لە سەرتاسەرى تورکیا دەنگەکانى جەهەپە زیادیکرد

زووم:

  رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەت:

بەسیج وادەى مانۆڕە دەریاییەکەى راگەیاند
عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەى هێزە دەریاییەکانى ئێران رایگەیاند، بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەلەستین، هەینى داهاتوو لەنێو کەنارى دەریاکانى وڵاتەکەیاندا گەورەترین مانۆڕی دەریایی ئەنجام دەدەن.
لە هەمانکاتیشدا لە وڵاتانى عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان، کە بە وڵاتانى پشتیوانی کێشەى فەڵەستین بەناوبانگن، ئاڵاى ئەو وڵاتە بەرزدەکرێتەوە.
بەگوێرەى لێدوانى تەنگسیری، سێ هەزار کەشتیى گەورە و بچووک لەنێو ئاوەکانى ئێراندا بەشداریی دەکەن و ئامانجیش پشتیوانىکردنى گەلى فەلەستین و پاڵپشتیى ئەو بەرگرییانەیە کە لە دەریاى سووردا لە دژى هاوکاریکردنى ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن.

سەباح:

کۆمپانیاکانى چین و سەنگاپوورە و ئیمارات لە پێشبڕکێی خستنەکارى بەندەرى فاودان
مەیسەم سافى بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان سەرقاڵی واژۆکردنى گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکانى بوارى دروستکردنى بەندەر بۆ خستنەگەڕی بەندەرى فاو لە پارێزگاى بەسرە و لە رۆژانى داهاتوودا ناوى ئەو کۆمپانیا ئاشکرا دەکەن، کە گرێبەستەکەی بۆ دەردەچێت.
راشیگەیاند، کۆمپانیا بەناوبانگەکانى چین و سەنگاپوورە و ئیمارات لەوبارەیەوە داوایان پێشکەش کردووە و لە تاوتوێی کۆتایی گرێبەستەکان نزیکبوونەتەوە.


عەرەبی جەدید:

لە عێراق تەنها دیپلۆماتکارانى ئەمریکا و ئێران کارى سیاسی دەکەن
عێراق پڕیەتى لە نوێنەرى وڵاتان و زۆرینەیان سەرقاڵی کارى کۆمەڵایەتى و میدیایی و وێنەگرتنن لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانن، نوێنەرانى ئێران و ئەمریکا نەبێت سەرقاڵی جێبەجێکردنى ئەجێنداى سیاسیی خۆیانن.
محەمەد باسم، یەکێکە لە نووسەرە بەناوبانگەکانى رۆژنامەى عەرەبی جەدید، لە راپۆرتێکدا نوسیوویەتى، باڵێوزی زۆرینەى وڵاتان یان لە کۆنسێرتەکانى گۆرانى و مۆسیقان، یان لەنێو بازاڕەکاندا جلوبەرگ و خواردن و کەلتوورە عێراقییەکان تاقیدەکەنەوە، یان ئەوەیە سەرقاڵی ئەنجامدانى بۆنەى جۆراوجۆرن و نازانن لە عێراق چی دەگوزەرێت، جگە لە دیپلۆماتکارە ئێرانى و ئەمریکییەکان، کە سەرقاڵی جێبەجێکردنى ئەجێنداى خۆیانن و ئەو لایەنانەشیان تا رادەیەکی زۆر فەرامۆش نەکردووە.


دەستوور:

عێراق بەدەست کرێکاری بەنگلادیشییەوە هاوارى لێهەستاوە
فازڵ عەزاوى، سەرۆکی ناوەندى ستراتیجیى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک گرووپى تاوانکارى و نایاسایی لە پشت هاوردەکردنى کرێکارى نایاساییەوەن و بازرگانى بە گیانى ئەو کرێکارانەوە دەکەن و بە ناوى گەشتیاری شوێنەوار و ئاینى و پەنابەرییەوە دەیانهێننە عێراق، زۆرینەى ئەو کرێکارانەش بەنگلادیشى و عەرەبی سوریین.
عەزاوى راشیگەیاند، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتاى ٢٠٢٤ـدا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەستگیرکراون و گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان.

