عێراق بارەگای تازەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەشارێتەوە

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

 

 

سەباح

پلاندانانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ چوار کۆمپانیای بیانی کردووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری
عەبدولزوهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان گرێبەستی لەگەڵ چوار کۆمپانیای ئەمریکی، فینلەندی، کەنەدی و چینی کردووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
دەشڵێت، ئەو کۆمپانیایانە ئەرکی دابینکردنی زیاتر لە 130 ئامێری ئەلیکترۆنی لەئەستۆدەگرن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە.


عەرەبی جەدید

عێراق بارەگای تازەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەشارێتەوە

لە دوای رێککەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێران، تشرینی دووەمی رابردوو، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان گوازراونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکیان نەداوە لەبارەى بارەگا تازەکانی ئەو گرووپانە.

ئەلعەرەب

ئۆکراین پێشبینی هێرشێکی بەرفراوانی روسیا دەکات

بەرپرسانی مەیدانیی ئۆکراین پشتڕاستی دەکەنەوە دۆخی گۆڕەپانی جەنگ لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیاندا نییە و پێشبینی دەکەن روسیا هێرشێکی یەکلاکەرەوە و گەورە بکاتە سەر سوپای وڵاتەکەیان.
هەروەها ئۆلیکساندەر سیرسکی، سەرۆکئەرکانی ئۆکراین ئاشکرایکردووە دۆخەکە بەرەو خراپی دەڕوات و داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا کرد هاوکاریی سەربازیی زیاتری کیەڤ بکەن.


قودسی عەرەبی

چوارچێوەی هەماهەنگی پشت بە سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتن دەبەستن بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە بیانییەکان

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە واشنتن، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چاویان لەم سەردانەیە بۆ دانانی خشتەیەکی روون و ئاشکرا بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق و هەروەها هەڵگرتنی سزا ئەمریکییەکان لەسەر پارەی عێراق لە بانکەکاندا.

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

سەندەی تایمز:

ئێران رەوەدرۆنێک دەنێت بە ئیسرائیلەوە
لە پێشهاتێکی تازەدا دوێنێشەو ئێران بە دەیان درۆن هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. درۆنەکان کاتێکی زۆریان ویست تا گەیشتن بە بواری ئاسمانیی ئیسرائیل و پسپۆڕانی سەربازی دەڵێن، ئیسرائیل کاتی باشی لەبەردەستدا بووە بۆ ئەوەی بیانخاتە خوارەوە. سەرباری ئەوەش، ئێران چەندان مووشەکی جۆری کرووز و بالیستی هەیە، دەیتوانی بە بەکارهێنانی ئەو مووشەکانە هێڵی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل تێکبشکێنێت. بەڵام ئەو لەپێشدا درۆنەکانی بەکارهێنا.


دەیلی تەلەگراف:

ئەگەر چەرچڵ بمایە پشتگیریی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی بۆ قەدەغەکردنی جگەرەکێشان دەکرد
وەزیری تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت، دەگوترێت وینستن چەرچڵ لە ژیانی خۆیدا 160 هەزار دانە جگەرەی کێشاوە، بەڵام ئەگەر بمایە، جگەرەکێشانەکەی خۆی رێگری ئەوەی لێ نەدەکرد، پشتگیری لەم بڕیارەی ریشی سوناک بکات، کە دەیەوێت جگەرەکێشان قەدەغە بکات.
سەرەتاکانی هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەی پارتی پارێزگاران لە ئاسۆدا دیارە و دەیانەوێت کڕینی جگەرە و کێشانی لە منداڵانی تەمەن ١٤ ساڵ و کەمتر قەدەغە بکەن و بۆیان نەبێت جگەرە بکڕن، ئەمەش پێشهاتێکی باشە، وەزیری تەندروستی ستایشی دەکات.


واشنتن پۆست:

ئەم هەموو تەرمە لە کوێدا جێگە بکەینەوە
ئەم تەرمانەی ئەم رۆژنامەیە باسی کردووە، هیی ئەو پەنابەرانەن هەوڵ دەدەن بە رێگەی قاچاخ و نایاسایی بچنە نێو خاکی ئەمریکاوە. راپۆرتەکە دەڵێت، مردوونێژەکە بە دەستکێشەکانی دەستیەوە جگەرەیەکی لەنێوانی دوو پەنجەیدا راگرتبوو، تەرمێکی ئاوساوی هەڵگرت و خستیە نێو پیکابەکەی.
بەیانیی ئەو رۆژە ژنێک لە کەناری رووباری ریۆ گراند راوەماسی دەکرد ئەو تەرمەی بینیبوو لەنێو قامیشەڵانی تەنیشتی ئاوەکەوە دەرکەوتبوو، ئاو هێنابووی بەلای کەپرەکاندا و لای کەنارەکەوە تێیپەڕاندبوو. ئەویش لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردبووەوە. لایەنەکانیش ئەو پیکابەیان ناردبوو بۆ هەڵگرتنەوەی، ئەو پیکابەی لەم کارەدا بەکارهات، لە کاتی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ـدا بۆ هەڵگرتنی ٢٠ تەرم دروست کرابوو، بەڵام ئەو رۆژەی کە ئەو تەرمەی هەڵگرتەوە، ٢٨ تەرمی دیکەشی پێبوو، هەموویان هیی ئەو پەنابەرانەبوون خەونی گەیشتن بە ئەمریکایان هەبووە، بەڵام نەیانتوانیوە سنوورە ئاوییەکان تێبپەڕێنن.

