ئەمڕۆ سودانی لە کۆشکی سپی چاوی بە بایدن دەکەوێت

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح

ئەمڕۆ سودانی لە کۆشکی سپی چاوی بە بایدن دەکەوێت

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی چاوی بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێت و لە دیدارێکدا چەند تەوەرێکی گرنگی سیاسی، ئابووری و ئەمنی تاوتوێ دەکەن، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی رێگەچارەیەک بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ستراتیجیی نێوان دوو وڵاتەکە دەکەن.

شەرقولئەوسەت

ئیسرائیل تاوتوێی وەڵامدانەوەی هێرشی ئێران دەکات و ئەمریکا بەشداری ناکات

لە کاتێکدا ئیسرائیل تاوتوێی وەڵامی خۆی بۆ هێرشەکەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی ئێران دەکات کە بە زیاتر لە 300 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردەسەر وڵاتەکەی، ئەمریکا ئامۆژگاریی ئیسرائیل دەکات وەڵامی هێرشەکانی ئێران نەداتەوە و دەشڵێت، بەشداری لە هیچ وەڵامدانەوەیەکدا ناکات.

عەرەب

ئێران چۆن پاساو بۆ شکستی ئەو هێرشە دەهێنێتەوە کە هیچ زیانێکی بە ئیسرائیل نەگەیاند

تاران لە هێرشەکەیدا بۆسەر ئیسرائیل دەڵێت، گوایە چەندین ئامانجی گرنگی پێکاوە، کەچی هیچ ئاماژەیەک بە زیانی روون و ئاشکرا ناکات. ئیسرائیل توانیویەتی %90ـی مووشەک و درۆنەکانی ئیسرائیل تێکبشکێنێت، هەرچەندە ئێران بەناڕوونی دەڵێت زیانێکی زۆری بە چەند پێگەیەکی ئیسرائیل گەیاندووە، بەڵام ئیسرائیل دڵنیای دەکاتەوە زیانەکان ئەوەندە کەمن شایەنی باس نین.

قودسی عەرەبی

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی سندووقی هاوکارییەکان منداڵێک لە غەزە گیانیلەدەستدا

منداڵێک لە غەزە بە ناوی زین مەحمود بەهۆی کەوتنەخوارەوەی سندووقی هاوکارییەکان بەسەریدا گیانی لەدەستداوە و سیانی دیکەش لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سندووقەکان بریندار بوون.
لەم دواییانە بەهۆی ئەوەی هاوکارییەکان بەشێوەی خستنەخوارەوە گەیەندراون بە غەزە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی غەزە گیانیان لەدەستداوە یاخود بریندار بوون.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی مەیل

کاتی ئەوە هاتووە جیهان رووبەڕووی ئیمپراتۆرییەتە شەڕەنگێزەکەی تاران ببێتەوە
شەوی رابردوو ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە دەبێت ئێران باجی تەواوی ئەو هێرشە لە ناکاوە درۆنیی و موشەکییەی بدات، کە کردنیە سەر ئاسمانی ئیسرائیل.
شەوی شەممە ئێران موشەکبارانێکی بوێرانەی ئیسرائیلی کرد، بەڵام لەسەر داوای جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ئیسرائیل خۆیی لەوە لادا بکەوێتە ناو گۆمی وەڵامدانەوەی خێراوە. سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن خۆگر دەبن و دەیانەوێت پرس و راوێژ لەگەڵ دۆستەکانی خۆیان لە رۆژئاوا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بکەن، ئەمجا وەڵامی دروستی هێرشەکە بدەنەوە.


تایمز

لەوانەیە بەریتانیا هەوڵبدات پەنابەرەکان بنێرێت بۆ کۆستەریکا
بەگوێرەى ئەو بەڵگانەی کەوتونەتە بەردەست، وڵاتی بەریتانیا لە هەوڵی ئەوەدایە، لە بریی رواندا وڵاتێکی دیکە بدۆزێتەوە، بۆئەوەی پەنابەرە تازەهاتووەکان رەوانە بکات بۆئەوێ.
لەم رووەوە گفتوگۆی لەگەڵ وڵاتەکانی ئەرمینیا، کەناری ئیڤۆری، کۆستەریکا و بۆتسوانادا کردووە.
هاوکات گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەى ناوچەی باشووری کیشوەری ئەمریکای وەک ئەکوادۆر، پەرەگوای، پیرۆ و بەرازیل و کۆڵۆمبیاشدا کراوە، بەڵام ئەوان بە پیری داواکەی بەریتانیاوە نەچوون.

