ساڵێک مانەوە دەتکاتە خاوەنى رەگەزنامەى عێراقى

بەرپرسێکى تالیبان: من نوێنەرى خودام و ئێوەش نوێنەرى شەیتانن

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

 

شەرقولئەوسەت

بەرپرسێکى تالیبان: من نوێنەرى خودام و ئێوەش نوێنەرى شەیتانن

هیبەتوڵا ئاخوند زادە، سەرۆکی دادگاى شەرعی بزووتنەوەى تالیبانى ئەفغانستان دەڵێت، لەمەودوا دەستدەکەینەوە بە جێبەجێکردنى شەریعەتى ئیسلامى و هەر کەسێک تاوانى زیناى لەسەر ساغ ببێتەوە لەنێو خەڵکدا ئەگەر هاوسەرگیریی نەکردبوو جەڵدى لێدەدەین و ئەگەر هاوسەریشی هەبوو بەردبارانى دەکەین.
لێدوانەکەى ئاخوند زادە هاوکاتە لەگەڵ نیگەرانى و ناڕەزایەتى زۆری رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و مافەکانى مرۆڤ، بەشێکى زۆریش لە ژنانى ئەو وڵاتە و پێیان وایە ئەو کارە سوکایەتییە بە 14 ملیۆن ژنى ئەو وڵاتە.
ئاخوندزادە لەوەڵامدا گوتویەتى، من نوێنەری خودام و شەریعەتەکەى ئەو جێبەجێ دەکەم، ئێوەش نوێنەرى شەیتانن و دیموکراسییەت جێبەجێ دەکەن.
سەحەر فیترات، توێژەر لە رێکخراوى هیومان رایس ووچ رایگەیاندووە، بزووتنەوەى تاڵیبان لە ساڵی 2021ـەوە هەموو یاسا بەرکارەکانى هەڵوەشاندووەتەوە و کار بە شەریعەت دەکات و تەنها لە مانگی شوباتى ئەمساڵدا 417 ئافرەتى ئەفغانى لە شوینە گشتییەکاندا جەڵدیان لێدراوە و بەشێکیشیان بەردباران کراون، بەمەبەستى چاوترسێنکردنى خەڵک یان وەک خۆیان دەڵێن بۆ وانەوەرگرتنى ئەوانى دیکە خەڵکیان کۆکردووەتەوە، بەڵام رێگەیان نەداوە بە وێنەگرتن.

 

 

 

عەرەب

ساڵێک مانەوە دەتکاتە خاوەنى رەگەزنامەى عێراقى

بڕیارە یاسای پێدانى رەگەزنامەى عێراقى هەموار بکرێتەوە و یەکێک لە گۆڕانکارییەکان ئەوەیە هەر هاووڵاتییەکى بیانى بۆ ماوەى یەک ساڵ لە عێراق بمێنێتەوە مافى رەگەزنامەى پێدەدرێت و ئەم پێشنیازەش لە شەقامی گشتى عێراقیدا نیگەرانى زۆرى لێکەوتووەتەوە و مشتومڕی زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە.
شارەزایان پێیان وایە ئەم هەموارکردنەوە لە بەرژەوەندى سیاسەتى ئێراندایە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە هەژموونى خۆیان لەم وڵاتەدا زیاتر بکەن.
بەگوێرەى یاساى پێدانى رەگەزنامەى 2006ـى عێراقى دەبێت هاووڵاتییانى بیانى بۆ ماوەى 10 ساڵ لە عێراق بمێننەوە، بەڵام لە ئێستادا پێشنیازکراوە لە 10 ساڵەوە کەمبکرێـتەوە بۆ یەک ساڵ، ئەوەش لە بەرژەوەندى سیاسەتى ئێرانە لەم وڵاتەدا، چونکە ژمارەیەکى ئیجگار زۆر هاووڵاتییانى ئێرانى بۆ کارکردن و خوێندن لە حەوزە عیلمییەکانى شیعە لە عێراقن و سوود لەو یاسایە دەبینن، مەترسییەکەش لە کاتێکدا زیاتر دەبێت بەگوێرەى دەستوور هەموو هاووڵاتییەکى عێراقى مافى ئەوەى پێدراوە کە زیاد لە رەگەزنامەیەکى هەبێت.