گەڵف نیوز:

ئیسرائیل پاش هەڕەشەی هێرشەکانی ئێران کەوتووەتە باری ئامادەباشییەوە
دوێنێشەو ئیسرائیل کەوتە باری ئامادەباشی و هۆشداریی توندەوە، پاش ئەوەی دوژمنە سەرسەختەکەی، وەک تۆڵەسەندنەوە لە بۆردومانی پاشکۆی کۆنسڵخانەکەی لە دیمەشقی سوریا و کوشتنی چەکدارانی حەماسی دۆستی ئێران، چەندان درۆنی بەرەو ئاسمانی ئیسرائیل تەقاند. هەروەها بە چەند رۆژ دوای ئەوەی ئیسرائیل پێشوەختە کاری خۆی ئەنجام دا و هێز و چەکە بەرگریکارە دژەئاسامانییەکانی ئامادەکرد، ئێران چەند درۆنێکی بە ئاڕاستەی ئاسمان و خاکی ئیسرائیل هەڵفڕاند، ئەگەرچی ئەمریکاش هۆشداریی پێدابوو، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک پەلاماری ئیسرائیل بدات.

 

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

 

سۆزجو

گەندەڵییەکى دیکەى شارەوانییەکانى ئاک پارتى ئاشکرابوو

شارەوانیی مەڕاش، کە ماوەى ٢٠ ساڵە بەدەست ئاک پارتییەوەیە، لەم هەڵبژاردنەدا جەهەپە سەرۆکایەتیکردنەکەی بردەوە. سەرۆکى پێشووی شارەوانییەکە قاسەکەى بەخاڵى بەجێهێشتووە، سەرۆکشارەوانییەکەى جەهەپە مووچەى ئەم مانگەى کارگوزارەکانى لە گیرفانى خۆى داوە. هاوکات سەرۆکى پێشووى شارەوانیی بورسا لە ئاک پارتى بووە، بودجەى شەش مانگى شارەوانییەکەى لە ماوەى سێ مانگدا بە کەمپەینى هەڵبژاردن خەرجکردووە.

 

 

تورکیا

رێککەوتنى نێوان دەم پارتى و جەهەپە ئاشکرا بوو
بۆ یەکەمینجار دەم پارتى لە ئەنجومەنى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ ئەندامى هەیە، لە کۆى ٤٣ کاندید بۆ ئەنجومەنى گەورەشارەوانى شارەکە، ١٧ـیان بەفەرمى بوون بە ئەندامى ئەنجومەن. ئەمەش جارێکی دیکە رێککەوتنى نێوان جەهەپە و دەم پارتى لەژێر ناوی رێککەوتن لەسەرئاستى شارەکان ئاشکرادەکات.

 

 

یەنى بیرلیک

کێشەى ئاو لە غەزە پەرەدەستێنێت
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە کەمبوونەوەى ئاوى خواردنەوە لە غەزە دەدات و رایدەگەیەنێت پیسبوونى ئاوى غەزە نەخۆشیی کوشندە بڵاودەکاتەوە.
بەگوێرەى راگەیەنراوەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ هاتنى وەزرى گەرما و کەمیی ئاوی خواردنەوە، ئەگەرى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیی کوشندە لە ئارادایە.

 

 

 

سەباح

لە تورکیا ژمارەى فڕۆکەوان تادێت زیاتر دەبێت

لە زانکۆى تەکنیکی ئەسکیشەهیر، ساڵانە لە بەشی فڕۆکەوانى، دەیان خوێندکار بەبێ پێدانى هیچ پارەیەک بۆ فڕۆکەوانى دەخوێنن و لەو ماوەیەشدا ٢٢٦ کاتژمێر راهێنانى فڕۆکەفڕینیان پێدەکرێت و دەبنە فڕۆکەوانێکى باش و لە پاش تەواوکردنى زانکۆش ئەو گەنجانە دەبنە خاوەن کارى خۆیان.

 

 

 

رۆژنامە فارسییەکان

 

 

 

رادیۆ فەردا

لەسەر داوای ئیسرائیل کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەدەچێت
بەگوێرەی خشتەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایش، بڕیارە ئەم ئەنجومەنە کاتژمێر 11:00ـی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت.
گیلاد ئەردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردبوو، جەختی لەوە کردبووەوە کە “ئێران بەجدی هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشی جیهان دەکات”.


ئیرنا

سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل
لە راگەیەندراوی ژمارە دوودا، دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بۆسەر ئیسرائیل، سوپای پاسداران هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد، ئەگەر هەر جۆرە پشتیوانی و بەشداریکردنێک لە هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجامبدات، ئەوا وەڵامێکی “بە بڕیار و پەشیمانکەرەوە”ی بەدوادادێت.


ئێران ئینتەرنەشناڵ

ئیسرائیل ئاماری هێرشەکانی ئێرانی بۆسەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە
دوو بەرپرسی ئیسرائیل بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، ئێران 185 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 36 مووشەکی کرووزی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە. زۆرینەی مووشەکەکان لە ئێرانەوە هەڵدرابوون، بەشێکی کەمیشیان لە عێراق و یەمەن، هەروەها 110 مووشەکی بالیستی بەرەو ئیسرائیل تەقاندووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button