هێرشەکانى دەریای سوور خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات نەک غەزە

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

قودسی عەرەبی

سەرۆکوەزیرانى سکۆتلەندا: بەریتانیا هاوبەشە لە کوشتنى خەڵکى بێتاوانى غەزە
یوسف حەمزە، سەرۆکوەزیرانى سکۆتلەندا دووبارە داوادەکاتەوە کە بەریتانیا فرۆشتنى چەک بە ئیسرائیل رابوەستێنێت و دەڵێت، بەریتانیا گیانبازیی دەکات لە فرۆشتنى چەک بە ئیسرائیل و دەبێتە هاوبەشی کوشتنى بێتاوانانى کەرتى غەزە.
یوسف ئەو پەیام و داواکارییەى لە نوسراوێکدا ئاراستەى ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا کردووە، کە رۆژی چوارشەممەى رابردوو ئاراستەى کردبوو.
لە پەیامەکەشیدا هاتووە، بەریتانیا هیچ هەنگاوێکى نەناوە لەو بارەیەوە و بەردەوامە لە ناردن و پێفرۆشتنى چەک بە ئیسرائیل و ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئیسرائیل لە هیرشەکانیشیدا کارمەندانی هاوکارییە مرۆییەکان و هاوڵاتییانى مەدەنى کردووەتە ئامانج.

عەرەبى جەدید

سۆماڵ باڵیۆزى ئەسیوبیا دەردەکات
پەیوەندییەکانى سوماڵ و ئەسیووبیا چوونەتە نێو قۆناغێکی تازەتر لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، بەتایبەت دوای ئەوەى لە ماوەکانى رابردوودا ئەدیس ئەبابای پایتەختى سوماڵ دەبوو بە گوێرەى رێکەتننامەیەک دانبنێت بە هەرێمی “زەوییەکانى سۆمالیلاند”، کە پیشتر موسا بەیهى عەبدى سەرۆکى پێشتر گووتبووى “دان بە سەربەخۆیی ئەو هەرێمەدا دەنێین”.
دوو بەرپرسی سۆماڵی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گووتبوو، وڵاتەکەى باڵیۆزی ئەسیوبیا “موختار محەمەد واری”یان ناردووەتەوە بۆ مەقەدیشۆی پایتەختى ئەسیوبیا، پەیوەست بەو گرفتە و داننەنانى ئەسیوبیا بە هەرێمی سۆماڵیلاند.

جەریدە

تاران بۆ واشنتن: کاتێک وەڵامى ئیسرائیل دەدەینەوە دەستوەردان مەکەن

بەرپرسێکى باڵای وەزارەتى دەرەوەى ئێران بە رۆژنامەى جەریدە-ی گووتووە، دوێنێ تاران واشنتنى لە رێگەى نێوەندگیرێکى وڵاتانى کەنداوەوە ئاگادارکردووەتەوە کە وڵاتەکەى ناخوازێت هیچ هێزیکى ئەمریکا بکاتە ئامانج، ئەو پەیامەى تاران لەکاتێکدایە کە ئەمریکا هۆشداریی دابووە بەرپرسانى ئێران دوابەدوای هێرشە ئیسرائیلییەکە بۆسەر کونسوڵگەریی ئێران لە دیمەشق، لە هەر دەستدرێژییەک بۆسەر هێزەکانى ئەمریکا.

شەرقولئەوسەت

هێرشەکانى دەریای سوور خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات نەک غەزە

سەرۆکی ئەنجومەنى فەرماندەیی یەمەن “رەشاد عەلیمى”، دەڵێت، هێرشی حوسییەکانى یەمەن بۆسەر دەریای سوور، خزمەت بە بەرژوەندییەکانى کەرتى غەزەى فەلەستینى ناکات، بەڵکو خزمەت بە بەرژەوەندییەکانى ئێران دەکات، کە هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەمریکا بگاتە رێگە چارەیەک سەبارەت بەو سزایانەى بەسەریدا سەپاندووە، کە دەیەوێت لەناوچەکدا دەستکراوەتربێت و وەک یاریزانێکى هەرێمی گەورە دەستبەکاربێتەوە.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 


واشنتن پۆست

بایدن هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل
چاوەڕوان دەکرێت واشنتن پێداچونەوە بە سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر بە کەرتی غەزە بکات
رۆژی پێنج شەممە سەرۆک بایدن بە بنیامین نەتانیاهۆی گوتووە، ئەگەر ئیسرائیل پێداچونەوە بە ئەو سیاسەتانەی خۆیدا نەکات، کە لە رووی یارمەتییە مرۆییەکانەوە لە کەرتی غەزەدا ئەنجامیاندەدات، ئەوا واشنتن پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر بە ئەو شەڕە دەکات.
جۆن کێربی دەڵێت، کە لە چەند سەعات و رۆژی داهاتوودا هەنگاوی جدی و کاریگەر دەبینین. بە سێ رۆژ پاش کوشتنی چەند کارمەندێکی خزمەتگوزاریی خێرخوازی، پەیوەندییەکی تەلەفونی لە نێوانی بایدن و نەتانیاهۆدا روویداوە، بایدن گوتویەتی کوشتنی ئەو کارمەندانەی چێشتخانەی جیهانی لەناخەوە لەرزاندوویەتی.


