ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی عێراق دەگاتە ئاستی خۆبژێوی

زووم…

 

عێراق کە ساڵانە نزیکەی پێنج ملیۆن تەن گەنم بەکاردەهێنێت، ئەمساڵ دەگاتە ئاستی خۆبژێوی و دوو ملیۆن تەن گەنم وەک یەدەگ هەڵدەگرێتەوە.

وەرزی دروێنە دەستی پێکردوە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێڕاقیش دەڵێت، بەپێی خەمڵاندنەکانیان بەرهەمی جوتیاران لە وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی سەندووە و حکومەتی عێراق پێنج ترلیۆن دیناری بۆ خەرجکردنی پارەی جوتیاران تەرخانکردووە. گوتیشی، عێراق نزیکە لە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمە سەرەتاییەکاندا بەتایبەتیش گەنم.

لە ماوەی ڕابردوودا محەمەد خەزعەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: پێشوەختە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێڕاق ئامادەباشیان کردووە بۆ وەرزی کشتوکاڵ و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران حەوت ملیۆن تەن لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێپەرێنێت ئەو بڕەش زیاترە لەوەی هاوڵاتیان بەکاریدەهێنن و بەشی شەش مانگی داهاتوو دەکات ئەوەش وای کردووە عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانە دەرچێت کە کێشەی هەڵاوسانی نرخیان هەیە.

جەختیشیکردەوە، عێراق لە بەرووبوومی سەوزە و زۆرێک لە بەرهەمە سەرەتاییە کشتوکاڵییەکاندا خۆبژێوی بەدەستهێناوە.

گوتیشی: هاوکاری وەزارەتی بازرگانی دەکەن بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی گەنم لە جوتیاران و ئاسانكردنی پرۆسەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران و بەتاڵكردنەوە و ئامادەكردنی سایلۆ و كۆگاكانی كۆمپانیای دانەوێڵە.

بەهۆی پاڵپشتی و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی کشتوکاڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنم لە بڕ و کواڵێتی لە وەرزی رابردوو باشتربێت، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بەردوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی و پاڵپشتیکردنی جوتیاران لەڕێگەی دابینکردنی تەواوی پێداویستی جوتیاران لەسەر ئەرکی خۆی بەتایبەت پرژێنەرەکان و بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران لەکاتی رادەستکردنی گەنمەکانیان.

تەواوی رێژەی ئەو بەرهەمانەی کە تائێستا دروێنە کراون لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگیراوە، کە بریتییە لە 40٪ تەواوی بەرهەمەکانی ئەمساڵ، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هێشتا وەرزی دروینەکردن کۆتایی نەهاتووە.

مەهدی سەحر الجبوری جێگری سکرتێری وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاق ڕایگەیاند، پرۆسەی بەبازاڕکردن لە چوارچێوەی وەرزی بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنم بۆ وەرزی کشتوکاڵی ئێستای 2023-2024 لە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە بەرووبوومی سەوزە و زۆر بەرهەمی سەرەتایی کشتوکاڵی  گەیشتوەتە ئاستی خۆبژێوی، هەروەها هەندێک لەو بەهەمانە هەناردەی دەرەوەی دەکەن بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو و هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button