پارتى سەرجەم داواکارییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە

زووم:

دوو هەفتەیە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە، لەو ماوەیەدا دەیان بەرپرسی عێراق و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتانی زلهێز هاتوونەتە هەولێر، تا پارتی لە بڕیارەکەی پاشگەزبکەنەوە، بەڵام تائێستا وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەو داواکارییانە نییە.

حەوت ساڵ لەمەوبەر و پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، دۆخێکی هاوشێوە هاتە پێش.

ئەوکات وڵاتانی جیهان و بەشێک لە لایەنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوایان لە مەسعود بارزانی کرد، لە بڕیاری ریفراندۆم پاشگەزبێتەوە، بەڵام بارزانی بڕیارەکەی خۆی بردەسەر، پاش سێ هەفتە رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆیەوە نیوەی خاکی باشووری کوردستان کەوتەوە ژێر دەستی حکومەتی عێراق.

ئێستا جگە لە وڵاتانی جیهان، بەنزیکەیی، تەواوی لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێم داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن لە کاتی دیاریکراو، پێیانوایە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، دۆخێک بۆ قەوارەی هەرێم دێتەپێش، مەترسییەکانی لە رووداوەکانی دوای ریفراندۆم کەمتر نابێت.

پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی دەڵێن، رەتکردنەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بەوشێوەیەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە، لە بەرژەوەندیی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

پارتی نایەوێت بچێتە ژێرباری هیچ یەکێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، لە دۆسیەی مووچەوە بیگرە تا دەگاتە بابەتی هەڵبژاردن، هیچ ئاوڕێکیش لە هۆشدارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ناداتەوە.

یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەڵێن، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، دۆخێکی هاوشێوەی ریفراندۆم رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی پارتی وەک رۆژەکانی پێش ریفراندۆم پێیان وانییە ئەگەر هەڵبژاردنیش نەکرێت، هیچ رووبدات.

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی پارتی لە سلێمانی بە متمانەوە جەخت لەوەدەکاتەوە، هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت و دادگای فیدراڵی ناتوانێت هیچ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بکات، دەشڵێت، “ئەگەر توانی با بیکات”.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button