وۆڵ ستریتن جۆرنەڵ: ئێران لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل

زووم:

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئێران لە ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا هێرشدەکاتە سەر باشوور و باکووری ئیسرائیل، حکومەتی ئیسرائیلیش ئامادەکاری بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە دەکات.

ئەوە لە کاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە بۆردومانێکدا کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کرایە ئامانج و تیایدا حەوت ئەندامی سوپای پاسداران کە دووانیان ئەفسەری باڵابوون کوژران.

هەرچەندە ئیسرائیل هێشتا بە فەرمی دانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشەدا نەناوە، بەڵام ئێران راستەوخۆ ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد و بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ لە راپۆرتەکەیدا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت ئێران لە دوو رۆژی داهاتوودا هێرشی تۆڵەکردنەوە دەکاتە سەر ئیسرائیل و هێرشەکە بۆ سەر خاکی وڵاتەکە دەبێت نەک بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی دیکە.

رۆژنامەکە لە زاری راوێژکارێکی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات رایگەیاندووە، سوپای ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا چەند بژاردەیەکی خستووەتە بەردەم عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و یەکێک لە بژاردەکان بە ئامانجگرتنی خاکی ئیسرائیل بووە بە موشەکی پیشکەوتووی ناوەند مەودا.

بە گوێرەی گوتەکانی ئەو راوێژکارە ئێرانییە بۆ وۆڵ ستریت جۆرنەڵ تا ئێستا عەلی خامنەیی بڕیاری لەسەر ئەو بژاردەیە نەداوە و لەوە دوودڵە هێرشەکە دەرەنجامی پێچەوانەی هەبێت و ئیسرائیل بەرپەرچی موشەکەکانی ئێران بداتەوە، دواتریش ژێرخانی ستراتیژی وڵاتەکە بکاتە ئامانج

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر سیناریۆیەک راگەیاند

هاوکات بە گوێرەی راگەیەنراوێکی پێنتاگۆن، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی پشتیوانی تەواوی واشنتنی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە، هەر دوێنێش مایکڵ کۆرێلا، فەرماندەی بنکەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە ئیسرائیل و لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی وڵاتەکە کۆبووەتەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەکەیان کردووە

هەواڵی زیاتر

Back to top button