سەختیی ژیان و کەمیی موچە پەرستارانی ئێرانی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ کردوە.

زووم…

 

لە ئێران سەختی کار و داهاتی کەم بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و زیادبوونی دەستلەکارکێشانەوەی گروپی پەرستاران لە ناوەندە پزیشکییەکان.

پەرستارانی ئێران کە نزیکەی %80یان ژنانن وەک ناڕەزایەتی لە چەند مانگی رابردوودا لە چەندین نەخۆشخانە بە کۆمەڵ دەستیان لە کارکێشاوەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، بە گشتی 220 هەزار پەرستار لە نزیکەی هەزار نەخۆشخانەی حکومی و ئەهلی لە ئێران کار دەکەن.

ئامارەکانی ئەنجومەنی باڵای پزیشکی ئاماژە بەوە دەکەن، کە پێویستە لانیکەم 100 هەزار پەرستاری دیکە “دەستبەجێ” دابمەزرێن، ئەمە لە کاتێکدایە کە وازهێنان لە کار بەهۆی سەختی و کەمی حەقدەست لە ئێران ساڵانە نزیکەی 33 هەزارە و هەروەها نزیکەی شەش هەزار پەرستار ساڵانە خانەنشین دەبن و سێ هەزاریش کۆچ دەکەن.

پەرستاران بە تێکڕا مانگانە 12 ملیۆن داهاتیان هەیە، کە بە کاری زیادە دەگاتە 14 ملیۆن کە نزیکەی 200 دۆلارە، ئەمە لە کاتێکدایە داهاتی کەمتر لە 500 دۆلار لەژێر هێڵی هەژاریدایە.

حسێن قەناعەتی، بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران، هۆکاری کۆچی پەرستاران لە شارە گەورەکانەوە بە تێچووی ژیان دەزانێت و دەڵێت بە مووچەی 200 دۆلار کە پەرستاران وەریدەگرن، بەرگەی تێچووی ژیان لە تاران ناگرن و کاتێک مووچەی پەرستارێک کەمتر بێت لە هێڵی هەژاری؛ ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت پەرستاران ئامادەبن بۆ خزمەتکردن، لە کاتێکدا ئەگەر هەمان پەرستار بچنە وڵاتانی عەرەبی، مووچەی مانگانەیان 10 هێندە زیاتر دەبێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button