دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل دەستپێدەکەنەوە

زووم…

دوای راوەستانی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، جارێکی دیکە دانوستانەکان لە قاهیرە دەستپێدەکەنەوە.

حەماسیش دەڵێت پێویستە دانوستانەکان لەسەر بنەمای ئاگربەستی هەمیشەیی بەڕێوەبچن.

ئەمڕۆ دانووستانەکانی ئاگربەستی غەزە لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەستپێدەکاتەوە و حەماس و لایەنە فەڵەستینییەکانیش سوورن لەسەر داواکەیان بۆ راگرتنی یەکجارەکی ئەو شەڕە وێرانکەرەی حەوت مانگە هاوڵاتیانی غەزەی برسی و شەکەت کردووە.

کەناڵی قاهیرە ئەخبارییەی نیمچە فەرمیی حکومەتی میسر رایگەیاند، ئەمڕۆ دانووستان و کۆبوونەوەکان بۆ گەڕاندنەوە ئارامی بۆ کەرتی غەزە دەستپێدەکاتەوە.

هاوکات کەناڵی جەزیرە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، خەلیل حەییە سەرۆکایەتی شاندەکەی حەماس  دەکات و ئیسماعیل هەنییەـى بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەش پێی گووتووە نابێت سازش لەسەر داواکارییەکانیان بکەن و دڵنیایکردوونەتەوە دەبێت دانوستانەکەى ئەمڕۆ لەسەر بنەمای ئاگربەستی هەمیشەیی بەڕێوەبچێت.

دوێنێ بزووتنەوەی حەماس راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سووربوونى خۆی لە هەڵوێستەکانى پێشوو دووپاتکردووەتەوە کە بریتییە لە ئاگربەست و راگرتنى دەستدرێژیی و لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیلە بۆسەر کەرتى غەزە.

دەشڵێت، پێویستە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان و هاتوچۆی  ئازادانە و بێترسی خەڵک و گەیشتنى هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان لە تەوەرەکانی دانووستان بێت، دواتر رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی جدی زیندانییەکان.

لە دانووستانەداندا، ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی (سی ئای ئەی) و دەیڤد برنیع، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی (مۆساد) و محەمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و بەرپرسانی میسری بەشدار دەبن.

لە سەرەتای مانگى کانونى یەکەمى ئەمساڵەوە نێوەندگیریی قەتەر و میسر و ئەمریکا بەردەوامە، هەموو دەخوازن ئیسرائیل و حەماس بگەنە رێکەوتنێک بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و کردنەوەى رێڕەوە ئاویی و وشکانییەکان بۆ گەیاندنى هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان بەوکەرتە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button