 


دەیلی تەلەگراف

ژمارەی ئەمڕۆی دەیلی تەلەگراف دیدارێکی لەگەڵ سەلمان رووشدیی نووسەری هیندیدا کردووە، کە چەندجارێک هەوڵی کوشتنی دراوە، سەلمان لەو دیدارەدا گوتویەتی، کە ئەگەر ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، ئەم دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، بۆئەوەی لەوێ بژی. سەلمان مەترسیی ئەوەی هەیە، کە پاش بردنەوەی ترامپ، ئەمریکا کەڵکی ژیان و گوزەران کردنی بۆ نوسەرێکی وەک ئەو تێیدا نەمێنێت. هەر لەم دیدارەد سەلمان باسی دووایین هێرش دەکات کە کراوەتە سەری.

واشنتن پۆست

بایدن ئامۆژگاریی نەتانیاهۆ دەکات نائارامیی هەرێمایەتی دروست نەکات
رۆژی یەکشەممە ئیدارەی بایدن پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی لە ئیسرائیل کرد، کە ئەو وڵاتە خۆی و هاوپەیمانەکانی توانیویانە سەرکەوتووانە هێرشی زیاد لە 300 درۆنی پڕچەککراو وموشەکی ئێرانی پەک بخەن، هانی ئەوەیان دا، کە ئیدارەکەی نەتانیاهۆ بتوانێت ئاهەنگ بۆ سەرکەوتنی خۆیان بگێڕێت، بەڵام با خۆی بگرێت و وەڵامی تۆڵەسەندنەوە نەداتەوە.
ئەمریکا سووربوونی خۆی لەسەر پاراستنی ئیسرائیل دووپاتکردەوە، لەمڕووەوە کاربەدەستێکی باڵای ئەمریکی گوتی، ئەی جگە لە پشتگیری چاوەڕێی چی دەکەن، ئەوەنییە، دوێنێ فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەسەدا 99ی ئەو موشەک و درۆنانەیان بەردایە خوارەوە، کە بەرەو ئاسمان و خاکی ئیسرائیل تەقێندرابوون!

رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت

پشوو کۆتاییهات و پەرلەمانى تورکیا کۆدەبێتەوە
لەپاش ئەوەى بۆ ماوەى مانگ و نیوێک لە پەڕلەمانى تورکیا پشووی فەرمی بوو، بەهۆى بانگەشەی هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا و پشووی رۆژانى جەژن، بڕیارە سبەی پەڕلەمان بۆ چەند بابەتێکى گرنگ کۆببێتەوە، لەوانەش هەمواکردنەوەى چەند بڕگەیەکى دەستوورە، کە نۆهەمین ریفۆڕمى داد لەخۆدەگرێت.
هەروەها لە رۆژى سێ شەممە کۆبونەوەى فراکسیۆنى پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان وتار بۆ ئەندامانى پارتەکەی پێشکەش بکات.

سۆزجو

لەسەر خۆدەرخستن دوو پەرلەمانتارى ئاک پارتى بەشەڕهاتن
میللەت بەسکی برسی دەخەون، کەچی شەبنەم بورسەڵى پەڕلەمانتارى ئاک پارتى لە یانەیەکى شەوانەى پێنج ئەستێرەیی رۆبیان دەخوات و وێنەکەشی لە سۆشیال میدیا پۆست دەکات. ئەو یانەیە تەنها دەوڵەمەندەکان بۆیان هەیە سەردانى بکەن و خاوەنى 2500 ئەندامە لە چینى سەرمایەدار. نرخى پارچەیەک رۆبیان 60 یۆرۆیە، ئەم خۆدەرخستنەى ژنە پەرلەمانتارى ئاک پارتى کاردانەوەی لێکەوتەوە، تەنانەت موجاهید بینجی پەڕلەمانتارى هەمان پارت وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر خۆدەرخستنەکەى شەبنام بورسەڵى بە توڕەییەوە دەڵێت: با لە پارتەکەمان بچێتەدەرەوە.

تورکیا

لە ئامەد تابلۆى دووکاندارەکان بە زمانى کوردى دادەنرێت
سەرۆکى گەورەشارەوانی ئامەد لەسەر لیستی دەم پارتى رایگەیاند، هەر دوکاندارێک تابلۆی دووکانەکەى بە زمانى کوردى هەڵبواسێت، بە رێژەیەکى زۆر داشکاندن بۆ باج بۆ دەکرێت. بەدەر لەوەش گفتى ئەوەشی داوە هەندێک ناوەندى کلتوورى بۆ فێربونى زمانى کوردى بکاتەوە. ئەمەش کاردانەوەى زۆرى شەقامى تورکی لێکەوتۆتەوە.

