بەشێک لە وڵاتان رەخنە لە ڤیتۆکردنی ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەگرن

زووم…

 

ڤیتۆکردنی پرۆژەبڕیاری ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکاوە، کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی بە دوای خۆیدا هێنا.

لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و رەتکردنەوەی ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان، راستەوخۆ دەسەڵاتی فەڵەستین لە راگەیەنراوێکدا کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووتەوە، سەرکۆنەی هەڵوێستەکەی ئەمریکای کرد و بە “دوژمنکارانە” ناویبرد، دەشڵێت ئەو هەنگاوە ناوچەکە بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەبات.

هاوکات ریاز مەنسور، نوێنەری فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، رەتکردنەوەی ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئیرادەیان ناشکێنێت و سووربوونیان لەسەر ئەو پرسە راناگرێت.

لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا، سعودیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێگریکردن لە قبووڵکردنی ئەندامێتیی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان، دەبێتە هۆکاری درێژەدان بە دەستدرێژی و داگیرکاریی ئیسرائیل و پێشێلکارییەکان، ئەوەش بە هیچ جۆرێک ئاشتى فەراهەم ناکات.

بەگوێرەی هەوڵێکی فرانس پرێس، فو کۆنگ، نوێنەری چین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە بۆ فەڵەستینییەکان و ڤیتۆی ئەمریکا نائومێدکەرە و خەونی فەڵەستینییەکان لەنێو دەبات.

بزوتنەوەی حەماسیش، سەرکۆنەی بەکارهێنانی ڤیتۆی ئەمریکای بۆ ئەندامێتیی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و دەڵێت، ئەو هەڵوێستە دەبێتە هۆی دابڕینی ئەمریکا لە بازنەی نێودەوڵەتی.

هەروەها هەریەک لە وەزارەتەکانی دەرەوەی، میسر، ئۆردن و ئێرلەندا لە راگەیەنراوی جیادا سەرکۆنەی ڤیتۆکەی ئەمریکایان کردووە و نیگەرانیی خۆیان لەو هەڵوێستە دەربڕیوە.

رۆبێرت وود، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ڤیتۆکردنی ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە مانای دژایەتیی دەوڵەتی فەلەستین نایەت، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەوەی دەوڵەتی فەڵەستین بەبێ دانوستانی راستەوخۆی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دانامەزرێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button