بایدن ستایشی رێککەوتنی هەرێم و بەغدادی کرد: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت

زووم..

 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رێککەوتنی هەرێم و بەغداد، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ تورکیا و پاڵپشتیکردنی بانکی ناوەندیی عێراق لە چاکسازییەکانی بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی شاندی عێراق و ئەمریکا بوون لە کۆشکی سپی.

بەگوێرەی راگەیەنراوی هاوبەشی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، بە تایبەت محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بایدن ستایشی هەوڵەکانی بەغداد و هەولێری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بە تایبەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هانی هەردوولاشی داوە بەو ئاڕاستەیە بەردەوام بن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق راگەیەنراوی هاوبەشی سودانی و بایدنی لە دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لە کۆشکی سپی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە بۆ گرەنتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی گەلی عێراق.

 

بایدن جەختی لە پشتیوانی واشنتن بۆ چەسپاندنی دیموکراسی لە عێراق کردووەتەوە بە تایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و شەفاف لە هەرێمی کوردستان، بەڵام جەختی لەسەر کاتەکەی نەکردووەتەوە کە 10ـی حوزەیرانە.
لەبارەی پرسی وزەشەوە، سودانی و بایدن لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگی گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕە جیهانییەکان کردووەتەوە، خواستی خۆیان بۆ دووبارە کردنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا پیشانداوە، هەرزوو کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتیی کوردستان (ئەپیکۆر) کە چەترێکە بۆ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە بەرهەمهێنان لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن خۆشحاڵی خۆیان بە هەڵوێستەکەی بایدن دەربڕی.

هەروەها بایدن و سودانی جەختیانکردووەتەوە لەسەر هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بە ئاڕاستەی چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکی وڵاتەکە کە هاوکاری دەکات پەیوەست بێت بە ئابووری نێودەوڵەتی و گەلی عێراق لە کاریگەرییە خراپەکانی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەپارێزێت.

دەشڵێت، بایدن و سودانی پابەندی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی بانکی ناوەندیی عێراق دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنان بە سەکۆی مەزادی ئەلیکترۆنیی گواستنەوەی پارە لە ساڵی 2024ـدا لەڕێگەی مامەڵەی راستەوخۆی نێوان بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی عێراق و بانکە جیهانییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، ئەوەش عێراق دەبەستێتەوە بە سیستەمی ئابووریی نێودەوڵەتییەوە.
لە بارەی دۆخی ئەمنییەوە، سودانی و بایدن پابەندی خۆیان بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دووپاتکردووەتەوە، هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی پێویستە سوپای عێراق توانای ئەوەی هەبێت رێگری لە دووبارە گەڕانەوەی داعش و رێکخستنەوەی ریزەکانی لە ناو عێراق بکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button