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف:

باجی سەر تۆماری خانووی دووەم دەبێت بە دووهێندە
مایکل گەوڤ، شیکەرەوەی ئابووریی ئەم رۆژنامەیە دەڵێت، زیاد لە ١٥٠ شارەوانیی نێو بەریتانیا باجی سەپێندراو بەسەر تۆمارکردنی خانووی دووەم بەرزدەکەنەوە بۆ دوو هێندە. ئەم بڕیارە زیاد لە ١٣٠ هەزار موڵک دەگرێتەوە.
بڕیارە لە ساڵی داهاتووەوە رێژەی سێ لەسەر چواری ئەو موڵکانەی وەک خانووی دووەم بە ناوی هەر کەسێکەوە تۆماردەکرێن، باجەکەیان بەرزبکرێتەوە بۆ دوو هێندە.
ئەم شیکەرەوەیە دەڵێت، بڕیارەکە لە مانگی نیسانی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لەنێو بەریتانیادا نزیکەی ١٥٥ هەزار و ٢٠٠ کەس هەن، کە زیاتر لە خانوویەک بە ناویانەوە تۆمارکراوە و بڕی ٢١٥ ملیۆن پاوەن دەچێتە سەر داهاتی شارەوانییەکان.

واشنتن پۆست:

سەردانی ئێف بی ئای بۆ ماڵی ژنێکی موسڵمان باڵی راستڕەوەکانی تووڕەکردووە
ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە، کە لە رۆژێکی جوانی بەهاریدا تۆمارکراوە. سێ کەس، کە خۆیان وەک کارمەندی ئاژانسی هەواڵگریی ئێف بی ئای دەناسێنن، دەچنە بەردەرگای ماڵی ژنێک و پێیەوە دیارە بە سەردانەکەیان خۆشحاڵ نییە.
ژنەکە مۆبایلەکەی خۆی بەکاردەهێنێت و دیدارەکەیان تۆماردەکات، پاشان داوایان لێدەکات ناسنامەکانی خۆیانی پیشان بدەن بۆ ئەوەی بیانناسێت و بزانێت کێن، ئەوان پێی دەڵێن “ئێف بی ئای”ـن و هاتوون لەبارەی هەندێک پۆست کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردوونەتەوە، قسەی لەگەڵدا بکەن، ژنەکەش تووڕە دەبێت و دەڵێت، “ئێ کەواتە ئیتر ئێمە لە وڵاتێکی ئازاددا ناژین. من هیچ وەڵامێکتان نادەمەوە و بچن قسە لەگەڵ پارێزەرەکەمدا بکەن”.
سەردانکەرەکان تێدەگەن وا خەریکە سەردانەکەیان ئەنجامی نامێنێت، یەکیان دەست دەکات بەوەی بابەتەکەی بۆ روون بکاتەوە، پێیدەڵێت، “فەیسبوک وێنەی دوو پۆستی تۆی بۆ ناردووین، دەبێت لەسەر ناوەڕۆکەکەی لێکۆڵینەوەت لەگەڵدا بکەین”. ژنەکە دەڵێت فەیسبوکی نییە و پیاوەکانیش بەناچاری دەگەڕێنەوە، بەڵام گەڕانەوەکەیان بووە بە مایەی بێزاریی راستڕەوەکانی ئەو وڵاتە.


گەڵف نیوز:

لە دوبەی کوڕێکی گەنج کە بۆ دەرۆزەکردن لە بەردەم مزگەوتێکدا وەستابوو لەگەڵ دایکیدا بەیەک گەیشتنەوە
پۆلیسی دوبەی دەڵێت، کوڕێکی تەمەن ١٤ ساڵ ماوەیەک بوو ماڵی خۆیانی بەجێهێشتبوو، لە بەردەم مزگەوتەکاندا دەستی کردبوو بە دەرۆزەکردن، بەهۆی پۆلیسەوە گەڕێندرایەوە بۆ لای دایکی.
پۆلیس دەڵێت، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە هەڵمەتێکی دژی دەرۆزەکردنیان لەنێو دوبەیدا دەستپێکردووە، چواردەوری مزگەوتەکانیش گەڕاون، ئەو کوڕەیان دەستگیرکردووە و بۆیان دەرکەوتووە بەهۆی بوونی کێشە لەنێو خێزانەکەیاندا ماڵەوەی بەجێهێشتووە.
عەلی شەمسی، فەرماندەی بەشی تاوان لە پۆلیسی دوبەی دەڵێت، زانیارییان لەبارەی ئەو منداڵەوە پێگەشتووە و توانیویانە بەئاسانی دەستگیری بکەن، پاشان دایکی بانگ کراوە و بەیەکتر گەیشتوونەتەوە.


