بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی موحەسەن بەئامانجگرتنی هەژاران نییە

  رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح:

بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی موحەسەن بەئامانجگرتنی هەژاران نییە
لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیاری حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ بەئامانجگرتنی چینی هەژاران نییە.
نازم شبلی، ئەندامی لیژنەکە بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بەوەوە هەیە حکومەت بەنزین هاوردە دەکات و ئێستا نرخی بەنزین لە دەرەوە بەرزبووەتەوە.

عەرەبی جەدید:

زێلینسکی بەرپرسانی وڵاتەکەی لەکار دووردەخاتەوە
روسیا هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراین چڕکردووەتەوە و سەرۆکی ئۆکراینیش ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی لە ئەرکەکانیان دووردەخاتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا ڤۆلۆدێمێر زێلینسکی گەورە یاریدەدەرێکی خۆی بە ناوی سێرگی شیڤێر لە ئەرکەکەی دوورخستووەتەوە، لە کاتێکدا ناوبراو لە ساڵی 2019ـەوە وەک یاریدەدەری یەکەمی زێلینسکی دەستبەکاربووە.


شەرقولئەوسەت:

تاران رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە بریندارکردنی بێژەرەکەی “ئێران ئینتەرناشناڵ”ـەوە هەبێت
باڵیۆزی ئێران لە لەندەن، لە ئێکس نووسیویەتی “شتێکی سەیرە دوای تەنها سێ کاتژمێر لە رووداوەکە و بەبێ بوونی هیچ راپۆرتێکی فەرمی، پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رادەکێشرێت”
باڵیۆزەکەی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە بریندارکردنی ئەو رۆژنامەنووسەوە نییە.


زەمان:

چاوەڕێ دەکرێت دادگای فیدراڵیی عێراق هەرێم پابەند بکات بە داخستنی کەمپی ئاوارەکان
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵایەکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەدات، کە لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەزیری ناوخۆی هەرێم تۆماریکردووە، چاوەڕوان دەکرێت دادگا، حکومەتی هەرێم پابەند بکات بە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی سەرجەم کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

سەندەی تایمز:

هێرشە بۆمبییەکەی پوتین ئۆکراینی داچڵەکاند
خەڵک دەڵێن سەنگەری سەربازە ئۆکراینییەکان چەند زیاتر قووڵ بووایە، ئەوەندە زیاتر هەلی مانەوەیان بەزیندوویی دەبوو. ئەو بۆمبە نوێیەی رووسییەکان بەکاریانهێنا، ورە و هێزی بەرگەگرتنی سەربازە ئۆکراینییەکانی خستە بەر تاقیکردنەوە، کە ئایا بەرگە دەگرن یان نا!
لە دەرەوەی شارۆچکەی لیمەن تەقینەوەی بۆمبێکی ١٥ مەتریی رووسی چاڵێکی دروست کردووە لە هەموو ئەو سەنگەرانە قووڵترە سوپای ئۆکراین لە ماوەی شەڕەکەدا لە سنووری دۆنباس هەڵیانکەندووە. ئەو چاڵە هێندە قووڵ و فراوانە جێگەی خانوویەکی تێدا دەبێتەوە. بۆیە ئەگەر سەربازە ئۆکراینییەکان پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی رۆژئاوایان لەگەڵدا نەبێت، مەگەر هەر نزا بکەن خودا بیانپارێزێت.

واشنتن پۆست:

لەنێو ئاوە قووڵ و لێڵەکانی بەرازیلدا راستیی رۆڵی ئەمریکا لە بەکۆیلەکردنی خەڵکدا ئاشکرا بوو
گیڵسن رامبڵی، توێژەرێکە بە بەلەمەکەیەوە بەرەو ئاڕاستەی ئاوە قووڵ و لێڵەکان ملی رێگەی گرت و بیری لەلای کۆکردنەوەی بەڵگە بوو لەسەر ئەو تاوانانەی ساڵانێک بوو خەویان لێی دەزڕاند. لەبەرئەوەی بەڵگەکانی سەر ئەو تاوانانە لە قووڵایی ئەو ئاوەدا بەنهێنی مابوونەوە.
رامبڵی توێژەرێکی بەرزیلییە، لەو بڕوایەدابوو شوێنەواری کەشتییەکەی ناتانێڵ گۆردن، کە ناوی کەشتیی کامارگۆ بوو، لەو شوێنەدا نوقم بووبێت.
گۆردن ئەو کەشتییەی بۆئەوە بەکاردەهێنا کۆیلە ئەفریقییەکان بە قاچاخ بپەڕێنێتەوە، ئەو بەیانیە تاریک و تەماوییەی مانگی دیسەمبەر رامبڵی خۆی و تیمەکەی هاوڕێی، خۆیان گەیاندە دوورگەیەکی نزیک ریۆدی جانیرۆی پایتەخت، لەو دوورگەیەوە بەرەو قووڵایی ئاوەکە بەڕێکەوتن. لەوێدا شوێنەواری ئەو کەشتییەیان دۆزیەوە، کە لە ساڵی 1852ـدا کەشتیەکە و 500دانە کۆیلەی فڕێندراوی خەڵکی مۆزەمبیقیشیان فرۆشت بە دەرەبەگەکانی خاوەن باخی بەرهەمهێنانی قاوە لە بەرازیل، بەڵام پاش فرۆشتنەکەی، ناتانێڵ خۆی کەشتییەکەی سووتاند.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ:

