هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەنێوان ئەنجامدان و دواخستنیدا

زووم:

ئەوان قسە و هەڵوێستی خۆیان باش ئامادەکردبوو بۆ رۆژنامەنووسان کاتێک بەشداری دیداری سلێمانی بوون، چونکە دەیانزانی یەکەم پرسیار لێیان دەکرێت، ئەنجامدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت کە 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ دیاریکراوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە خۆی وادەکەی ئامادەکردووە جەخت لە ئەنجامدانی دەکاتەوە بەڵام بە شێوەیەک هەموو لایەک لێی رازی بن و گوتی، تەنها بە یەکگرتوویی دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، کە ئەمەش داوایەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان و رازیکردنی دڵی پارتی کە بەهۆی چەند داواکاری و تێبینییەکەوە بایکۆتی کردووە.

بەڵام بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە بە وەڵامە کورتەکانی جەخت دەکاتەوە پرۆسەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئامادەیی حزبەکەشی راگەیاند بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆکایەتی هەرێم سەرۆکاریی بکات.

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل نائومێدانە لە پرسەکە دەڕوانێت و پێی وایە هەڵبژاردن دوادەخرێت، چونکە یەکێتی بوێری ئەوەی نییە هەڵبژاردن بکات بەبێ بەشداری پارتی، کاتێک وەڵام رۆژنامەنووسانی دایەوە. بەڵام لاهوڕ شێخ جەنگی جەختی لەوەشکردەوە پێویستە یەکێتی و پارتی چیتر هەڵبژاردن دوانەخەن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش سەرباری جەختکردنەوە لە ئامادەیی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن هۆشداری دا، دواخستنی پرۆسەکە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

بۆ یەکلاییکردنەوە ئەم بێنە و بەردەش، بە گوتەی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هەرێم سەبارەت بەو پرسە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button