دواى هێرشەکەى دیمەشق راوێژکارێکى بارزانى هێرش بۆ سەر هەولێر بەدوور نازانێت

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقئەوسەت

دواى هێرشەکەى دیمەشق راوێژکارێکى بارزانى هێرش بۆ سەر هەولێر بەدوور نازانێت
کیفاح مەحمود، راوێژکارى میدیایی مەسعود بازرانى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، دوور نییە لە تۆڵەى ئەو هێرشەدا کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر دیمەشق، گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە هێرشبکەنەوە سەر هەولێر وەک ئەوانەى پێشووتر کردوویانە، لەگەڵ ئەوەشدا کیفاح هێرشەکانی سەر هەولێری بە “حەماقەت و نەفامیى بەرەى مقاوەمە” ناوبردووە.
راوێژکارەکەى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان گوتوشیەتى، کاتێک شارەکانى ئێران جمەى دەهات لە خۆپیشاندان و داواى روخانی رژێمەکەیان دەکرد، کەچى ئێران بە ١٢ مووشەک هێرشی دەکردە سەر هەولێر.

سەباح

عێراق فرۆکەى بێفرۆکەوان دروستدەکات
مستەفا عاتى، سەرۆکی دەستەى پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایگەیاند، یەکەم زرێپۆشی جەنگی پێشکەوتووى خۆمان دروستکردووە و لە نزیکترین کاتیشدا تاقیدەکەینەوە، راشیگەیاندووە سەرقاڵی دروستکردنى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانن کە لە ئاستێکى زۆرباشى جیهانیدایە.
سەرۆکی دەستەى پیشەسازیی سەربازیی راشیگەیاندووە لە ئێستادا خاوەنى 14 کارگەى گەورەى پیشەسازین و لە بەرنامەشیاندا هەیە لەگەڵ کەرتى تایبەتى رێکبکەون بۆ دروستکردنى چەند کارگەیەکی تر لە بوارى سەربازیدا کە لە ئاستى تەکنۆلۆژیاى سەردەم و پێشکەوتنە سەربازییەکاندا بێت.

دەستوور

میدیاکانى تورکیا وادەى سەردانى ئەردۆغان ئاشکرا دەکەن
کەناڵی خەبەرى تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پاش 12 ساڵ سەردانى عێراق دەکات و لەبارەى کێشەى سنوورەکان و دابینکردنى ئاسایشی وڵاتەکەى لەگەڵ گەورە بەرپرسانى عێراقى کۆدەبێـتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى تەلەفزیۆنە تورکییەکە ئەردۆغان لە رۆژى 22ى نیسانى ئەمساڵ بە سەردانێکى فەرمی دەگاتە عێراق و وەک خۆیان دەڵێن، لە بارەى دۆسیەى تیرۆرەوە لەگەڵ بەرپرسانى عێراقى تاووتوێی بۆچوونەکانى خۆیان دەکەن.

عەرەب

ئەردۆغان لەبەردەم مەترسیدایە بەڵام کۆتایی پێنایەت
مارک تی چامبیۆن، نوسەرى بەناوبانگی ئەمریکی و شارەزا لە بوارى گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان لە گوتارێکدا کە ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردووتەوە دەڵێت، ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى تورکیا سەرنجراکێش بوون، بەڵام گۆڕانکاریی جدی دروستناکات، ئەو دەڵێت: بەسەرکەوتنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو چەپەکان ئاهەنگ دەگێڕن و پێیان وایە عەلمانیەت لە تورکیا سەرکەوتووە و چاوەڕێش دەکەن ئۆغڵو دیموکراتیەتیان بۆ زیندووبکاتەوە، بەڵام وەک ئەو نووسەرە ئاماژەى پێدەکات، ئەم ئاواتانەى جەهەپە بەدی نایەن، لەبەر ئەوەى ئەردۆغانى سەرۆکی تورکیا دەستبەرداری پۆستەکەى نابێت و هەڵبژاردنى شارەوانییەکانیش هێندە کاریگەریی لەسەر پەرلەمان و هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى داهاتوو نابێت.
مارک نوسیویەتى، ئەردۆغان باش لەو هاوکێشانە تێگەشتووە بۆیە بەئاشکرا رایگەیاندووە دەبێت خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو کۆبکەینەوە، هەر بۆیە بەدوورى نازنێت کە ئەردۆغان بە ستراتیژییەتکى تازەوە لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێـتەوە.

