هەڵبژاردنەکانی هەرێمى کوردستان جارێکی دیکە بەرەو دواخستن هەنگاو دەنێت

زووم:

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولەوسەت

نەتانیاهۆ لە سنووری لوبنان بەڵێنى سوپرایزێک دەدات

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرکوەزیرانى ئیسرائیل، لەمیانەى سەردانێکیدا بۆ بنکە سەربازییەکانى ئیسرائیل لە بەرەی جەنگی باکوور لە سنوورى لوبنان، بەڵێنى سوپرایزێکى سەربازیی دەدات و دەڵێت، ئێمە بە بەردەوامى چاومان لەسەر بەرەى جەنگی ئیسرائیلە لە باکوور و سنوورەکانى لوبنان، پلان و سوپرایزیشمان بۆی هەیە.
ئەو دەڵێت بەرەى جەنگمان لە باکوور و سنووری لوبنان فەرامۆش نەکردووە و سەدان سەربازی حزبوڵامان لەناوبردووە و بەردەوام دەبین لە لەناوبردنیان.

قودسى عەرەبی

تەلئەبیب رەتیدەکاتەوە پابەند بێت بە راگرتنى جەنگی غەزە

ئەمڕۆ دادگای لاهای بڕیارێکی کاتيی دژی ئیسرائیل لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژیی غەزە دەدات

ئیسرائیل بڕیارێکی پێشوەختە دەدات بەر لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەى ئەمڕۆی دادگای لاهای نێودەوڵەتی لە هۆڵەندا، سەبارەت بە گرتنەبەری هەنگاوی یاسایی زیاتر بۆ خۆپارێزی و دوورکەوتنەوەی ئیسرائیل لە کۆمەڵکوژیی کەرتی غەزە.
بەرپرسانى ئیسرائیل هەر زوو بەر لە دانیشتنى دادگاکە گوتویانە، وەڵامی داواکارییەکى لەو چەشنە نادەنەوە.
کۆبوونەوەی دادگاکە لە وەڵامی داواکارییەکدا دێت کە ئەفریقای باشوور لە 10ـى ئایاری ئەمساڵ بۆ کۆمەڵکوژیی کەرتى غەزە پێشکەشی کردووە و داوای رێگریکردن لە تاوانی کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەزە و کشانەوەى هێزەکانى ئیسرائیل دەکات لەو کەرتە.
بڕیارە رۆژی هەینی، کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، دادگاکە جارێکی دیکە دادبینى بۆ سکاڵاکەى ئەفریقای باشوور بکاتەوە.

عەرەب

هەڵبژاردنەکانی هەرێمى کوردستان جارێکی دیکە بەرەو دواخستن هەنگاو دەنێت

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پێویستە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژێکی دیکە دیاریی بکات بەدەر لەو رۆژەی پێشتر دیاری کردبوو، کە 10ـی حوزەیرانە.
دواخستی ئەو هەڵبژاردنە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2022، بە چوارەم دواخستن ئەژماردەکرێت، پێشتر بەرواری 18ـی تشرینی دووەمی 2023 وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکرابوو، دواتر 25ـی شوباتی ٢٠٢٤، دواتریش 10ـی حوزەیران.


جەریدە

فەرەنسا موشەکێکى ئەتۆمیی پێشکەوتوو تاقیدەکاتەوە

رۆژێک دوای دەستپێکردنی مانۆڕە سەربازییەکەى سوپای روسیا و بەکارهێنانى چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بەرامبەر ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگری فەرەنسا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکە بۆ یەکەمینجار موشەکێکی ئەتۆمی پێشکەوتووی تاقیکردووەتەوە.
موشەکەکە بە فڕۆکەیەکی جۆری راڤال، لە یەکێک لە مانۆڕە سەربازییەکاندا تاقیکراوەتەوە، وەک بەشێک لە ستراتیژی بەرگریی فەرەنسا کە لەسەر بنەمای رێگریی ئەتۆمی دامەزراوە.
سەرۆکی روسیاش وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانى وڵاتانى رۆژئاوا، رێنماییەکى دەرکرد بۆ ئەنجامدانی مانۆڕێکی ئەتۆمی لە لە 6ـی حوزەیرانی ئەمساڵ.

 

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان


دەیلی تەلەگراف

زانایان ستایشی ئەو پێشکەوتنە گەورەیە دەکەن لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمکدا بەدەستهاتووە

توێژینەوەیەکی نوێ لەبارەى چارەسەرى شێرپنجە ئەنجامدراوە و دەڵێت، دەتوانرێت لەش وا رابهێندرێت توانای بەرگریکردنەکەی خۆی بەشێوەیەک بەهێز بکات، خانە شێرپەنجەییەکان بناسێتەوە و لەناویشیان ببات.
بەگوێرەى توێژینەوەکە، ئەو بابەتە زانستییەی تازە دۆزراوەتەوە، رێگە لەبەردەم توانای بەرگریکردنی درێژخایەندا دەکاتەوە.

