مرۆڤایەتی توشی قەیرانی وەچەخستنەوە دەبێتەوە

بەپێی توێژینەوەیەک دەرکەوتووە کە ژمارەی سپێرمی مرۆڤ بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی کەمبوونەوەی وەچەخستنەوە ئەگەر هەنگاوی پێویست نەنرێت.

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری (دوایین گۆڕانکاریی لە وەچەخستنەوەی مرۆڤ) Human Reproduction Update بڵاوکراوەتەوە، کە لێکۆڵینەوەی لەسەر لەسەر 153 پیاو کردووە بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی ئەوەیان هەبێت کە ناتوانن وەچە بخەنەوە.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە تێکڕای چڕیی سپێرم لە 101.2 ملیۆن سپێرم بۆ هەر میلیلیترێک بۆ 49.0 ملیۆن سپێرم بۆ هەر میلیلیترێک لە نێوان ساڵانی 1973 بۆ 2018 دابەزیوە کە دەکاتە رێژەی لەسەدا 51.6%.

لە توێژینەوەکانی هەمان تیم کە لە ساڵی 2017دا  بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە چڕیی سپێرم لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە نیوە دابەزیوە.

چڕیی سپێرم لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە نیوە دابەزیوە

بەڵام لەو کاتەدا کەمی داتا بۆ بەشەکانی تری جیهان وایکردبوو کە دۆزینەوەکان تەنها لەسەر چەند ناوچەیەک چڕکرابوونەوە کە ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیای لەخۆدەگرت. بەڵام ئەم دوایین توێژینەوەیە داتای نوێی 53 وڵاتی جیهانی لەخۆگرتووە.

لە دوایین توێژینەوەدا، دابەزینی چڕیی سپێرم نەک تەنها لەو ناوچەیەی کە پێشتر لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەڵکو لە ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، ئەفریقا و ئاسیاشدا بەدیکراوە.

جگە لەوەش پێدەچێت ڕێژەی دابەزینی سپێرم لە زیادبووندا بێت: بە سەیرکردنی ئەو زانیاریانەی کە لە ساڵی 1972ەوە لە هەموو کیشوەرەکاندا کۆکراونەتەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە چڕیی سپێرمەکان لە هەر ساڵێکدا بە ڕێژەی 1.16% دابەزیوە.

بەڵام کاتێک تەنها سەیری ئەو زانیاریانەیان کرد کە لە ساڵی 2000ەوە کۆکراونەتەوە، دابەزینەکە 2.64% بووە لە ساڵێکدا. ئەمەش مانای وایە لەدوای ساڵی 2000ەوە رێژی دابەزینی سپێرم دوو هێندەی پێش خۆیەتی و بەردەوام لە دابەزیندایە.

 

پڕۆفیسۆر هاگای لیڤین، یەکەم توێژەری توێژینەوەکە لە زانکۆی عیبری قودس ئاماژەی بەوەکردووە: “شتێک لەسەر زەویدا هەڵەیە و پێویستە هەنگاوی لەبارەیەوە بنێین. پێموایە ئەوە قەیرانێکە دەبێت ئێستا ڕووبەڕووی ببینەوە، پێش ئەوەی بگاتە خاڵێکی وەرچەرخان کە ڕەنگە گەڕانەوە تێیدا مەحاڵ بێت.”

لە کاتێکدا ڕوون نییە کە ڕەنگە چی لە پشت ئەو دابەزینەوە بێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ڕەنگە هۆکارەکانی وەک جگەرەکێشان، خواردنەوەی ماددە کهولییەکان، قەڵەوی و خراپی خۆراکیش ڕۆڵیان هەبێت، هەروەها ڕەنگە شێوازی ژیانی تەندروست یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی سپێرمەکان.

پڕۆفیسۆر ڕیچارد شارپ، پسپۆڕی تەندروستی زاوزێی پیاوان لە زانکۆی ئیدنبرە ڕایگەیاند، داتا نوێیەکان دەریدەخەن کە پێدەچێت ئەو دابەزینە دیاردەیەکی جیهانی بێت.

شارپ وتی دابەزینەکە مانای ئەوەیە کە هاوسەرەکان پێویستییان بە کاتی زیاتر دەبێت تا دووگیان دەبن و بۆ زۆر کەس کات لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە چونکە بەشێکی خەڵکی خۆیان هەوڵی دووگیانبوون دوادەخەن تاوەکو ژنەکە دەگاتە تەمەنی 30 یان 40 ساڵی، لەکاتێکدا خۆی توانای منداڵبوونەکەی پێشتر کەمبووەتەوە.

شارپ وتیشی: “ئەم پرسانە تەنها کێشەیەک نین بۆ ئەو هاوسەرانەی کە لە ئێستاداهەوڵی منداڵبوون دەدەن. لە 50 ساڵی داهاتوودا کێشەکە کاریگەریی زیاتر دەردەکەوێت چونکە هێزی کار و گەنجان کەمتر و کەمتر لە کۆمەڵگاکاندا دەبینرێن.”

شتێک لەسەر زەویدا هەڵەیە و پێویستە هەنگاوی لەبارەیەوە بنێین

هەواڵی زیاتر

Back to top button