دوو موشەکی “سیحریی” خەریکن ئاڕاستەی جەنگی ئۆکراین بۆ شوێنێکی دیکە دەبەن

زووم، ئاژانسەکان:

کەوتنە خوارەوەی دوو موشەکەکە لەخاکی پۆڵەندا، جێبایەخی سەرەکی میدیا و رۆژنامە نێودەوڵەتیەکان بوو، ئێستاش مەترسی لەئارادایە کە جەنگی ئۆکراین فراوان ببێت و بگۆڕدرێت بۆ بۆ روبەڕوبوونەوەی سەربازیی لە نێوان روسیا و ناتۆ.

رۆژنامەیەکی روسی نوسیویەتی؛ کەوتنە خوارەوەی ئەو دوو موشەکە، راگرە سەربازیی و سیستەمەکانی بەرگریی ناتۆی خستووەتە ژێر پرسیارەوە!

رۆژی سێشەممەی رابردوو، دوو موشەک لەنێو خاکی پۆڵەندا کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگیرییەکان تاوەکو ئێستا سەرچاوەی ئەو موشەکانە نادیارن. هەرچەندە گومانەکان لەسەر روسیا بوون، بەڵام مۆسکۆ رەتیکردەوە کە موشەکی ئاراستەی پۆڵەندا کردبێت، رۆژنامەی گاردیان نوسیویەتی؛ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە گوتوویەتی، ئەو موشەکانە لەروسیاوە ئاڕاستەی پۆڵەندا نەکراون.

بەگوێرەی شکارییەکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە ئەو موشەکانە لە چی ناوچەیەکەوە ئاڕاستەی پۆڵەندا کراون. ئەنجامەکانی راپرسییەک، کە گاردیان بڵاویکردووەتەوە، دەریدەخات 84%ی دانیشتوانی پۆڵەندا ترسیان هەیە ئاگری جەنگەکەی ئۆکراین وڵاتەکەیان بگرێتەوە.

بەگوێرەی مادەی پێنج لە پەیماننامەی ناتۆ، هێرشکردنە سەر وڵاتێکی ئەندام بەمانای هێرش دێت بۆ سەر تەواوی ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە رێکخراوەکەدا.

هاوکات، فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا چەندجارێک لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا و بە دیاریکراوی سنوری ئاسمانی دانیمارک و سوید-یان بەزاندوە.

رۆژنامەی موسکۆفسکی روسی، بابەتێکی بڵاوکردوەتەوە، بەناونیشانی، کەوتنە خوارەوەی موشەکە ئۆکراینییەکان لەخاکی پۆڵەندا، شکستی سیستەمی بەرگریی ناتۆ دەسەلمێنێت، ئەوەش لەکاتێکدا بەگوتەی فەرماندە باڵاکانی ناتۆ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ناتۆ لەئاستێکی هێندە بەرز و پێشکەوتوودایە، کە هیچ موشەکێک لەتوانایدا نیە، بیبەزێنێت.

سیستەمی بەرگریی ناتۆ لەکوێ بوو، کاتێک موشەکە ئۆکراینییەکان سنوری ئاسمانی پۆڵەندایان بەزاند؟

رۆژنامە روسییەکە، دەپرسێت؛ ئایا سیستەمی بەرگریی ناتۆ لەکوێ بوو، کاتێک موشەکە ئۆکراینییەکان سنوری ئاسمانی پۆڵەندایان بەزاند؟

سێرگی خاتیلیڤ فەرماندەی پێشوی سیستەمی دژە موشەکی سوپای روسیا، لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت، موشەکە ئۆکراینییەکان لەجۆری موشەکی ئێس -300 بوون، لەڕووی قەبارەوە گەورەن بۆیە بەئاسانی لەسیستەمە بەرگرییەکانی ناتۆ و دەزگاکانی چاودێریدا دەبینرێن، بۆیە لەکاتی نزیکبوونەوەی هەر موشەکێک دەبێت دژە موشەکەکانی سیستەمی بەرگریی ناتۆ پێشی پێبگرن و بەزووترین کات بیتەقێننەوە.

نوێنەرانی ناتۆ دەڵێن، فڕۆکە هەواڵگرییەکانیان کە بەشێوەیەکی چڕوبەردەوام بەئاسمانی پۆڵەندادا دەسوڕێنەوە، هیچ موشەکێکی روسییان بەدی نەکردووە کە ئاڕاستەی خاکی پۆڵەندا کرابێت.

وەکو رۆژنامە روسیەکە لەزاری چەند پسپۆڕێکی سەربازییەوە گواستویەتیەوە، فەرماندە و مارشاڵە پۆڵەندی و ئەمریکییەکان لە دۆخێکی نەخوازراودان، بەتایبەت دوای ئەوەی دانیان بەوەدا نا کە هیچ موشەکێکی زیرەک و پێشکەوتووی روسیایان بەدی نەکردووە، تەنانەت موشەکی ئۆکراینیشیان بەرچاو نەکەوتووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button