ئۆرشەلیم پۆست:

هێزە عەرەبییەکانی کەناری رۆژئاوا یارمەتیی چارەسەرکردنی رەوشی غەزە نادەن
پێکهاتەیەک لە کاربەدەستە باڵاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاوی ساردی نائومێدییان رژاند بەسەر پریشکی ئومێدی ئەوەدا، کە هێزێکی تێکەڵی وڵاتە عەرەبییەکان بتوانێت دۆسیەی پاراستنی ئاسایشی نێو غەزە بگرێتە دەست و ئیدارەی بدات. چەند سەرچاوەیەک دەڵێن ئەو بەرپرسە ئەمریکی و ئیسرائیلییانە نزیک بوون لەوەی قایل ببن بە پرۆژەیەک کە ئەمریکا پێشنیاری کردبوو، دەیویست داگیرکردنی رەفەح رابگرێت.

  رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت:

لە سەرتاسەرى تورکیا دەنگەکانى جەهەپە زیادیکرد
لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا دەنگەکانى جەهەپە لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە زیادیکرد و هەڵبژاردنى لە سەرتاسەرى تورکیا بردەوە. هەروەها لە ئیزمیر، مەنیسا، بورسە، بەڵککەسەر، دەنیزلى، ئەنتاڵیا، ئەدەنە، مێرسین، ئایدن، تەکیرداغ و ئەسکیشەهیر شارەوانی بردەوە.


ئەڤرەنسەل:

دواجار بەرەى گەل سەرکەوت
لە ئەنجامى سیاسەتى چەوتى حکومەت و خراپیی ئابوورى تورکیا، ئاک پارتى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا گورزێکى کوشندەى بەرکەوت، دەنگەکانى کاندیدى جەهەپە لە ئیستەنبوڵ بە رێژەى سەدا ١٠ زیاترە لە کاندیدەکەی ئاک پارتى، جگە لەوەش ئاک پارتى لە ٢٤ شارەوانی ناوچەیی ئیستەنبوڵدا هەڵبژاردنى دۆڕاند.


سۆزجو:

سەرکەوتنەکەى جەهەپە درۆی نیسان نییە
لەم هەڵبژاردنەدا، لە بەرامبەر دروشمە باوەکانى ئاک پارتى؛ درۆکردن، پاساوهێنانەوە بۆ تیرۆر، خراپیی دۆخی ئابوورى، هاووڵاتیانى تورکیا کارتى سووریان پیشانى ئاک پارتى دا.
لەم هەڵبژاردنەدا، جەهەپە بەبێ ئەوەی هیچ رێککەوتنێکى سیاسیی لەگەڵ هیچ لایەنێک هەبێت، توانى لە 38 شار رێژەى دەنگەکانى یەکەم بێت.


تورکیا:

تووڕەبوونى گەل دەنگەکانى جەهەپەى زیادکرد
نیگەرانیى خانەنشینان لە بژێوییان، زیادبوونى هەڵاوسان و قەیرانى ئابوورى، بە پشتیوانیى دەنگەکانى دەم پارتى و ئی پارتى، جەهەپە توانى لە ئیستەنبوڵ و چەند پارێزگایەکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. زیادبوونى شارەوانییەکانی جەهەپە، پەیامێکى گەورەى هاووڵاتیان بوو لەسەر سندووقى دەنگدان بۆ حکومەتى ئاک پارتى.

هەواڵی زیاتر

Back to top button