پشت پەردەی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ

 

زووم، ئاژانسەکان:

پێنج رۆژ بەسەر تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ تێدەپەڕێت کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی 81ى دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە رۆژەڤی سیاسەتی تورکیادایە.

چەند کاتژمێرێک پاش تەقینەوەکە، بەرپرسانی تورکیا، ئۆباڵی تەقینەوەکەیان خستە ئەستۆی پەکەکە/ هەپەگە/ پەیەدە/یەپەگە، بەڵام ئەو لایەنانە بە هەموو شێوەیەک رەتیانکردەوە کە دەستیان لەم تەقینەوەیەدا هەبێت و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیان ئیدانە کرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەستەنبوڵ، بەشێک لە گوتەکانی ئەحلام ئەلبەشیری بڵاوکردەوە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى تورکیاوە  وەکو ئەنجامدەرى تەقینەوەکە ناسێندراوە و لە شوقەیەکی ناوچەی کوچوکچەکمەجەی ئەستەنبوڵ دەستگیرکراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئەستەنبوڵ، ئەحلام ئەلبەشیر دانی بەوەداناوە کە ئەندامی پەکەکەیە و بەپێی رێنماییەکان کەسێک بە ناوی ‘حاجی’ کە لە کۆبانێ دەمێنێتەوە، تەقینەوەکەی ئەنجامداوە.

هەرچەندە تورکیا بە هەموو شێوەیەک پەکەکە تۆمەتبار دەکات، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵ و لێدوانی هەندێک کەسایەتی و رۆژنامەوان، نیشانەی پرسیاریان لەسەر قسەی بەرپرس و دەزگا ئەمنیەکانی تورکیا دروست کردووە.

رۆژنامەوان بارش پەهلیوان لە گوتارێکدا کە لە رۆژنامەی جمهوریەتی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بڵاکراوەتەوە، بە سێ پرسیار گومانەکانی لەبارەی ئەنجامدەری تەقینەوەکە دەربڕیوە و دەڵێت:

ئەحلام ئەلبەشیر کە هێرشە تیرۆریستییەکەی تەقسیمى ئەنجامدا، لە ماوەیەکی کورتدا دەستگیرکرا، راگەیەندرا کە 1200 کامێرای ئەمنی بۆ ئەم مەبەستە پشکنینیان بۆ کراوە، ناوی ئەو تیرۆریستەی کە یاوەری هێرشبەرەکەی کردووە ‘بیلالە’، باشە ئەو بیلالە لە کوێیە و تاوەکو ئێستا بۆچی وێنەیەکی بڵاونەکراوەتەوە.

پۆلیس رایگەیاند کە پەکەکە هێرشەکەی ئەنجامداوە، ئایا سەیر نییە کە ئەو 48 کەسەی دەستگیرکراون، بیانین کە بەپێی هەندێک میدیا، هەمووان عەرەبن.

راگەیەندراوە کە هێرشبەرەکە بەشێوەیەکی نایاسایی لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو تورکیاوە، باشە ئایا دەکرێت ئیدلب خاڵی هاتنە ژوورەوەی راستەقینە بێت نەک عەفرین؟

لەلایەکی دیکەوە، کەسێکی دیکە بە ناوی عەمار جەگەز دەستگیرکراوە کە وێنە و ناسنامەکەی لە زۆربەی ماڵپەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە.

ئاشکرا بووە کە عەمار جەرگەز عەرەبی سوریایە و ساڵێکە لە ئەستەنبوڵ کۆمپانیایەکی بەناوی ‘زراک رەنت ئە کار’ دامەزراندووە.

چەندین وێنەی ئەو کەسەش بڵاوکراوەتەوە کە لە ئەکاونتی فەیسبوکەکەی وەرگیراون و بەپێی ئەو جلوبەرگە سەربازیی و ئەو تانکانەی کە وێنەی لەگەڵیاندا گرتووە، سەر بە سوپای ئازادی سوریایە.

محەمەد ئاکتا، سەرۆکی فیدراسیۆنی گشتی نێودەوڵەتی رێکخراوە مەدەنییەکانی تورکیا کە رێکخراوە مەدەنییەکانی سوریا لە تورکیاش ئەندامن تێیدا راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ بڵاوکردەوە و گوتویەتى ” ئایا بینراوە کە پەکەکە هاوڵاتی عەرەبی سوریا لە هێرشەکانیدا بەکاربهێنێت؟ من بڕا ناکەم.

کەناڵی ئێن تی ڤی تورکیش، لەلایەکی دیکەوە رۆژێک دوای تەقینەوەکە، هەواڵێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە محەمەد ئەمین ئیلهان، سەرۆکی رێکخستنی پارتی گەلی کۆماری لە ناوچە گوچلوکۆنانی شڕنەخ بەر لە تەقینەوەکە بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحلام ئەلبەشیر ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ قسەی کردووە.

بۆیەش ئیلهان لەلایەن بەڕێوەبەری جەندرمەی ناوچەکە وتەی لێوەرگیراوە، بەڵام وردەکاری وتەکانی بڵاونەکراوەتەوە.

هەروەها گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی لیژنەى بودجە لە پەرلەمانی تورکیاش تەقینەوەکەی وەک گورزێک لە پرۆسەی ئاساییکردنی پەیوەندیە چەقبەستووەکانی نێوان لایەنەکان لەقەڵەمدا و ئەوەی ئاشکراکرد کە حکومەت هەندێک هەنگاوی بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخە چەقبەستووەکەی تورکیاناوە و ئەم تەقینەوەیە گورزێکە لە پرۆسەی ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکانی تورکیا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا لە زیندانی ئەدرنەدایە، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ناوەندی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پەکەکە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی نەتەوەیی (پەیەدە) و زۆر کەسایەتی و لایەنی دیکەی کوردی، لێدوان و راگەیەندراویان لەبارەی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ بڵاوکردەوە، بەگوێرەی بۆچوونی ئەو لایەنانە، تورکیا دەیەوێت بە تۆمەتبارکردنی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە، زەمینەی هێرش و لەشکرکێشیەکی نوێ بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان بڕەخسێنێت.

دوێنێ 16ی تشرینی دووەمی 2022، بەرپرسێکی باڵای تورکیا کە ناوەکەی ئاشكرا نەکردووە، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، کە دوای ئۆپراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، تورکیا پلانی هەیە، ئۆپراسیۆنێکی فراوان بۆ باکوری سوریا کە مەبەست لێی رۆژئاڤای کوردستانە دەست پێبکات.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button