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان 

گاردیەن

ناتانیاهۆ بەهۆی کوشتنی کارمەندانی فریاگوزاریی رووبەڕووی تووڕەیی جیهان دەبێتەوە

دوای ئەوەی لە هێرشێکی درۆنیی سوپای ئیسرائیلدا حەوت کارمەندی رێکخراوێکی فریاگوزاریی لە غەزە کوژران، کە چەند کارمەندێکیان هاووڵاتیی بیانیی بوون، ئیسرائیل رووبەڕووی فشاریکی زۆری نێودەوڵەتی بووەتەوە بۆ ئەوەی بیانوویەکی گونجاو بدات بەدەستەوە کە بۆچی ئەوکارەی کردووە. هەرچەندە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی سوپای وڵاتەکە داوای لێبوردنیان کرد و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی وورد کردووە لە رووداوەکە، هێشتا تووڕەیی جیهان لەوبارەیەوە دانەمرکاوەتەوە.


تایمز

دۆزینەوەی پشکنینێکی خوێن یارمەتی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشیی زەهایمەر دەدات

لە بەریتانیا هەزاران کەس ناوی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی بەشداریی لە تاقیکردنەوەیەکدا بکەن کە لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی زەهایمەر، کە نەخۆشیی بیرچوونەوەیە، دەستنیشان دەکات. دکتۆرەکانی ئەو وڵاتەش پێیانوایە ئەمە دەبێتە شۆڕشێکی نوێ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان لە کەرتی تەندرووستی لەو وڵاتەدا. دەستنیشانکردنی پێشوەختەی زەهایمەر لە تاقیگەکاندا کاریگەرییەکی باشی هەبووە، ئێستاش زاناکان سەرقاڵی ئەوەن بزانن لە ئەمری واقیعدا کاریگەرییەکانی چۆنە.

واشنتن پۆست

غەزەییەکان بەهۆی پاشەکشەی رێکخراوە فریاگووزارییەکان زیاتر برسیی دەبن

ئەگەرچی لە کەرتی غەزە هیچ وشکەساڵییەک و کارەساتێکی سرووشتی یان لەناوچوونی کێڵگەی دانەوێڵە بوونی نییە، جەنگی شەش مانگەی ناوچەکە خەڵکی غەزەی خستووەتە دۆخێکی قاتوقڕییەوە کە رەنگە چەندین ساڵ کاریگەرییەکەی بەردەوام بێت. لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری رێکخراوی ئۆکسفامی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، هەرگیز لە هیچ شوێنێکی جیهان نەمانبینیوە دۆخی خەڵکیی بەم خێراییە خراپ ببێت. بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و نەبوونی هیچ جێگرەوەیەکی، وایکردووە رێکخراوە فریاگووزارییەکان نەتوانن بەرێکوپێکی کارەکانیان ئەنجام بدەن.


ئۆرشەلیم پۆست

رکابەرەکەی ناتانیاهۆ داوا دەکات هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیلدا لە مانگی ئەیلول بەڕێوەبچێت

بێنی گانتز، وەزیریی کابینەی جەنگی ئیسرائیل و رکابەری بنیامین ناتانیاهۆ، کە سەرۆکی پارتی یەکگرتووی نیشتیمانییە، داوادەکات هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەو وڵاتە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە کەسوکاری بارمتەکانی لای حەماس و پشتیوانانی داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەکەن. ئەم داوایەی گانتز یەکەمجارە کە بە ئاشکرا مانگێک دیاریی بکات بۆ ئەو مەبەستە و ئاشکراشیکرد بۆ ئەو مەبەستە چەندین گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و لە دانووستانەکانیش بەردەوام دەبێت.

رۆژنامە فارسییەکان

ئعتماد

هودا جابری، گۆرانیبێژ و ژەنیاری سەنتور: رەگەز نابێت هۆکاری سنووردارکردن بێت

هودا جابری لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ساڵی رابردوو کێشەی زۆر کۆمەڵگەی ژنە هونەرمەندەکانی گرتەوە، بەڵام چیرۆکی ئێمەی ژنە هونەرمەند چیرۆکێکی خەمناک و دڵتەزێنە و تاکە تاوانی ئێمە ژنبوونە، هیوادارم رۆژێک بێت کە چیتر مۆسیقا و هونەری ژنان بە نەشیاو و قەدەغەکراو نەزانرێت و ژنان پشتگوێ نەخرێن و بە کەم سەیر نەکرێن. دڵنیام کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات کە بوونی ژن و پیاو وەک دوو باڵ بۆ گەشەپێدانی زیاتری کۆمەڵگە وەک راستییەکی حاشاهەڵنەگر قبوڵ بکرێت و رەگەز نەبێتە هۆکاری هەڵاواردن.

