ئێران موشەکی بالیستی خەیبەری بۆ لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل بەکارهێناوە

زووم…

 

سوپای ئێران لە هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل موشەکی بالیستی خەیبەری بەکارهێناوە کە یەکێکە لە بەهێزترین موشەکە بالیستییەکانی وڵاتەکە.

موشەکەکە شەوی رابردوو لە کاتی ئاراستەکردنیدا لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل لە ئاسمانی ناوچەی رواندز لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە تێکشێنراوە و لە ئاسماندا تەقیوەتەوە، بە گوێرەی تایبەتمەندییەکانی، موشەکی خەیبەر لە کاتی تەقینەوەیدا دەتوانێت زیانی گەورە بە قوڵایی ٣٠ مەتر بە ناوچەی ئامانج بگەیەنێت.

موشەکی خەیبەر چوارەمین و نوێترین وەشانی موشەکی خورەمشەهرە و لە ٢٥ی ٥ی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئێرانەوە نمایشکراوە.

درێژی موشەکی خەیبەر ١٣ مەترە و توانای هەڵگرتنی چەند کڵاوەیەکی جەنگی هەیە بە کێشی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام و درێژی چوار مەتر.

بە گوتەی وەزارەتی بەرگری ئێران موشەکی خەیبەر خاوەنی خێراییەکی زۆرە و بەهۆی خێراییەکەیەوە هیچ سیستمێکی بەرگری ناتوانێت تێکیبشکێنێت.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی بەرگری ئێران لەسەر موشەکەکە بڵاویکردوونەتەوە، موشەکی خەیبەر درێژ مەودایە و دەتوانێت لە دووری دوو هەزار کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و ٣٠ مەتر زەوی قوڵبکات.

موشەکەکە بێ باڵە و لەسەر سەکۆی جوڵاو ئاڕاستە دەکرێت، بۆ ئامادەکردنیشی پێش هەڵدان پێویستی بە کەمتر لە ١٥ خولەکە.

وەزارەتی بەرگری ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە موشەکی خەیبەر خاوەنی سێ تایبەتمەندی گرنگە کە بریتین لە توانای وێرانکاری کڵاو جەنگییەکانی، توانای تێپەڕین لە سیستمە رادارییەکان و ئاڕاستەکردنی لە ساتی هەڵدانییەوە تا کاتی پێکانی ئامانجەکەی.

موشەکی خەیبەر لە هێرشەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەکارهاتووە و هەردوو وڵات لێدوانی جیاواز لەبارەی هێرشەکەوە دەدەن. سوپای ئێران دەڵێت هێرشەکە ئامانجەکانی خۆی بە تەواوی پێکاوە و زیانی بە ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیل گەیاندووە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل دەڵێت لە سەدا ٩٩ی موشەکەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە و ئامانجیان نەپێکاوە

 

موشەکی خەیبەر

  • نەوەی چوارەمی موشەکی بالیستی خورەمشەهرە
  • ٢٥ی ٥ی ساڵی ٢٠٢٣ نمایشکراوە

 

تایبەتمەندییەکانی موشەکی خەیبەر:

  • مەودا: ٢ هەزار کیلۆمەتر
  • درێژی موشەک: ١٣ مەتر
  • درێژی کڵاوی جەنگی: ٤ مەتر
  • کێشی کڵاوەی جەنگی: ١٥٠٠ کیلۆگرام
  • ماوەی ئامادەکردن: کەمتر لە ١٥ خولەک
  • سەکۆی هەڵدان: جوڵاو
  • وردی پێکان: قوڵی ٣٠ مەتر لە دووری دوو هەزار کیلۆمەتر

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button