لاهور شێخ جەنگی بە حزبەکانی دەسەڵات دەڵێت یان شێوازی حوکمکردن چاک بکەن یان بڕۆن

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەت:

بلینکن بە دوای ئاگربەستدا دەگەڕێت بەڵام کاریگەریی هەوڵەکانی بە رامەڵاوە دیارنییە
لەو کاتەوەی شەڕ لە غەزە دروست بووە، ئەمە شەشەمین جارە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی کەرتی غەزە دەکات، دوێنێ لە قاهیرە بوو، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسیدا باسی لە ئەگەرەکانی گەیشتن بە ئاگربەستێک کردووە، بلینکن لەم جارەدا سەردانی میسر و سعودیەی کردووە، بڕیارە ئەمڕۆش بچێتە ئیسرائیل، هێشتا ئەو گەشتانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە شتێک لە رەوشی رامەڵا ئارام بکاتەوە.


عەرەب:

لاهور شێخ جەنگی بە حزبەکانی دەسەڵات دەڵێت یان شێوازی حوکمکردن چاک بکەن یان بڕۆن
لاهور شێخ جەنگی سیاسەتمەداری کورد داوای لە حزبە فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردستان کرد شێوازی حوکمکردنەکەیان راست بکەنەوە و واز لە عەقڵيەتی پاوانکردنی دەستەڵات بهێنن، یان ناچار دەبن لێی دووربکەونەوە بۆ ئەوەی کەس و لایەنی دیکە دەسەڵات وەربگرن، ئەم بانگەوازەی ناوبراو لەکاتێکدا بوو پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی نیگەرانییەکانی خۆیانەوە بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو ناکەن.


عەرەبی جەدید

دانوستانەکانی ئارامکردنەوە بەردەوامن و ئەمریکا دەیەوێت گەشبینی بڵاوبکاتەوە
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت لەو بڕوایەدایە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر گۆڕینەوەی بارمتەکان نزیک بووتەوە، ئەمڕۆش دەوحە پێشوازی لە گفتوگۆیەکی نێوان سەرۆکەکانی مۆساد و سی ئای ئەی و ئاژانسی هەواڵگریی میسری دەکات.
بلینکن دەیەوێت سعودیە دان بە ئیسرائیلدا بنێت، لە بەرامبەری ئەمەشدا دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان دروست بکرێت.


قودسی عەرەبی:

دەبێت پەیامێکی توند بدرێتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی رێگە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکاتەوە
جۆزێپ بۆرێڵ، نوێنەری سیاسەتی ئەمنی و کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە سەرکردەکانی یەکێتییەکە کرد نامەیەکی توند ئاڕاستەی ئیسرائیل بکەن، بۆ ئەوەی رێگری لە گەیاندنی یارمەتییەکان بە کەرتی غەزە نەکات و تێبگات پێویستە مەدەنییەکان بپارێزرێن.
بۆرێڵ گوتوویەتی، هیچ وشەیەک نییە توانای باسکردنی ئەو رەوشەی هەبێت کە لە کەرتی غەزە روودەدات، بارودۆخی ئێستای ئەوێ خراپترینە.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

وۆڵ ستریت جۆرناڵ:

ئیسرائیل بە دوای جێگرەوەیەکدا بۆ حەماس دەگەڕێت
بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە ئێستادا بە بێدەنگی و نهێنی پەرە بە پلانێک دەدەن بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێک تا یارمەتییە فریاگوازارییەکان لە کەرتی غەزەدا دابەش بکات، دواتر ئەو ئەنجومەنە ببێت بە هەنگاوێک بۆ پێکهێنانی دەزگایەکی خۆبەڕێوەبردن لەو کەرتەدا، ئەو دەزگایە وردە وردە حوکمی ناوچەکەش وەربگرێت، بۆئەوەی ببێت بە سەنگەرێکی توند بە رووی حەماسدا، بەڵام لەنێو کابینەی جەنگیی ئیسرائیلدا رای جیاواز لەسەر پێکهێنانەکەی هەیە.
بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی ئیسرائیل لەو بارەیەوە لەگەڵ سەرکردەکانی میسر و ئیمارات و ئوردندا قسەیان کردووە و داوایان لێکردوون هەوڵ بدەن چەند کەسایەتییەکی ناسراو و خاوەنکاری فەڵەستینی پێشنیار بکەن هیچ پەیوەندییەکیان بە حەماسەوە نەبێت، بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە وەربگرن.