ئاکیت

پردى ئۆسمانگازی ژمارەى پێوانەیى شکاند
عەبدولقادر ئوغرەئۆڵو، وەزیرى گواستنەوە و ژێرخان، رایگەیاندووە: لە رۆژەکانى پشووی جەژنەوە لە چواری نیسان تاکوو 13ى نیسان 835هەزار و 128 ئۆتۆمبێل بەسەر پردی ئۆسمانگازی پەڕیونەتەوە. تەنها لە رۆژى 13ی نیساندا 117هەزار و 537 ئۆتۆمبێل بەسەر پردەکە پەڕیونەتەوە، ئەمەش ژمارەى پێوانەیی شکاندووە.
پردى ئۆسمانگازی سێیەم پردە لە ئیستەنبوڵ کە بەشی ئاسیا و ئەوروپای شارەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پەڕینەوە لەو سێ پردە بە پارەیە و بەگوێرەى قەبارەى ئۆتۆمبێل نرخی پەڕینەوە دەگۆڕێت کە لەنێوان 380 لیرەوە تاوەکو 965 لیرەیە، کە دەکاتە 17 دۆلار تاکوو 30 دۆلارە، پێشتر حکومەت رایگەیاندبوو لە تەواوى رۆژەکانى پشووى جەژن پەڕینەوە لەو سێ پردە لەگەڵ تەواوى هێڵەکانى ئۆتۆبوس و ترام بە خۆڕاییە.

 

رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

ئەگەر ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، لە NPT دەکشێینەوە
نوێنەری شاری کورد لە پەرلەمانی ئێران بە ئاماژەدان بە چالاکیی سوپای پاسداران لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئیسرائیل گوتی، ئەگەر ئیسرائیل بە پێشێلکردنی رێسا نێودەوڵەتییەکان وەڵام بداتەوە، ئێمە لە وەڵامێکی وێرانکەردا بێگومان کارێک دەکەین کە کۆتایی ژیانی ئیسرائیل دەبێت و بە جددی کشانەوە لە NPT دەخەینە بەرنامەی کاری پەرلەمانی ئێرانەوە.

ئیمروز

خێرایی ئینتەرنێت لە ئێران سەد هێندە زیاد دەکات
ئەمیر محەممەدزادە، سەرۆکی رێکخراوی رێکخستن و پەیوەندییە رادیۆییەکانی ئێران رایگەیاند، هیوادارم لە ماوەی مانگێکدا خەڵک بە خێراییەکی زۆر بەرز ئینتەرنێت ببینن، لە ئێستادا تێکڕای خێراییەکەی لە دەوروبەری 10 بۆ 12 مێگابایتە لە چرکەیەکدا، هەوڵ دەدەین کە لەگەڵ خزمەتگوزارییە نوێیەکەماندا خێراییەکەی بگاتە سەد هێندە، واتە تاوەکو هەزار مێگابایت لە چرکەیەکدا بە نوێترین تەکنەلۆژیای پێوەندییەکان.

تەجارەت

سزای سوپای پاسداران بۆ لایەنگرانی ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سوپای پاسداران لە ئاگادارییەکدا جەختی لەوە کردەوە، هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر هەر چالاکییەکتان بۆ پشتیوانی لە حکومەتی ساختەی ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی، تکایە لە زووترین کاتدا زانیاری و تایبەتمەندییەکانی پەیجەکان و بەڕێوەبەرەکانیان بۆمان بنێرن. بە گوێرەی بڕگەی حەوتەم و هەشتەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی کردەوەی دوژمنکارانەی ئیسرائیل دژ بە ئاشتی و ئاسایش، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە لەگەڵ تاوانباران و لایەنگرانی ئیسرائیل دەکرێت.

هەمدلی

کۆمپانیای دابەشکردن: نابێت خەڵک خەمی بەنزین بخۆن
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کاردانەوە بە دروستبوونی سەرەی درێژ لە بەنزینخانەکانی تاران دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گوتی: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لە دابینکردنی بەنزیندا نییە.
بەگوێرەی راپۆرتی هەمدلی، سالار نەساب زیادی کردووە، کۆگای سووتەمەنی لە وێستگەکان و تانکی عەمبارەکان تەواو پڕ بووە، بەنزین بە بڕی پێویست بەردەستە و نابێت خەڵک خەمی دابینکردنی سووتەمەنی بخۆن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button