 

 

 

قودسی عەرەبی

ئۆنروا: لەسەرەتاى جەنگى غەزەوە تائیستا 171 کارمەندمان کوژراون

ئاژانسى بەهاناوەچوون و هاوکاریکردنى فەلەستین ناسراو بە ئۆنۆروا رایگەیاند، لە سەرەتاى جەنگی غەزەوە تائیستا 171 کارمەندیان کوژراون.
فیلیپ لازارینى، رێگەپێدراوى گشتى رێکخراوى ئۆنروا رایگەیاند، بڕیارە نوێیەکەى دادگاى نێودەوڵەتى بە ئاشکرا رایگەیاندووە کارەساتى مرۆیی غەزە تا دێت بەرەو گەورەبوون دەچێت و داواى لە ئیسرائیلیش کردووە هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بکات بۆئەوەى هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێتە دانیشتوانى غەزە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام رێگرییمان لێدەکات و هێرش دەکاتە سەرمان و بەو هۆیەوە 171 کارمەندمان کوژراون.

 

 

عەرەبی جەدید

گۆڕانکاری پێیەکانمان لە تەمەنى پەنجا ساڵیدا

توێژینەوەیەکى تەندروستى دەریخستووە پییەکانى مرۆڤ لە ماوەى تەمەنیدا چەندین گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و تەنانەت لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی دیکە گۆانکارییان بەسەردا دێت.
تویژینەوە زانستییەکە دەریخستووە کاتێک تەمەنمان دەچێتە پەنجا ساڵ و کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەسەر جەستەماندا دێت یەکێک لە ئەندامەکانى جەستەمان پێیەکانمانە و لە زۆرینەى کاتەکاندا گەورە دەبن.
توێژینەوەکە چەند هۆکارێکى دیاریکردووە لەوانەش، بەرزبوونەوەى تەمەن، زیادبوونى کیش، هەندێکجار نەخۆشی.
هەر لەو توێژینەوەیەدا هاتووە، بۆئەوەى کێشەمان بۆ دروست نەبێت دەبێت هەموومان ئاگامان لە قاچەکانمان بێت، لەوانەش، گرنگیدان بە تەندروستى گشتى، نینۆکەکان، رۆژانە چەند جارێک قاچەکانمان بشۆرین، شەوانە مەساجى قاچەکانمان بکەین، ئاگامان لە بەرزبوونەوەى کێشمان بێت و رۆژانە بۆ ماوەى زیاتر لە نیو کاتژمێر بە پێ بڕۆین و ساڵانەش لاى پزیشکى تایبەتمەند پشکنینى تایبەت ئەنجام بدەین.

 

 

 

 

 

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

 

دەیلی تەلەگراف

رۆژنامەنووسێکی ئێرانی لە بەردەرگای ماڵەکەی خۆیدا لە لەندەن بە چەقۆ بریندار کرا

ئاژانسەکانی هەواڵ یڵاویانکردەوە، پوریا زەرعاتی رۆژنامەنووسی ئێرانیی نیشتەجێی لەندەن لە بەردەرگای ماڵەکەی دراوەتە بەر چەقۆ، لە چەند شوێنێکی جیاوازی لەشی بریندار کراوە، بەڵام لە ئێستادا تەندروستیی جێگیرە.
پوریا لەسەر کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئێران ئینتەرناشناڵ بەرنامەیەکی بە زمانی فارسی پێشەکەش دەکات.
پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی کاتێک لە ماڵەکەی خۆی هاتووتە دەرەوە دوو کەس هێرشیان کردووەتە سەرى
لەگەڵ هاتنەدەرەوەیدا لە ماڵەکەی، کەسێک رایگرتووە قسەی لەگەڵدا کردووە، کەسێکی دیکە لە هێرشی کردووەتە سەرى و لە چەند شوێنێکی جیاجیا برینداری کردووە.

