بۆری گواستنەوەی غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ کەرکوک تەواوکراوە

زووم…

 

بۆری گواستنەوەی غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ کەرکوک تەواوکراوە، بڕیارێکی حکومەتی عێراقیش بۆ کڕینی غازی کۆرمۆر، حکومەتی هەرێمی نیگەران کردوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی عێراق راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی لەبارەی دابینكردنی غاز لە كۆمپانیای نەوتی هیلال بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک پەسەندکرد و ئاماژەی بەوە کردبوو، واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای هیلال بۆ گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک، بەگوێرەی یاسا و رێنماییەكان بووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە زووم لە سەرچاوەیەکی کۆمپانیای نەوتی باکور دەستیکەوتوە،  ئەو بۆرییەی بۆ گواستنەوەی غاز لە جەمبورەوە بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کەرکوک راکێشراوە و درێژییەکەی زیاتر لە کیلیۆمەترێکە، لەڕووی هونەرییەوە کارەکانی تەواو بووە و لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی نیە بۆ گواستنەوەی غاز.

سەرچاوەکەی زووم دەشڵێت، بۆری غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ جەمبور پێشتر راکێشراوەو بۆ گواستنەوەی غاز تەنها پێویستی بە پشکنی پێشوەختەیە.

رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی حکومەتی عێراق کە کڕینی بەرهەمی غازی کێڵگەی کۆرمۆری پەسەندکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و گوتی، بەرهەمی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر بەگوێرەی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم تەرخانكراوە بۆ كەرتی كارەبا، بۆیە هەر بڕە غازێك كە بەرهەمدێت نابێت بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێم بە هیچ لایەنێك بفرۆشرێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لەبارەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، گوتی، لە تاران بووە و ئاگای لێی نیە.

بەگوتەی سەرچاوەکەی زووم، پێش دەستپێکردنی گواستنەوەی غاز لەکێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک، پێوستە حکومەتی عێراق و کۆمپانیای دانا غاز رێکەوتن بکەن لەسەر ئەوەی رۆژانە چەند ملیۆن مەتر سێجا غاز لەڕێی بۆرییەکەوە بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک رەوانە بکرێت.

کڕینی غازی کۆرمۆر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەکاتێکدایە کە لەگەڵ کۆمپانیای غازی ئێرانی رێکەوتنێکی 5 ساڵەیان واژۆکردوە بۆ دابینکردنی 50 ملیۆن مەتر سێجای غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناوەڕاست و باشوری عێراق.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button