مەرجەکانى کاندیدى سەرۆکی نوێی ئێران بڵاوکرایەوە

زووم:

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

 


شەرقلئەوسەت

مەرجەکانى کاندیدى سەرۆکی نوێی ئێران بڵاوکرایەوە
محەمەد دەهقان، جێگریی سەرۆکى ئێران بۆ کاروباریی یاسایی رایگەیاند، لیژنەى پاراستنى دەستوور و وەزارەتى ناوخۆی ئێران مەرجەکانی سەرۆکایەتیى کۆماری ئێرانیان بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەى ئەو دەسەڵاتەى بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى پێیاندراوە.
بە گوتەى محەمەد دەهقان، مەرجەکانى کاندیدى سەرۆکایەتى بریتین لە: کاندید دەبێت تەمەنى لە 40 ساڵ کەمتر و لە 75 ساڵ زیاتر نەبێت، بڕوانامەى ماستەرى هەبێت، بەرپرسیارێتى ئۆرگانێکى باڵای لە چوار ساڵ کەمتر نەبێت و ئەنجومەنى پاراستنى دەستوورى ئێرانیش پەسەندى بکات، باوەڕی تەواوى بە پایە بنەڕەتییەکانى کۆمارى ئیسلامى هەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا پەیڕەوکارى مەزهەبی 12 ئیمامى شیعە بێت.

سەباح

نزیکەى نیوەى کارەباى بەرهەمهێندراوى عێراق بەفیڕۆ دەچێت
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، 46%ـى کارەباى نیشتمانى، بەهۆی رێکنەخستنى فەرمانگە و شوێنە ناحکومییەکانەوە بەفیرۆ دەچێت، لەوانەش قوتابخانە ئەهلییەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان و مۆڵە بازرگانییەکان.
عەبدولرەزاق سوڵتانى، سەرۆکی رێکخراوە (الراصد) بۆ پشتیوانیکردنى دەستپاکیش رایگەیاند، 20%ـى بەفیڕۆدانى کارەباى نیشتمانى لەلایەن هاووڵاتییانەوەیە و لەپشتى بژمێری کارەباکەیانەوە بە نایاسایی کارەبایان راکێشاوە و شارەزایانى کارەبا هاوکارییان دەکەن لە “دزین”ـى ئەو بڕە زۆرەى کارەبا، هەروەها دوکان، مۆڵ و دامەزراوە حکومییەکانیش بەردەوام کارەبا بەفیرۆدەدەن و لەکاتى ناپێویستدا بەکارى دەهێنن.

عەرەب

هەواڵگریی تورکیا سەرقاڵی ئاژاوەگێڕییە لە شنگال
فشارەکانى تورکیا لەسەر شنگال و دەوروبەرى بۆ کەمکردنەوەى دەسەڵاتى پارتى کرێکاران رووى لە زیادبوونە.
پارتى کرێکارانى کوردستان و لایەنە نزیکەکانى لەو ناوچەیەدا رایانگەیاندووە، پێکەوە ژیان لەو ناوچەیەدا مێژوویەکى دوورودرێژی هەیە، بەڵام لە ئێستادا هەواڵگریی تورکیا سەرقاڵی کێشە دروستکردنە لەنێوان پێکهاتەکانى ناوچەکەدا و بۆ ئەو مەبەستەش کارەکانى داعشیان کردووەتە بیانوو.
رایانگەیاندووە، دەستێکى هەواڵگری کار لەسەر وروژاندنى هەستى نەتەوایەتى دەکات لەنێو پێکهاتەکانى شنگال و دەیەوێت پەیوەندییەکانى نێوان کورد، تورکمان و عەرەب لەلایەک و موسڵمان و ئێزدییەکان لە لایەکى دیکەوە تێکبدات و ترسیى خۆیان نەشاردووەتەوە لە ئەگەرى سەرهەڵدانى ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکاندا، بەتایبەتى لە دۆسییەى کوشتنى خێزانێکى عەرەبدا کە لەلایەن هاووڵاتییەکى ئێزدییەوە کوژران و هێشتا شوێنەواری کێشەکە چارەسەر نەکراوە.

دەستوور

ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژادنى کوردستان تەواوبوون و تەنها چاپکردنى وەرەقەکانى ماوە
حەسەن هادى، ئەندامى لیژنەى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تەواوکردووە و تەنها چاپکردنى وەرەقەکانى دەنگدان ماوە.
ئەو دەڵێت، نازانن ئایا لایەنى نوێ بەشداری پرۆسەکە دەکەن یان نا، چونکە دادگاى فیدراڵى پێداچوونەوەیەکى بۆ ماوەى ناوتۆمارکردن کردەوە و بڕیاریداوە ماوەکەى درێژبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانیش وادەیەکى نوێی بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری نەکردووە.
لە لایەکى دیکەوە وەفا محەمەد کەریم، ئەندامى سەرکردایەتى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاندووە، درێژکردنەوەى وادەى ناوتۆمارکردن ماناى ئەوە نییە پارتى بیەوێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات، بەڵکو ئەوکاتە پارتى بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، داواکارییە یاساییەکانى جێبەجێ بکرێن و مافى کۆتاکان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