 

 

تایمز

ئەو کەسانەی زۆر چاوەڕوانی خزمەتگوزاریی تەندروستی دەکەن، دواتر بەشێوەیەکی تایبەتتر گرنگییان پێ دەدرێت

هەزاران نەخۆش هەن لە بەریتانیا لەلای نەخۆشخانە خراپەکان ناوى خۆیان تۆمارکدووە بۆئەوەى نۆرەیان بێت و چارەسەر وەربگرن، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەی نۆرەگرتنەکەیان زۆری پێدەچێت، ئێستا وەزراەتی تەندروستی پلانی هەیە، ئەو کەسانە بنێرێت بۆ نەخۆشخانەی دیکە، بۆئەوەی زووتر دەستیان بگات بە وەرگرتنی چارەسەردا.
رۆژنامەکە لە باسی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەدا دەڵێت، ڤیکتۆریا ئاتکینزی وەزیری تەندروستی بەرنامەیەکی نەگونجاوی بۆ کێشەیەکی درێژخایەن داناوە. داوای لە 15 نەخۆشخانەی سەرەکی کردووە ئەو کێشەیە چارەسەربکەن، کە هەر ئەو خەستەخانانە خۆیان بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو هەموو چاوەڕوانییە.
ئەوە هەر ئەوان بوون وایان کردوە نەخۆش ماوەی ساڵ و نیوێک لەسەردا بوەستێت بۆئەوەی جآرەسەرێک وەربگرێت.

 

 

 

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

ئیسرائیلییەکان لەسەر داهاتووی شەڕەکە دابەش بوون و روانینی جیاوزیان هەیە

زڤیکا مۆر هاوڵاتییەکی خەڵکی تەلئەبیبە، کوڕێکی تەمەن 22 ساڵی هەیە، لە رۆژی 7ـى ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە فڕێندراوە، بەڵام زڤیکا لەگەڵ ئەوەدا ئاگربەست رابگەیەندرێت، ئەگەرچی لەوانەیە بە راگەیاندنی ئاگربەست کوڕەکەشی بە زیندوویی بگەڕێتەوە ماڵەوە.
زڤیکا دەڵێت، منیش بەڕاستی کوڕەکەی خۆمم مەبەستە، بەڵام لەوەش تێدەگەم، کە ئەم شەڕە بابەتێکی نیشتمانییە، ناکرێت ئێمە هەر چاومان لەسەر ژیانی کوڕەکەی خۆمان بێت، ژیانی خەڵکانی دیکەش گرنگە، بۆ نمونە منداڵەکانی دیکەى خۆم، کوڕەزا و کچەزاکانم. بە پێچەوانەی ئەوەوە ئێرە بین ئامۆ کەسێکی دیکە دەڵێت، من دەمەوێت رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتە و دیلەکان بکرێت، ئەگەر ئەو رێککەوتنە حەماسیش بهێنێت سەر دەستەڵات لە ئیسرائیلدا. بە هەر نرخێک بێت دەبێت شەڕ رابوەستێت.

 

 

 