گەڵف نیوز

زانایان هۆکارە جینییەکەی دروستبوونی کێشەی قەڵەوییان دۆزیوەتەوە

چەند زانایەک لەو بڕوایەدان میکانیزمێکی نوێیان دۆزییەوەتەوە، کە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کێشەی قەڵەوی و ئاماژە بەوە دەدەن، ئەوەی کە دۆزیوناتەوە دوو گۆڕاوەی تایبەتن هانی ئەوە دەدەن کێشەی قەڵەوی دروست ببێت. بەمەش کێش زۆر زیاد دەبێت. دوێنێ ئەو توێژینەوەیە لە گۆڤاری (نەیچە جێنەتیک) دا بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە، کە ئەو دوو جینە گۆڕاوە لە هەر زیندەوەرێکدا بوونیان هەبێت ئەگەری قەڵەوبونەکەی شەش هێندە بەرز دەکەنەوە.


وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

ئیمانوێل ماکرۆنی فەرەنسی هەوڵ دەدات فشارەکان لەسەر پوتین توندتربکاتەوە

ماکرۆن دەیەوێت هەموو ئەگەرێکی سەربازی لەپێناوی ئۆکراینیادا بەردەستبێت.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسە، رۆژی دووشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نهێنیی لەگەڵ هەریەکە لە بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵتزی سەرۆکی ئەڵمانیادا ئەنجامداوە. بۆئەوەی کارسازی بکات بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی لوتکە لە پاریس. ماکرۆن ئومێدی ئەوەی هەیە ئەو دیدارە بتوانێت گۆڕانکاری لە هەڵوێستی جیهانی رۆژئاوا بەرامبەر بە ئۆکراینیا بهێنێتەکایەوە.
بەرپرسانی ئاگادار دەڵێن ماکرۆن بە هەریەکە لەو سەرکردانەی گوتووە کە دەبێت ستراتیژێکی نوێ بۆ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان دابرێژرێتەوە، کە هەموو ئەگەرێک بە کراوەیی لەبارەی رووسیاوە بخاتە سەر مێزی گفتوگۆکردن.


گاردیەن

بایدن زۆر بە توندی سەرزەنشتی ئیسرائیل دەکات و داوادەکات شەڕ لە غەزە رابگرێت

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد بە خێرایی جەنگەکەی غەزە رابگیرێت. ئەم داوایەی ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بوو، کە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆدا ئەنجامیدا و داوای ئەنجامدانی جموجووڵێکی کۆنکریتیی کرد بۆئەوەی خەڵکانی مەدەنی و کرێکارانی دامەزراوە خێرخوازییەکان بپارێزرێن.
لەوکاتەوە، کە ئیسرائیل بە بۆردومانێکی درۆنی حەوت کارمەندی چێشتخانەی جیهانیی کوشت، ئەمە یەکەم جارە بایدن و نەتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەبکەنەوە.

رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

گەلى تورکیا پشتیان لە ئاک پارتی کرد و روویان لە جەهەپە کرد
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکى گەورەشارەوانى ئیستەنبوڵ، رایگەیاند: بونى قەیرانەکان هۆکارى کاریگەر بوو جەهەپە هەڵبژاردن بباتەوە، لە هەڵبژاردنەکە گەلى تورکیا پشتیان لە ئاک پارتى کرد و دەنگیان بە جەهەپە بۆ گۆڕانکاری داوە.
جەهەپە بۆتە پارتێکى کاریگەر کە تواناى گۆڕانکاریی هەیە، جەهەپە دەتوانێت لە هەڵبژاردنى داهاتوودا ئەنجامەکان بباتەوە.

حوڕییەت

لە جەژنى رەمەزان نۆ رۆژ پشووە
گەلى تورکیا بەدەست پڕۆسەى هەڵبژاردنەوە ماندووبووە، لە سبەینێوە بۆ ماوەى نۆ رۆژ پشووى جەژنى رەمەزان دەستپێدەکات، چاوەڕێ دەکرێت ٣٠ بۆ ٣٥ ملیۆن کەس لە رۆژانى پشووى جەژندا گەشت بکات. تەواوى هێڵەکانى پاس تکتەکانیان تاکو رۆرژى عارفە فرۆشتووە، نۆ هەزار و ٢٠٠ پاس شەش ملیۆن و ٥٠٠ گەشتیار دەگوازنەوە. لە رۆژانى جەژن تەواوى شەقامە خێراکان بە خۆڕایی دەبێت.

جمهورییەت

جەهەپە لە پێنج ناوچەى ئیستەنبوڵ تانەى لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن گرتووە
ئاک پارتى بە چەند دەنگێکى کەم لە چەند ناوچەیەکى ئیستەنبوڵ شارەوانى بردەوە، جەهەپە بەفەرمى داواى پێشکەش بە دەستەى باڵاى کۆمیسیۆن کردووە بۆ هەژمارکردنەوەى دەنگەکان لە پێنج ناوچەى ئیستەنبوڵ، لەوانەش ئاڕنەوتکۆى، ئومرانیە، فاتح، پەندیک، بەهچەلیئێڤلەر، جەهەپە بۆ داواکەى تاکو ئێستا وەڵامى لە دەستەى باڵاى هەڵبژاردن وەرنەگرتووە.


یەنى شەفاق

هێڵى ئاسمانى تورکی سەرکەوتنێکى دیکەى بەدەستهێناوە
ساڵى پار هێڵى ئاسمانى تورکی ٣٥٠ فڕۆکەى نوێی کڕیوە، بە بەهاى ٧٠ ملیار دۆلار. هەر لە ساڵى ٢٠٢٣ دا هێڵى ئاسمانى تورکی بڕی ٢.٩ ملیار دۆلار قازانجی کردووە.
وابڕیارە لە ٢٨ ى نیسان، هێڵى ئاسمانى تورکی لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ ٣٠ کۆمپانیاى فڕۆکەوانى رێککەوتن ئیمزابکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button