مەسیحییەکانی جیهان یادی هەینیی پیرۆز دەکەنەوە
وێنەی ژنێکی بڕواداری ئاینی مەسیحی بووە بە دیمەنی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەم ژنە ئاهەنگ بۆ یادی هەینیی پیرۆزی مەسیحییەکان دەگێڕێت، پەیکەرێکی بچووکی مەسیحی لەخاچدراوی بەدەستەوەیە، لەنێو شاری کەمپالای سەربە وڵاتی ئۆگەندا بەرەو بینای کڵێسای کاسۆلیکی دەچێت.
پاپا فرەنسیس لەبەرئەوەی لە ئاهەنگەکانی یادی جەژنی ئیستەردا ماندوو بووبوو، لە رۆما مایەوە و لە بۆنەی هەینیی پیرۆزدا دەرنەکەوت.

ئۆرشەلیم پۆست:

بە ئومێدی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەست شاندێکی ئیسرائیلی بەرەو قاهیرە دەکەوێتەڕێ
شەوی رابردوو نووسینگەی سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شاندێک لە سەرکردایەتیی مۆساد و ئاژانسی ئەمنیی ئیسرائیل، کە بە شین بێت ناسراوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرەو قاهیرە دەکەونە ڕێ.
ئامانجی سەردانەکەیان دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانە لەسەر کەیسی بەبارمتەگیراوەکان. شاندە ئیسرائیلییەکە بڕیاریان وایە درێژە بە گفتوگۆکردن بدەن، بەڵام هێشتا ئەوە روون نییە تا چ ئاستێک بەرپرسیارێتی و توانای بڕایاردان بە ئەندامانی شاندەکە دراوە. ئەگەرچی ئەمڕۆ یەکشەممە هەندێک لە ئەندامانی شاندەکە بەجیا بەرەو قاهیرە دەکەونە ڕێ.
دەنگی ناڕەزایی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئیسرائیل بەرزبووەتەوە، داوای لادانی نەتانیاهۆی سەرەکوەزیران دەکەن و دەڵێن دەبێت کەسێکی دیکە جێگەی بگرێتەوە، کە بتوانێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، داواشدەکەن نەتانیاهۆ لە پۆستەکەی لابدرێت.

 رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو:

17 وەزیر لە مەیدانەکان بوون بەڵام مایەپووچ دەرچوون
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا،17 وەزیرى ئاک پارتى لەنێو خەڵک بانگەشەیان بۆ کاندیدى شارەوانییەکانیان دەکرد، وەک بڵێى ئەو وەزیرانە هیچ کارێکى دیکەیان نەبێت و هەر حکومەتەکەى ئەوان نەبێت باج و گرانییان بەسەر خەڵکدا هێنابێت. ئەو وەزیرانە لە مەیدانەکان پێشوازییەکى گەرمیان لێنەکرا.

جمهورییەت:

ئەمڕۆ جەژنى دیموکراسییە
ئەمڕۆ گەلى تورکیا سەرۆک شارەوانی بۆ پێنج ساڵى ئایندە دیاری دەکات، رۆشتن بۆسەر سندووق و بەشداریکردن لە پڕۆسەى دەنگدان گرنگە. لەم هەڵبژاردنەدا ئەو هاووڵاتییانەى لە دەرەوەى تورکیا دەژین بەشداریى دەنگدان ناکەن.

تورکیا:

لە هەڵبژاردنەکەى ئەمڕۆدا نزیکەى یەک ملیۆن کاندید رکابەرى بۆ 76هەزار کورسی دەکەن
لە هەڵبژاردنەکەى ئەمڕۆدا نزیکەى یەک ملیۆن کاندید رکابەرى بۆ 76هەزار کورسی دەکەن، سەرۆک شارەوانی بۆ هەزار و 393شارەوانی هەڵدەبژێردرێت.
207 هەزار سندووق بۆ دەنگدان ئامادەکراوە، 61 ملیۆن و 400 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە.


ئاکیت

ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن لە 81 پارێزگا تەواو بووە، ئەمڕۆ هەڵبژاردن لە 81 پارێزگا، 973 قەزا، 390 ناحیە بەڕێوەدەچێت. ئەو سەرۆکشارەوانییەى هەڵدەبژێردرێت بۆ ماوەى پێنج ساڵ لەسەر کارەکەی دەبێت. زیاتر لە 61ملیۆن کەس ئیرادەى خۆیان بە دەنگدان بۆ سەرۆک شارەوانیی داهاتوویان لەسەر سندووقەکان بەکاردەهێنن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button