بۆیەکەمجارە لە عێراق یاسایەک گەڵاڵە دەکرێت، تاوانبار دەتوانێت بە پارە، خۆی لە زیندان رزگار بکات و ئازادی بکڕێتەوە

زووم…

 

پرۆژەیاساکە ئێستا لەبەرنامەی کاری پەرلەماندایە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، لە 10 مادە دا، مەرج و وردەکارییەکان باسکراون، ئەوانەش دیاریکراون یاساکە نایانگرێتەوە.

بە گوێرەی ئەم پرۆژەیاسایە، هەر تاوانبارێک سزاکەی لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و ماوەی سێ مانگی لە سزاکەی تەواوکردبێت، دەتوانێت داوا لە دادگا بکات سزاکەی بۆ بگۆڕێت بە سزای دارایی، بۆ هەر رۆژێک 10 هەزار دینار.

دەبێت، تاوانبار پارەکە بە یەکجار بدات بە دادگا، بخرێتە گەنجینەی دەوڵەتەوە، دواتر ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، ئازادکراو تاوانێکی بە مەبەست ئەنجامبدات، دەخرێتەوە زیندان، بەبێئەوەی مافی وەرگرتنەوەی پارەکەی هەبێت.

بەڵام پرۆژەیاساکە 11 جۆر تاوانی دیاریکردووە، کە لەم دەرفەتە سودمەند نابن، ئەوانەی بێبەشکراون، بریتین لە:

کەسێک بە گەندەڵی لە داهاتی گشتیی تاوانبار کرابێت

ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن

ئەوانەی پێشتر لە لێبوردنی گشتی سودمەندبوون

ئەو تاوانانەی مەترسیان بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی هەیە

کەسێک لە سپیکردنەوەی پارە تێوەگلابێت

تاونبارێک دەستدرێژی سێکسی،  نێربازی، زینای مەحرەمی ئەنجامدابێت

تاوانێک یاسای لەشفرۆشی بیگرێتەوە

بارزگانیکردن یاخود هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی بێدەنگ

تاوانی هاوکاریکردنی هەڵاتنی زیندانی و شاردنەوەی تاوانباران، بەڵام ئەگەر لە کەسی یەکەم و دووەم نەبێت

تاوانبارانی دزینی ئاسەوار

ئەوانەی بازرگانی مرۆڤەوە دەکەن

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، تاوانبار بەرلەئەوەی ئازاد بکرێت، پێویستە قەرەبووی تەواوی قوربانی کردبێت و مافی کەسی لەسەر نەمابێت.

پرۆژەکە دەڵێت، ئەو پارەیەى لە بەرامبەر ئازادکردنی تاوانباران کۆدەکرێتەوە، بەکاردەهێنرێت بۆ کردنەوەی سەنتەری چارەسەری ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر.

یەکێک لە هۆکارەکانی گەڵاڵەکردنی ئەم یاسایە لە عێراق، بریتییە لە کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی و فشاری سەر گرتوخانەکان، هەروەها وەکو جێگرەوەیەک بۆ لێبوردنی گشتی خراوەتەروو، کە بەهۆی ناکۆکی سونە و شیعەکانەوە، تائێستا رووناکی نەبینیوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button