جەوان

وانەیەک لە سێزدە بە دەر فێر بووین.
روودانی ناتەبایی لە نێوان بەرپرسان و میدیاکان و خەڵکدا لە چیرۆکی داخستنی پارکەکان لە رۆژی سروشتدا، کاریگەری نییە لەسەر بەهێزکردنی ئایینداریی خەڵک، ئەگەر لە 13ـی مانگدا پارکەکان دابخرێن کە رۆژی سروشت هاوکاتە لەگەڵ مانگی رەمەزانە، ئایا کاریگەری رۆژووگرتن لە شار زیاتر دەبێت؟ ئەمە نە کارێکی عەقڵانییە و نە کاریگەری هەیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتەهۆی رەشبینی لە کۆمەڵگەدا.

جامی جەم

رووبەری ئاویی دەریاچەی ورمێ زیادیکردووە
دوابەدوای بارانبارینی ئەمدواییە لە هەموو ناوچەکانی ئێران، رێکخراوی نەخشەسازیی ئەو وڵاتە لەم ماوەیەدا بە کەڵک وەرگرتن لە وێنەی مانگی دەستکرد، نەخشەی رووبەری دەریاچەی ورمێی کێشاوە و ئەنجامەکانیش دەریدەخەن کە دۆخی دەریاچەکە و رێژەی ئاوی ناو دەریاچەکە باشتر بووە.
هۆکاری ئەمەش جگە لە بارانی ئەم دواییە، ئازادکردنی ئاوی بەنداوی چەند رووبارێکە کە دەڕژێنە دەریاچەی ورمێ.

رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت

لە مانگى ئازاردا هەڵاوسان لە تورکیا بە رێژەى 3.16% زیادبووە
بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا 3.16% بووە و هەروەها رێژەی ساڵانە گەیشتووەتە 68.5%.
محەمەد شیمشەک، وەزیرى دارایی تورکیا رایگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە نرخی کەلوپەل و خواردن جێگیر بکەن.

سۆزجو

ئیمامئۆغڵو سێ جار بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونى پێدراوە
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 31ـى ئازارى 2019، هەڵبژاردنى شارەوانیی بردەوە و وەک سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ بەڵگەنامەى دەستبەکاربونى پێدرا، لەپاش 18 رۆژ لەو پۆستە لە 23ـى حوزەیران هەڵبژاردن دووبارەکرایەوە و دووبارە بە سەرۆکى گەورەشارەوانیی هەڵبژێردرایەوە. دوێنێ لە دادگاى چەغڵەیان لە ئیستەنبوڵ بۆ جارى سێیەم بەڵگەنامەى دەستبەکاربونى وەک سەرۆکى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵى پێدرایەوە.
ئیمامئۆغڵو سوپاسى ئیستەنبوڵییەکانى کرد و راشیگەیاند، ئەنجامى سندوقەکان پەیامێک بوو بۆ دەسەڵات، ئیتر نابێت دەسەڵات عینادى لەگەڵ دەنگدەردا بکات.

جمهورییەت

جەهەپە میللەتى هۆشیار کردەوە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى گشتیى جەهەپە رایگەیاند، لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا ئەو شوێنانەى سەرکەوتنمان تۆمارکرد شتێکى چاوەڕواننەکراو نەبوو، گەلى تورکیا هۆشیاربووەتەوە لە سیاسەتى هەڵەی حکومەتى ئاک پارتى، لوتبەرزى ئاک پارتى وایکرد میللەت کارتى سوورى لەسەر سندوقەکان پیشان بدات.

قەرار

لە وان دادپەروەریی سەرکەوت
بە پێدانى بەڵگەنامەى دەستبەکاربوون بۆ عەبدوڵا زەیدان سەرۆکى گەورەشارەوانیی وان، تورکیا لە عەیبێکى دیموکراسی گەڕایەوە، پێدانى بەڵگەنامەى دەستبەکاربوون لەلایەن دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەوە لە ئەنجامى فشارى رای گشتی و چین و توێژە جیاوازەکانەوە بووە، دواجار ماف بۆ عەبدوڵا زەیدان گەڕایەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button