پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: هەڵبژاردنی 31ـی ئازار دیموکراسییانە و بێگەرد نەبوو

 زووم:

محەمەد زەکی، پەرلەمانتاری دەم پارتییە لە باکووری کوردستان. رۆژنامەنووس هێژا دڵشاد، بەرپرسی دیسکی باکووری کوردستان و تورکیای زووم، لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئازاری 2024ـی تورکیا، شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان، ساختەکاری و دەنگی نایاسایی، دەنگەکانی پارێزگای شرنەخ، پارێزگاکانی دیکە و پەیڕەوکردنی سیاسیەتی قەیوم لە هەمبەر شارەوانییەکانی کورد، گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ناوبراودا ئەنجامداوە.

محەمەد زەکى، پەرلەمانتارى دەم پارتى رەخنەی لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئازاری تورکیا گرت و گوتی، “پرۆسەکە بێگەرد و دیموکراسییانە بەڕێوەنەچوو”.
زەکی باسی لەوە کرد لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا 52 هەزار دەنگى نایاسایی لە سنوورى شارەوانییەکانیان هەبووە و گوتی، بەتەنها لە شرنەخ نزیکەى هەشت هەزار و400 دەنگى نایاسایی هەبووە.
سەبارەت بە تانەدان و سکاڵاکردن لەبارەی ئەو “دەنگە نایاساییانەوە”، ئەو جەختیکردەوە لەوەی وەک دەم پارتی تانەی خۆیان پێشەکەش بە دەستەى باڵاى هەڵبژاردن کردووە.

پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنى 31ى ئازار لە پڕۆسەیەکى دیموکراسیدا بەڕێوەنەچووە، بەتایبەت لە باکوورى کوردستان و لە شرنەخ، بە گوتەی خۆی “ساختەکاریى زۆر” لە دژى کاندیدەکەی ئەوان کراوە.

ئەو دەنگدەرانە یەک بە یەک ئاشکرامان کردووە

گوتیشی، لە بەدواداچوونى دەستەى هەڵبژاردنى پارتەکەیان، بۆیان دەرکەوتووە “ئەو دەنگدەرە ساختانە” لە پارێزگاکانى دیکەى تورکیاوە؛ قەستەمئۆنو، قۆنیە، ریزە، یۆزگات و دیلۆک بردراون و لەسەر پارێزگاى شرنەخ تۆمارکراون.

محەمەد زەکی گوتی، یەک بە یەکی ئەو دەنگدەرانە دەناسن و هەموویان پۆلیس، جەندرمە و گوندپارێزەکان بوون.
لە درێژەى قسەکانیدا، ئاماژەى بەوەشکرد، رۆژی ٣ـی نیسان دەم پارتى بەفەرمى تانەى خۆى پێشکەش بە دەستەى باڵاى هەڵبژاردن لە ئەنقەرە دەکات.

هەر لەبارەی بوونی “دەنگی نایاسایی” و “ساختەکاری” لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، بەدەر لە شرنەخ، لە چەند پارێزگایەکى باکوورى کوردستان، 52 هەزار دەنگى نایاسایی هەبوون، لە پارێزگاکانی ئیدر، موش، بەدلیس، جۆلەمێرگ، وان و قەرس “دەنگى نایاسایی” تۆمارکراون، لە دەیان پارێزگا و شارۆچکە بەشێوەیەکى نایاسایی دەنگى پۆلیس و سەرباز و دەنگی تازە تۆمارکراوە.

محەمەد زەکی، پەرلەمانتاری دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا ساڵانێکە لایەنگریی ئاک پارتی دەکات و گوتی، “گومانمان لە بریارەکانى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا هەیە، ئێمە دەستبەردارى ئیرادەى خۆمان نابین و لێپرسینەوە لە دەنگەکانمان دەکەین”.

لەبارەی ئەگەرى پەیڕەوکردنی سیاسەتى قەیوم، محەمەد زەکی ئاماژەی بەوە دا ماوەى دوو خولى شارەوانییە دەسەڵاتى ئاک پارتى و مەهەپە سیاسەتى قەیوم لە هەمبەر شارەوانییەکانى کورد پەیڕەودەکەن و گوتی، “مافى گەلى کورد پێشێل دەکەن، ئیرادەى گەلى خۆمان رادەستى قەیوم ناکەین، تا دواسات بەرگری لە دەستکەوتەکانمان دەکەین”.

سەبارەت بە ئەگەرى لێسەندنەوەى گەورەشارەوانیی وان لە عەبدوڵا زێدان، سەرۆکى هەڵبژێردراوى گەورەشارەوانیی وان، زەکی باسی لەوە کرد، پێشتر عەبدوڵا زەیدان لەڕێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەوە رێگەى پێدرا خۆى کاندید بکات و هیچ بەربەستێکى یاسایی لەبەردەم نەبوو، بەڵام دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن، دەستەى باڵاى هەڵبژاردن داواى کرد مۆڵەتى کاندیدبوونى بگەڕێنێتەوە. گوتیشی، “ئەمە هەوڵێکە بۆ دانانى قەیوم لە گەورەشاوانیی وان، ئێمە لە دژى ئەو سیاسەتە نادیموکراتییە دەوەستینەوە”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button