تازەترین ئامار: 10 کەس بەهۆی تەقینەوەکەی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە

زووم، سلێمانی:

بەگوێرەی تازەترین ئامار، تاوەکو ئێستا 10 کەس بەهۆی تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانییەوە گیانیان لەدەستداوە و 13ی دیکە برینداربوون، زیاتر لە 12 کاتژمێریشە تیمەکانی بەرگری و فریاکەوتن سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ئەو کەسانەی لەژێر خانووە رووخاوەکەدان.

تەقینەوەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 7:40 خولەکی ئێوارەی پێنجشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2022 روویدا، بەهۆی لێچوونی غازەوە بووە لە ماڵەکەدا.

تەقینەوەکە هێندە بەهێز بوو، دەمودەست خانووەکەی رووخاندووە، زیانی بە چەند دراوسێیەکیش گەیاندووە.

ئەوکاتەی تەقینەوەکە روویداوە، وەستایەکی شۆڤاژ بەناوی حسێن گوڵکار، کە خەڵکی رۆژهەلاتی کوردستان بووە لەنێو ماڵەکەدا سەرقاڵی کارکردن بووە، دواتر بە مردوویی لەژێر داروپەردوی خانووەکەدا دەرهێنرا.

ئەو ماڵەی تەقینەوەکەی تێدا روویدا، کۆبوونەوەیەکی خێزانییان هەبووە، ئاهەنگی لەدایکبوونیان بۆ یەکێک لە منداڵەکانیان کردووە. خوشک و برا، برازا و خوشکەزاکان پێکەوە کاتەکانیان بەسەربردووە، لەناکاو دەنگی تەقینەوەکە هەموو شتێکی لێ تێکداون.

لە کاتژمێرەکانی یەکەمی رووداوەکەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لە شوێنی تەقینەوەکە دروستبوو، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە و تیمەکانی بەرگری و فریاکەوتنی سلێمانییش گەیشتن و دەستیان بە گەڕان کرد بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی گومان دەکرا لە ژێر داروپەردووی خانووەکەدا بن.

چەند کاتژمێرێکیش پاش تەقینەوەکە، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان پەیامی هاوخەمییان نارد و داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کرد هەرچی پێویستە بیکەن بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.

تاوەکو ئێستاش کە زیاتر لە 12 کاتژمێر بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button