هۆی پەککەوتن و بێکاری 60 هەزار بارهەڵگری ئێرانی کە لە ترانزێتی کاڵادا کاردەکەن و لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بیمەی ناوەندی ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەگرتووەتەبەر.

راشیگەیاند، ئەم دۆخە وایکردووه شۆفێرانی ئێرانی بیمەی سەوزی خۆیان لە رێگەی وڵاتی سێیەمەوە بەدەستبهێنن، بەڵام تێچووی زۆر بەرزە و کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی کاڵا هەیە.

دەشڵێت، خاوەن بارهەڵگرەکان پێیان باشە بۆ گواستنەوە سود لە شۆفێری بیانی وەک وڵاتانی تورکیا و جۆرجیا وەربگرن، چونکە ئەو شۆفێرانە لە ژێر بەرپرسیارێتی بیمەی سەوزدا دەچنە ئێران و تێچووی کەمتره بۆ خاوەنی بارهەڵگرەکان، بەڵام ئەوە ئەنجامەکەی بێکاری شۆفێرانی بارهەڵگری ئێرانییە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران باس لەوەش دەکات، هێشتا کێشە لە پێدانی ڤیزە بۆ شۆفێرانی ئێرانی هەیە و لەنێو وڵاتانی ئەورووپاشدا تەنیا ئیتاڵیا ڤیزە بە شۆفێرانی ئێرانی دەدات کە ئەویش سنووردارە.

پێشتریش بارهەڵگرەکانی ترانزیتی ئێرانی بەهۆی کێشەی بیمە و ڤیزە لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی وڵاتانی ئەورووپایی گیریان خواردووە. ئەو کێشەیە وایکردووە بارهەڵگرەکانی تورکیا لە رێگاکانی ئەوروپادا جێگەی بارهەڵگرەکانی ئێران بگرنەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button