 

رۆژنامە تورکییەکان

میللییەت

جەهەپە پشتیوانى لە مافی خانەنشینان دەکات

ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە میانەى بەشداریکردنى لە خۆپیشاندانى خانەنشینان لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەگەر حکومەت چارەسەری کێشەى خانەنشینان نەکات، ئێمە بەردەوام دەبین لە گردبونەوەکانمان، بەردەوام دەبین لە پشتیوانى مافەکانى خانەنشینان، تاوەکو بە مافە رەواکانیان دەگەن.

ئایدنڵک

پەرلەمانى تورکیا چەند یاسایەک هەمواردەکاتەوە
چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە لە پەرلەمانى تورکیا چەند یاسایەک هەمواربکرێنەوە، کە ماوەیەکی زۆرە لە رۆژەڤى وڵاتدایە، لەوانەش کێشەى سەگی بێلانەکان، چەند یاسایەکی تایبەت بە وەزارەتی بەرگریی تورکیا و چەند یاسایەکی دیکە گفتوگۆى لەسەر دەکرێت.

تورکیا

مانگی سورى تورکیا هاوکاری لێقەوماوانى غەزە دەکات
لەگەڵ دەستپێکی شەڕی غەزە و ئاوارەبوونى سەدان هەزار کەس، برسێتی رووى لە خەڵکی مەدەنی کردووە، لە سەرەتاى شەڕەکەوە تائێستا مانگی سوورى تورکی رۆژانە ژەمە خواردنى 10 هەزار کەس دابین دەکات، لەئێستادا رێکخراوەکە بەنیازە گۆشتی ئەو ئاژەڵانەى بۆ جەژن دەکرێنە قوربانی بگەیەنێتە خەڵکی غەزە.

 


سۆزجو

سەندیکاى پزیشکان لە بەرنامەکەى حکومەت ناڕازیە

لەچوارچێوەى رێکارەکانى حکومەت بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان، حکومەت بە نیازە لە هەندێک لە ناوەندەکانى تەندروستی هێڵى 112ـى فریاکەوتنی خێرا لاببات، ژمارەى ئەمبوڵاسەکان کەمبکاتەوە و هەندێک لە باڵەخانەکانی تایبەت بە کەرتی تەندروستی دابخات.
سەندیکاکان رایانگەیاندووە، “ئەمە یاریکردنە بە تەندروستی ژیانی خەڵک”.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

واشنتن پۆست

تەندروستیی ئەمریکا بە گرنگییەکەى پێشتر سەیری پەتای کۆڤید ناکات
لەئێستادا وەک رۆژی خۆرەتاو روونە، ئەمریکا تووشی گۆڕاوێکی نوێی دیکەى پەتای کۆڤید بووە، ژمارەی تووشبووانى بەرزبوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم جۆرە نوێیەدا و لەسەر ئاستی فیدراڵی هیچ جۆرە رێوشوێنێکی تەندروستیی توند نەگیراوەتەبەر، نە ئاستی هاتوچۆ کەمکرایەوە و نە باری نائاساییش راگەیەندرا. ئیدى بە هیچ کەسێک ناگوترێت خۆت کەرەنیتینە بکە و لە ماڵەوە بمێنەوە.

ئیندیپێندەنت

هێستلین رەخنەی لە سەرکردەکانی وڵات هەیە، کە ئامادەنیین گفتوگۆ لەبارەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا بکەن
جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا رەخنەی لە هەردوو پارتە سیاسییەکەی فەرمانڕەوای بەریتانیا هەیە و دەڵێت، ئەوەی بڕیارە ئەنجام بدرێت ناجدیترین هەڵبژاردنی ئەم سەردەمەیە، لەبەرئەوەی ئەو دوو حزبە سەرەکییە نایانەوێت گفتوگۆ لەبارەی شوێنکەوتوەکانی دۆسیەى چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا بکەن.

نیویۆرک تایمز

ئەوروپا دەیەوێت توانا بەرگرییەکانی خۆی بەهێز بکات

مانگی نیسانی رابردوو هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا رێکەوتنێکی چەند ملیار دۆلارییان ئەنجامداوە، بۆ پەرەدان بە جۆرێک تانکی جەنگی، کە بۆریس پیستۆریەسی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەبارەیەوە قسەی کرد و گوتی، ئەو تانکە تووشی حەپەسانت دەکات.
کاتی راگەیاندنەکەشی وەک چرکەساتێکی مێژوویی ناوبرد، چونکە حەوت ساڵ بوو، بوونی ناکۆکیی سیاسیی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی بردنەپێشەوەی ئەم پرۆژەیە کێشەی بۆ ئەنجامدانی دروستدەکرد .

