فۆربس: خستنەخوارەوەی مووشەکێک لە هەولێر ئاماژەیە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت لە هەرێمی کوردستان

زووم…

 

خستنەخوارەوەی مووشەکێکی بالستیی ئێرانی لە ئاسمانی قەزای سۆران لە هەولێر ئاماژەیە بە جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی فۆربس.

شەوی شەممەی رابردوو، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق تێپەربوونی دەیان مووشەک و درۆنی ئێرانیان بینی کە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوون، مووشەکێکی درێژ و زەبەلاح لە جۆری پاوە لە گوندی ئاکۆیانی سەر بە رەواندوز لە قەزاری سۆران خرایەخوارەوە.

ئەمریکا بە چڕی بەشداری لە بەرپەچدانەوەی هێرشەکە کرد و رایگەیاند، زیاتر لە 80 مووشەک و درۆنیان تێکشکاندووە، فۆربس دەڵێت، ئەوە لەڕێگەی سیستەمی بەرگریی پاتریۆتەوە بووە کە ئەمریکییەکان لە هەولێر جێگیریان کردووە.

دەشڵێت، نە فڕۆکە جەنگی و نە سیستەمی سی رام کە بۆ بەرپەچدانەوەی مووشەکی بچووک و کورتمەودوا بەکاردێت و چەند ساڵێکە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر جێگیراوە، ناتوانن ئەو مووشەکە بالستییە بخەنەخوارەوە.

کەواتە، بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمریکا سیستەمەکەی لە هەولێر جێگیرکردووە، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەم ئەمریکا و هەمیش حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئێران و بریکارەکانی، وەک چۆن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی کۆتایی شوباتی رابردووی بۆ ئەمریکا، جەختی کردووەتەوە.

مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز بە ئاماژەدان بە هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆسەر ماڵی پێشڕەو دزەیی کرد گوتی، “ئێمە توانای بەرگریکردن لە خۆمان نییە، بۆیە پێویستمان بە پشتگیری زیاتری ئەمریکا هەیە، مەبەستم ناردنی هێزی زیاتری ئەمریکا نییە، بەڵکو توانایی سەربازیی زیاترمان دەوێت.”

پێشتر و لە ساڵی 2020دا ئەمریکا سیستەمی پاتریۆتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جێگیر کرد پاش ئەوەی لە بەغداد قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی کوشت، بەڵام جێگیرکردنەکە کاتی بوو.

فۆربس جەختدەکاتەوە کە نازانێت کەی سیستەمەکە جێگیرکراوە، بەڵام دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەش پێناچێت بەمزووانە رووبدات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button