واشنتن پۆست

کەشتییەکە چەواشە ببوو، خۆیان نەیانویستووە هەڕەشە بۆسەر پردەکە دروست بکەن

دەیان ساڵە هەوڵی پارێزگاریکردن لە ئەو پردە بەردەوامە، کەس نەیدەویست بیبینێت بکەوێتە نێو ئاوەکە. لەپاش بینینی رووخانی دوو بورجە بازرگانییەکەی 11ـی سێپتێمبەر، بەرپرسانی هاتوچۆی ئەمریکا لەوە دەترسان، کە رووخاندنی پردەکەی باڵتیمۆریش هێرشێکى هاوشێوە بێت و کارێکی تیرۆریستانە بێت، لەبەرئەوە هەر بەزوویی پۆلیسی هاتوچۆ بەلەم و کەشتییەکانی خۆیانیان خستەکار و دەری ناوچەی رووداوەکەیان گرت، چونکە کاتی لێدانەکەی سی و پێنج کەسی ماتۆڕسوار بە لێخوڕینی ماتۆڕەکانیانەوە بەسەر پردەکەوە بوون، بەڵام ئێستا لە لێکۆڵینەوە بەراییەکانەوە درکەوتووە، کە ئەو کارە پەلاماری تیرۆریستانە نەبووە.

 

 

 

 

 رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

حوڕییەت

24 کاتژمێر ماوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان

سبەى هاووڵاتیانى تورکیا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکشارەوانییەکان دەچنە سەر سندوقى دەنگدان. لەسەرتاسەرى تورکیا 61.4 ملیۆن کەس مافى دەنگدایان هەیە. ئاک پارتى دوو ملیۆن ئەندامى خۆى بۆ چاودێرى کردنى سندوقەکانى هەڵبژاردن ئەرکدار کردووە. مەهەپە 187 هەزار و 670 ئەندامى خۆى بۆ چاودێری کردنى سندوقەکانى دەنگدان ئەرکدار کردووە.

 

 

سۆزجو

لەکاتى دەنگدان ئەمانەتان بیرنەچێت

نرخى دۆلارێک 32 لیرەى تێپەڕاندووە و تادێت زیاتر دەبێت، خانەنشینان بە مووچەى 10 هەزار لیرەوە ژیانێکى کولەمەرگى دەژین، تامی گۆشتمان بیرچووەتەوە تەمەنمان لە نۆرەگرتن بۆ گۆشتى هەرزان تێپەڕبوو، نرخى لیترێک بەنزین بۆتە 43 لیرە، هەڵاوسان گەیشتووەتە 67%. کرێ خانوو فڕیوە، هەر ئەوە ماوە لە خەیمەدا بژین. سوودى بانقى گەیشتووەتە 50%، پەنابەرەکان بوونەتە خاوەنى ئەم وڵاتە و ئێمەش بووینەتە بێگانە. گەنجەکانمانکاریان دەستناکەوێت.

 

 

ئەکشام

لە رۆژانى جەژندا 20 ملیۆن کەس گەشت دەکەن

لەگەڵ نزیکبوونەوەى جەژنى رەمەزان، فرۆشی بلیتى ئۆتۆبوس زیادی کردووە، تائێستا 20 ملیۆن بلیت فرۆشراوە. بۆ رۆژانى جەژن کۆمپانیاکانى ئۆتۆبوسى نێوان شارەکانى تورکیا چوار هەزار گەشتیان زیادکردووە. هاوکات گەشتەکانى شەمەندەفەر و فڕۆکەش خواستێکى زۆرى لەسەرە و گەشتەکانیان بۆ رۆژانى جەژن زیادکردووە. 70%ـى ئوتێلەکان لەئێستاوە ژوورەکانیان گیراوە.

 

 

یەنى بیرلیک

تورکیا لەگەل شاندنى ئەمریکا پێداگریی لەسەر شەڕی تیرۆر کردووەتەوە

لە سەردانەکەى شاندى ئەمریکی بۆ ئەنقەرە و کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا، هاکان فیدان بە شاندەکەی راگەیاندووە، لە رووبەڕووبونەوەمان لە شەڕى تیرۆر قۆناغێکى باشمان بڕیوە. سێ ئامانج لەپشت ئەم سەرکەوتنەمانەوە هەیە، رابەرایەتییەکى سیاسیی بەهێز، تواناى ستراتیژى میللیی، هەروەها هەماهەنگى وڵاتانى دراوسێمان بۆ پرسی تیرۆر.

هەواڵی زیاتر

Back to top button