لە نەورۆزدا 25 کۆڵبەری بەلووچ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون

زووم..

 

لە ماوەی 10 رۆژی نەورۆزدا لانیکەم 43 کۆڵبەری بەلووچ بەهۆی تەقەی سەربازانی ئێران و رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

ماڵپەڕی حال وەش، تایبەت بە بەڵگەکردنی کێشەکانی بەلووچستان، راپۆرتێکی لەبارەی کوشتنی کۆڵبەرانی بەلووچ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە 10 رۆژی رابردوودا 25 کۆڵبەری بەلووچ گیانیان لەدەستدا و 18ـی دیکەش برینداربوون، زۆربەیان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران بووە.

ئەم بابەتە کاردانەوەی خەڵکی ناوخۆی ئێرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە و قسە و باسی زۆری لەبارەوە دەکرێت.

بەگوێرەی راپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، لە ساڵی رابردوودا 172 کۆڵبەری بەلووچ کوژران و 42 کۆڵبەریش بریندار کراون، 11ـیان منداڵ بوون.

پارێزگای بەلووچستان هەژارترین پارێزگای ئێرانە و تەشەنەسەندنی هەژاری و بێکاری لەو پارێزگایە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەیەک بە ناوی “کۆڵبەری سووتەمەنی”.

ژن و پیاو و تەنانەت منداڵانیش بەرمیلی سووتەمەنی دەگوازنەوە بۆ ئەودیوی سنوورەکانی پاکستان، لە بەرامبەریشدا هەقدەستێکی کەم وەردەگرن.

نەبوونی هەلی کار لە سیستان و بەلووچستان، خەڵکی ناچار کردووە وەک کوردستان، کۆڵبەری بکەن بە تاکە رێگەی بەدەستهێنانی داهات و بژێوییەکی کەم.

خەڵکی بەلووچ هیچ رێگەیەکیان نەماوە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانیان، بۆیە لەبەر پێویستی و بێکاری روو لەو کارە مەترسیدارە دەکەن، ئەمەش قومارێکە بە ژیانیان، چونکە هەندێکجار لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە دەکرێنە ئامانج، یان بەزیندوویی دەسوتێن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button