فاینەنشیەڵ تایمز:

ئەمریکا کۆمانیای ئەپڵ تۆمەتبار دەکات بەوەی بەنایاسایی هەوڵیداوە نەیارەکانی خۆی تێکبشکێنێت
کۆمپانیای ئەپڵ ریکلامێکی بانگەشەکردنی هەیە داوا لە خەڵک دەکات بە شێوەیەکی جیاواز بیر بکەنەوە، دوێنێ پێنجشەممە حکومەتی ئەمریکی شکاتی لەو کۆمپانیایە کردووە و دەڵێت، ئەم کۆمپانیای دروستکردنی مۆبایلە ناپاکی لە دروشمەکەی خۆی کردووە و وایکردووە ملیۆنان بەکارهێنەر بۆ خۆی پاوان بکات، بەو هۆیەوە کۆمپانیاکە بووە بە یەکێک لە گرانترین کۆمپانیاکانی دنیا.
ئەم سکاڵایەی حکومەتی ئەمریکا، کە دەبوو زووتر بورووژێندرایە، دەبێت بە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە بۆ کۆمپانیای ناوبراو، چونکە بەهۆی سکاڵاکەوە ئێستا پشکنینی ورد لە دوو بازاڕی گەورەی فرۆشتنی ئەم مۆبایلانەدا دەست پێدەکات، ئەو دوو بازاڕەش بریتین لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، ئەم پرۆسەیە دەبێت بە شەڕێکی گەورە لە دژی ئەپڵ.

دەیلی تەلەگراف:

ئەگەر ئیسرائیل رێگەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە کەرتی غەزە نەکاتەوە، بەریتانیا چەکی بۆ نانێرێت
بەریتانیا ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی یارمەتییە سەربازییەکانی رادەگرێت تا ئەوکاتەی ئەو وڵاتە رێگە دەدات یارمەتییەکان بگەنە کەرتی غەزە، چونکە بەریتانیا دەیەوێت یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاو بگرێت.
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، وەزارەتەکەی ئامادەیە ڕێگەپێدانی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرێت، تا ئەو کاتەی بەریتانیا دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان رێگە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان دەدات بە کەرتی غەزە.


گاردیەن:

پارێزەرە باڵاکانی وڵات داوا دەکەن دادوەرەکان واز لە رێکخراوی (گاڕیک)ی پیاوان بهێنن
گرووپێکی شەست کەسیی پارێزەران لە ئینگلتەرا و وێڵز داوایان لە دادوەرەکان کردووە واز لە رێکخراوی دادوەرانی گاڕیک بهێنن، کە تەنها تایبەتە بە پیاوان. گاڕیک واتە مەردان. ئەم رێکخراوە لە ساڵی 1831ـدا لە لەندەن دامەزراوە، تەنها ئەو دادوەرانە دەتوانن تیایدا ببن بە ئەندام کە پیاون. بەڵام ئێستا مافناسەکان بە دادوەرەکان دەڵێن ئێوە بەگوێرەی کارەکەتان دەبێت بڕواتان بە یەکسانیی هەموو تاکەکەسەکان هەبێت، ناکرێت ئێوە ئەندامی رێکخراوێک بن، کە ژن وەرنەگرێت.
مافناسەکان گوتوویانە لەم رۆژگارەدا دەبینن دادوەرەکان دەچن دەبن بە ئەندامی گاڕیک و گاڕیکیش ژن وەک ئەندام پەسەند ناکات، ئەم کارە ئەگەر ببێت بە دیاردە، ئەوا دەبێت بە کەموکوڕی بۆ سیستمی دادوەریی وڵات.

 رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو:

رێژەى سوودى بانکى لە ماوەى 22 ساڵی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا گەیشتە لوتکە
بە بڕیارى بانکى ناوەندیى تورکیا، رێژەى سووى بانکى %45ـەوە گەیشتە %50، بەمەش رێژەى پێوانەیی لە ماوەى 22 ساڵى دەسەڵاتى ئاکپارتیدا تۆمارکرد.
چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکە کاردانەوەى نەرێنى لەسەر ئابووریى تورکیا دروست بکات.

ئەکشام:

لە 32 پارێزگاى تورکیا کاتژمێرێک زووتر پرۆسەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات
ماوەى نۆ رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا، 34 پارتى سیاسی رکابەرى بۆ هەڵبژاردنەکە دەکەن، لە 32 پارێزگاى رۆژهەڵاتى تورکیا پرۆسەى دەنگدان کاتژمێرێک زووتر دەستپێدەکات، واتە لە کاتژمێر حەوتى بەیانى تا چوارى پاشنیوەڕۆ دەبێت.

میللییەت:

تورکیا لەبارەی پرسی تیرۆر لەگەڵ عێراق و سوریا گفتوگۆ دەکات
سەرچاوەیەکى سەربازی رایگەیاندووە، تورکیا بۆ رێگریکردن لە هاتوچۆى پەکەکە لەنێوان خاکى عێراق و سوریا، لە پاش ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى عێراق کۆبووەوە، ئێستاش لە هەوڵى ئەوەدایە لەڕێگەى کەناڵە دیبلۆماسییەکانییەوە لەگەڵ حکومەتى سوریا بۆ ئەو مەبەستە کۆببێتەوە، ئامانج لەوەش بۆ فراوانکردنى پشتیوانییە لە هەردوو وڵات لە رووبەڕووبوونەوەى پەکەکە.

ئایدنڵک:

تورکیا بۆ پاراستنى سنوورەکانی لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکات
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لەپاش ئەوەی تورکیا بەمەبەستى پاراستنى سنوورەکانى بە قووڵایى 40 کیلۆمەتر لەگەڵ حکومەتى عێراق کۆبووەوە، لە ئێستادا بەهەمان ئامانج لەگەڵ ئێران لە کۆبوونەوەدایە تا سنوورەکانى توند بکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button