روسیا لە هەرێمی خارکیڤ پێشڕەوی زۆری کردووە بەڵام پوتین دەڵێت بەنیازی کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە نین

زووم…

 

هێرشی لەناکاوی هێزەکانی روسیا بۆسەر ناوچەی خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراین یەک هەفتەیە بەردەوامە و ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی روسیا کۆنتڕۆڵکردنەوەی 12 گوندی ناوچەکەی راگەیاند.

هەینی رابردوو هێرشەکە دەستیپێکرد، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هاربینی چین گوتی، هێرشەکانی سەر خارکیڤ هەنگاوێکی ناچاری وڵاتەکەیەتی بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنیی دابڕێنراو بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی ئۆکراین بۆ سەر خاکی روسیا بکرێت.

دەشڵێت، ئەوەی لە خارکیڤ روودەدات بەرپرسیارییەتیەکەی لە ئەستۆی ئۆکراینە، چونکە ئەو وڵاتە بەردەوام لەو ناوچەیەوە بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی روسیا و شاری بێلگۆرۆد دەکات.

بەڵام پوتین جەختیکردەوە لەم کاتەدا هیچ پلانێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شاری خارکیڤ نییە کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینە.

لە ماوەی رابردوودا چەندین جار سوپای ئۆکراین لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە خاکی روسیای کردووەتە ئامانج و هێرشی کردووەتە سەر وێستگە و پاڵاوگەکانی سوتەمەنی لە وڵاتەکە، ئەوەش وایکرد روسیا بیر لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی دابڕێنراو بکاتەوە بۆ رێگری لەو ‌هێرشانە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین سەرباری داننان بە زۆر سەختی دۆخەکە، بەڵام جەختیکردەوە کە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.

زێلێنسکی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازی گوتی، سەربازەکانیان زیانێکی زۆریان بە دوژمن گەیاندووە.

بەگوێرەی پەیمانگای ئەمریکی بۆ توێژینەوەی جەنگی، لە هەفتەی رابردوودا روسیا 287 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی خارکیڤ کۆنتڕۆڵکردووە، ئەوەش گەورەترین پێشڕەویی روسیایە لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودا.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button