فرۆشتنی دووپشک و ژەهرەکەی بوون بە دیاردە لە ئێراندا

زووم…

 

ئەگەر چاوێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بخشێنی، بە هەزاران وێنە و ڤیدیۆ دەبینی لەسەر بەخێوکردنی دووپشک و فرۆشتنی ژەهرەکەی، تا ئەو رادەیەی کە خولێکی ئابووری تەواو لە دەوری دووپشک لە ئێراندا دەستی پێکردووە.

هەندێک کەس فێرگەی بەخێوکردنی دووپشکیان داناوە و چۆنێتی دروستکردنی “کێڵگەی دووپشک”، بەدەستهێنانی ژەهر، ئامێری گرتنی ژەهر و تەنانەت چۆنیەتی فرۆشتنی ژەهر لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بە خەڵک دەفرۆشن.

زۆرێک لە خەڵک دەستیان بە راوکردنی دووپشکی زیندوو کردووە و لە هەموو کون و بەردێکدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی دووپشکێک بۆ ئەوەی بە کەمتر لە دۆلارێک بیفرۆشن.

لە راستیدا ژەهری دووپشک زۆر گرانە و کۆمپانیای “لاتۆکسان”ی فەرەنسی کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ژەهری دووپشک و مارە لە جیهاندا، هەر گرامێک بە دوو ملیۆن یۆرۆ دەفرۆشێت. بەڵام کەس “گرانترین شلەی جیهان” لە کەسانێکی ئاسایی ناکڕێت کە هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە ژەهری دووپشک چ فۆرمولاسیۆن یان کێشی گەردیلەییەکی هەیە و بە چەند لەسەدی پاکی؟ خەڵک لە ماڵەوە ئامێری زانینی ئەم زانیاریانەیان نییە و کەس ژەهر ناکڕێت بەبێ ئەوەی ئەم زانیارییە زانستییە وردە بزانێت.

لە ئێران هیچ یاسایەک نییە دژی بەخێوکردنی دووپشک، بەڵام هەموو ناوەندەکانی فێرکاری ژەهری دووپشک درۆیەک بە قوربانییەکانیان دەفرۆشن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەم زووانە بە بەخێوکردنی دووپشک دەوڵەمەند دەبن.

هەر خولێکی فێرکاری دوو رۆژ دەخایەنێت و هەر کەسێک دەبێت بڕی نزیکەی 100 دۆلار بدات و دواتریش دەبێت هەزار دووپشک بکڕێت بۆ دەستپێکردنی کێڵگە، ئەم پارەیە بە تەواوی دەچێتە گیرفانی بەڕێوەبەرانی ناوەندەکانی فێرکاری چونکە ئەم ناوەندانە هەروەها دووپشک و هەموو ئامێرە پێویستەکانیش بە خەڵک دەفرۆشێت و سوود لە هەژاری و بێکاری بەشێک لە خەڵک وەردەگرن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button