ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیار تۆن خاشاک لە جیهاندا فڕێدەدرێت

زووم…

رۆژی ٣٠ـی ئازاری هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی فڕێدانی پاشەڕۆ و خاشاک دیاریکراوە.

لەم رۆژەدا رێکخراوەکانی ژینگە بە چالاکیی جۆراوجۆر باس لە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە دەکەن و هاووڵاتیان لەو مەترسیانە هۆشیار دەکەنەوە.

رۆژی جیهانیی “زیرۆ وەیست” یاخود “سفر خاشاک” لە ساڵی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی حەفتاوحەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لێدراوە.

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا دوو ملیار و ١٠٠ ملیۆن تۆن بۆ دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن تۆن پاشەڕۆ و خاشاکی رەق فڕێدەدرێن، هەروەها زیاتر لە دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا هیچ رێگەیەکیان بۆ کۆکردنەوەی خاشاک نییە و راستەوخۆ خاشاکەکە فڕێدەدەنە ژینگەوە، ئەمەش پێچەوانەی هەوڵی رێکخراوەکانی بواری ژینگەیە بۆ رێگری لە بەفیڕۆدان.

هەر بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە دوو ملیار کەس، کە لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری شارەکان دەژین، ناتوانن خاشاکەکانیان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی دواتر لە بەرهەمهێنانەوەدا سوودی لێ ببینرێت.

پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ بڕی خاشاک و پاشەڕۆی فڕێدراو لە جیهاندا ساڵانە بگاتە سێ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن تۆن، ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، چەشنی زیندەوەران، هەروەها لە رووی ئابوورییەوە زیانی گەورە بە وڵاتان دەگەیەنێت.

ئەڵمانیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە زۆرترین کاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕێدانی خاشاک کردووە و بەگوێرەی داتاکان ئەو وڵاتە لەساڵی ٢٠٠٢ـەوە لەسەدا ٥٦ـی خاشاک و پاشەڕۆی فڕێدراو لە بەرهەمهێنانەوەی شتومەکدا بەکاردەهێنێتەوە و ئێستاش وڵاتەکە سوود لە زیاتر لەسەدا ٦٦ـی خاشاکی وڵاتەکە دەبینێت بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە و بەکارهێنانەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button