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

وڵاتانی رۆژئاوا نزیکبوونەتەوە لەوەی لەسەر شێوازی روسی بگەن بە رێکەوتنێک

هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەیانەوێت بگەن بە واژۆکردنى پرۆژەیەکی وەبەرهێنان بۆئەوەی بەو هۆیەوە بتوانن بڕی 50 ملیار دۆلار یارمەتی بۆ ئۆکراین مسۆگەربکەن.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئیتالیا دیدارێکیان هەیە، قسەوباس لەسەر پرۆژەیەکی نوێ دەکەن بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئۆکراین و نزیکبونەتەوە لە رێکەوتن، بەڵام کەسە بەرپرسە رۆژئاواییەکان لەم رۆژانەدا تاوتوێی ئەوە دەکەن، بەرنامەی چۆنیەتیی خەرجکردنى ئەو یارمەتییە بۆ ئۆکراین دابنێن.

 

رۆژنامە فارسییەکان

ئاسیا

گەشەی ئابووری لە ئێران خەیاڵە یان راستی؟

لە پلانی ئابووری ئێراندا پێشبینی گەشەی ئابووری بە رێژەی 8% دەکرێت، لە کاتێکدا ئەم بابەتە لەگەڵ واقیعی ئابووریدا یەکناگرێتەوە، گەمارۆکان بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و لە ئەنجامدا ئێران لە رکابەرەکانی دواکەوتووە.
بەگوێرەی ئاماری ژووری بازرگانیی ئێران، کێشەیەکی دیکە لە ئێران، داماڵینی پیشەسازی و لاوازبوونی حوکمڕانی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ئیدارییە، کە دەرئەنجامی سزاکانن، کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار زیانیان بە ئێران گەیاندووە.
تێکڕای داهاتی لەدەستچووی هەر ئێرانییەک لە هەمان ماوەدا نزیکەی 16 هەزار دۆلار بووە، کە بۆ خێزانێکی چوار کەسی دەکاتە نزیکەی 65 هەزار دۆلار.
ئێران ژمارەی دانیشتوانەکەی لە تورکیا و سعودیە زیاترە، بەڵام لە ئێستادا ئابووریی ئێران نیوەی ئابووریی تورکیایە و هەروەها نزیکەی نیوەی سعودیەش دەبێت.

خوب

وەزیری ناوخۆ فەرمانی دەستپێکردنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دەرکرد

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆى ئێران لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی پارێزگارەکانی سەرتاسەری ئێران کراوە، فەرمانی دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی بۆ خولی 14ـى سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانی دەرکردووە.
ئەحمەد وەحیدی، بە پارێزگارەکانی راگەیاندووە، لە جێبەجێکردنی مادەی 131ـى یاسای بنەڕەتیدا، فەرمانی دەستپێکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار دەردەچێت.
پێویستە فەرمانی پێکهێنانی بارەگای هەڵبژاردنی پارێزگاکان لەلایەن پارێزگارەکانەوە دەربکرێت، پارێزگارەکانی سەرتاسەری وڵات پێویستە لە ماوەی سێ رۆژدا زۆرترین کار لەسەر پێکهێنانی دەستەی کارگێڕی بکەن و وەرگرتنی ئەم رێنماییە بە دەستەی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنن.

تەجارەت

داهاتەکانی حکومەت لە باج و فرۆشتنی نەوت زیادیکردووە

زیادبوونی 15 ملیار دۆلار داهاتی هەناردەکردنی نەوت یەکێک بوو لە رێوشوێنە ئابوورییەکانی حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی، بەڵام گرنگترین رێوشوێن کە حکومەت پەیڕەوی کرد، دانانی باج و باجی گومرگ وەک سەرچاوەی داهاتی جێگیر و متمانەپێکراوی حکومەت و سەرچاوەی ناوخۆیی ئابووری بوو.
بە تێکڕا رێژەی گەشەی باج لە ماوەی سێ ساڵی حکومەتی پێشوودا بەگشتی لە دەوروبەری 20%ـى بوو، بەڵام لە حکومەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی باجی ناوخۆ بە رێژەی 60% ساڵانە زیادی کردووە.

ئەبرار

توندبوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان بەهۆی کەمی دەرمانەوە

وازهێنان لە دەرمان بەشێوەى لەناکاو یەکێکە لە خراپترین رێگەکان کە دەتوانێت بەسەر ئەو کەسانەدا هەبێت، کە نەخۆشی دەروونییان هەیە.
وەحید شەریعەت، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستی پزیشکانی دەروونی ئێران رایگەیاند، روودانی تێکچوونی دەروونی چەند هۆکارێکی هەیە، گرنگترینیان هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و ژینگەییەکانن، بەتایبەتى ئەو بارودۆخە ئابوورییانەی زۆر کاریگەرن لە زیادکردن و کەمکردنەوەی تێکچوونە دەروونییەکان.

هەواڵی زیاتر

Back to top button