تایمز

کێشەی وزە یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی شەڕی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا

هەریەکە لە ریشی سوناک و سێر کەیر ستارمەر هەوڵدەدەن بابەتی دابینکردنی وزە بۆ خەڵک بکەن بە بابەتی سەرەکیی قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان. بۆیە لە ئێستاشەوە بەهاکەی دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو.
لەسەر ئاستی جیهانیش بەهای وزە زۆر دابەزیوە، بۆیە پارتی پارێزگاران هەوڵدەدات ئەم بابەتە وەک بەشێک لە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی بەکاربهێنن.

 


ئیندیپێندەنت

هەرگیز نابارێت، بەڵام لەوانەیە رێژنەیەک بکات، بۆیە جەنابی سوناک بۆ تۆ واباشە ئەم چەترەت پێبێت

پێنج ئەندام پەرلەمانی پارتی پارێزگاران لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە، ریفۆرمخوازەکانیش 630 کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پێشکەش کردووە. بۆیە سەرۆکوەزیران ناچارکراوە، خۆی دان بەوەدا بنێت لەپێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانەوە هیچ پەنابەرێک نانێردرێت بۆ رواندا.
هەر لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەوە رەوشەکە بۆ سوناک ئاسان نەبوو، چونکە ناچارکرا بە دەمی خۆی هاواربکات و بڵێت هەتا هەڵبژاردن تەواو نەبێت گواستنەوەی پەنابەران بۆ رواندا روونادات.
مەبەست لە پلاری چەتر هەڵگرتن بێ باران بارین ئەوەیە پلانەکەی سوناک سەرینەگرت.

ئۆرشەلیم پۆست

وەزیری دەرەوەی نەرویج دەڵێت، ئێمە کاتێک دانمان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا نا، ئیسرائیل خۆی لەو بابەتە دزییەوە
ئیسپن بارت ئێدە، وەزیری کاروباری دەرەوەی نەرویج بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی گوتووە، نکۆڵیکردنی حکومەتی ئیسرائیل لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان، شەڕی بەردەوامی غەزە، دروستکردنی ئۆردوگە زۆرەملەییەکانی کەرتی رۆژئاوا، هەموو ئەمانە پێکەوە وایانکرد پرۆسەی ئاشتی لەو ناوچەیەدا تووشی چەقبەستن ببێت. ئەمانە ئەو هۆکارانە بوون، وایانکرد ئەم هەفتەیە نەرویج بچێتە پاڵ ئیسپانیا و ئێرلەندە و دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێت.

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

هەموارکردنەوەى دەستوور کێشەى خەڵک نییە
نامق تان، پەرلەمانتارى جەهەپە رایگەیاند، لەمڕۆدا هەموارکردنەوەى دەستوور لە رۆژەڤى گەل و میللەتدا نییە و بە کێشە نابینرێت، کێشەى خەڵک لە سفرەى خوانەکەیدایە، خەڵک برسییەتی، خەڵک ناتوانێت منداڵەکەى بنێرێت بۆ قوتابخانە، ئەمانە کێشەکانى خەڵکن.

سەباح

ئەردۆغان: رێککەوتنى کۆماری دەپارێزین
لە کۆبوونەوەى سەرۆکی تورکیا لەگەڵ ئەندامانى پارتەکەی ئەردۆغان رایگەیاندووە، رێککەوتنى کۆماریی نێوان ئاک پارتى و مەهەپە وەک خۆى دەپارێزین.
ئەردۆغان گوتویەتى، لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرە دەکەین، کە کاتى خۆى هات گۆڕانکاریی تەواو دەکەین نابێت هیچ کەسێک لێمان نیگەران بێت.

تورکیا

کرێکارە بیانییەکان سنوورداش دەکرێن
بەرهەمهێنەرانی چا لە تورکیا، کرێکارى تورکییان بۆ کارکردن لە کێڵگە چاکانیان دەستناکەوێت، هەربۆیە ساڵانێکە کرێکارى ئەفریقى و گورجستانی لە کێڵگەکانی چا کاریان کردووە، لەبەرئەوەی ئەمانە بە قاچاخ کاریان کردووە سنوورداش کراونەتەوە.
بەرهەمهێنەرانى چا دەڵێن، بەو کرێیەى دیاریکراوە بۆ کرێکاران ناتوانین کرێکارى خۆماڵى بدۆزینەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر بەرهەمی چا دروستکردووە.

یەنی بیرلیک

سویسرا درۆنی تورکی بە رابەری دنیا ناودەبات
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لەپاش رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمارى ئێران، تورکیا لە رێگەى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی جۆرى بایرەکتار-ئەکنجی، توانرا شوێنی کەوتنی هەلیکۆپتەرەکە بدۆزێتەوە، ئەم بابەتە بووە رۆژەڤ لە میدیاکانى ئەوروپا، لە رۆژنامەکانى سویسرا درۆنی تورکی بە رابەرى دنیا وەسف کراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button