پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراق بۆمبێکی لەژێرپێی سەرۆکی دادگاى فیدراڵیدا تەقاندەوە

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەت

پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراق بۆمبێکی لەژێرپێی سەرۆکی دادگاى فیدراڵیدا تەقاندەوە
مشعان جبوری، پەرلەمانتارى پێشووى عێراق لەدیدارێکى تەلەفزیۆنیدا جاسم عومەیری سەرۆکی دادگاى فیدراڵی تۆمەتبارکرد بەوەى هەڕەشەى لێسەندنەوەى ئەندامێتى لێکردووە، لەبەرئەوەى لە ساڵی 2021ـدا بەشداریی کردووە لە هاوپەیمانییەکدا کە لە نێوان (رەوتى سەدر و بەشێک لە سوننە و کورد)ـەکاندا دروستکرابوو.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پێشوو کە خۆی سونییە و هەمیشە لێدوانەکانى دەبنە جێگەى سەرنجى میدیاکان، رایگەیاندووە، جاسم عومەیری نامەیەکى بۆ ناردووە و تێیدا هەڕەشەى لێکردووەو نوسیویەتى، دەبێت لەو هاوپەیمانییە بکشێیتەوە، بە پێچەوانەوە ئەندامێتى پەرلەمانت لێوەردەگرینەوە.
بە گوتەى مشعان جبوری، پاش ئەوەى سوور بووە لەسەر مانەوەى لەو هاوپەیمانێتییەدا، لە رۆژی 2121ـى ئایارى 2022 ئەندامێتى لێسەندرایەوە، بەتۆمەتى ئەوەى بڕوانامەى ناوەندییەکەى کە لە سوریا بەدەستى هێناوە ساختەیە.

عەرەب

نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئامانجى خۆی نەپێکاوە
ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەى دێنە بەردەم نوێنەر و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەکاندا هۆکارى سەرەکیین بۆ نەگەشتنە ئامانجی بەرنامەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەڵگیرسانى جەنگ، ناکۆکی ناوخۆیی، سەرهەڵدانى گرفتە سیاسییەکان لە وڵاتانى عەرەبی بەگشتى و لە عێراق بەتایبەتى رێگربوون لە گەشتن بەئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکان، بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانى کات و سامان و توانا مرۆییەکانى ئەو رێکخراوە و دواجاریش وەک رەخنەى سەرەکی رووبەڕوویان بووەتەوە.
دیارترین ئەو گلەیی و نیگەرانییانەى رووبەڕووى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێتەوە لە عێراق چارەسەرنەکردنى کەمپەکانى تایبەت بە رێکخراوى داعش و دەستگیرکراوەکانیانە کە تائێستاش زۆرینەى دۆسییەکانیان وەک خۆیان ماونەتەوە.

قودسى عەرەبی

داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى: بەڵگەى ئەنجامدانى تاوانەجەنگییەکانى ئیسرائیل بەهێزن
کەریم ئەحمەدخان، داواکاری گشتیى لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بە رۆژنامەى قودسى عەرەبی راگەیاندووە، چەندین بەڵگەمان لەبەردەستدایە دەیسەلمێنێت ئیسرائیل تاوانى جەنگی ئەنجامداوە، بەتایبەتى لە بوارى برسیکردنى هاووڵاتیانى سڤیلى غەزەدا، ئێمەش هەرچی رێگەى یاسایی هەیە لەو بوارەدا دەیگرینەبەر تاوەکو بگەینە ئەنجامێکى دروست و یاسایی.
داواکارى گشتى دادگاکە جەختى کردووەتەوە بەتەواوەتى بێلایەنى خۆیان لە دۆسییەکەدا دەسەلمێنن و بڕیاری دروست دەردەکەن و لەکاتى یەکلایی بوونەوەشدا تاوانباران سزا دەدرێن.

عەرەبی جەدید

بەرەى مقاومەى عێراقى لە تاران کۆدەبنەوە
کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراقى رایگەیاندووە، بریارە بەرەى مقاومەى عێراقى و هەندێک لایەنى دیکە لەتاران کۆببنەوە و دیارترین سەرکردەى لایەنە بەرگریخوازەکانى عێراق بەشداریی تێدا دەکەن و زۆرینەیان لە لایەن تارانەوە بانگهێشتکراون، بەڵام لەبەر نهێنى کۆبوونەوەکە کات و شوێنەکەى دیارینەکراوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، ئامانج لەو کۆبوونەوەیە بەدەمەوە چوونى میللەتانى چەوساوەیە، ئەبوحسێن حەمیداوى رایگەیاندووە: هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و سوریا راگیراوە بەڵام کۆتاییان نەهاتووە.
ئەندامێکی پەرلەمانى عێراق لە سەر لیستى چوارچێوەى هەماهەنگی کە ناوەکەى ئاشکرانەکراوە رایگەیاندووە ئەم کۆبوونەوەیە خولییەو بەگوێرەى پێویست لە تاران ئەنجام دەدرێن

  رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف

دوای شکستی لۆردەکانی بەریتانیا گەشتی ئاسمانی دیپۆرتکردنی کۆچبەران بۆ وڵاتی رواندا دواخرا

گەشتی ئاسمانیی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بەریتانیا بۆ وڵاتی رواندا دواخرا، دوای ئەوەی ئەنجومەنی لۆردەکانی ئەو وڵاتە بۆ حەوتەمین جار شکستیان هێنا لە تێپەڕاندنى یاساکەی ریشی سوناکى سەرۆکوەزیران، کە تایبەتە بە ناردنى کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە.
وادەی دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە بۆ مانگێکی دیکە لە ئەنجومەنەکە دواخرا و بەمەش یەکەم گەشتی ئاسمانیی رەوانەکردنی کۆچبەرەکان لە مانگی ئایارەوە دوادەخرێت بۆ مانگی حوزەیران، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزیرەکانی ئەو وڵاتە هیواخوازن لەم بەهارەدا گەشتەکە ئەنجام بدرێت.

فاینەنشیەڵ تایمز

نرخی دەرمانێکی تایبەت بە نەخۆشییەکی دەگمەنی منداڵان دەبێتە چوار ملیۆن دۆلار و گرانترین دەرمان

چارەسەری نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەیی دەبێتە گرانترین دەرمان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نرخەکەی چوار ملیۆن دۆلارە. دەرمانەکە کە ناوی لێنمێڵدییە و کۆمپانیای ئۆرچاد سێراپیوتیتیکس لە ئەمریکا بەرهەمی دێنێت، بۆ نەخۆشییەکی دەگمەنی کۆئەندامی دەماریی منداڵانی کەم تەمەن بەکاردەهێنرێت و لە ژیانیاندا یەک جار بەکاردەهێنرێت. دەرمانەکە تازە لە ئەمریکا رەزامەندی بەکارهێنان و فرۆشتنی وەرگرتووە و دەبێتە یەکەم چارەسەریی بۆ ئەو نەخۆشییە کە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی شلەی مێشک و دڕکەپەتک هەیە و نەخۆشەکە بەتێپەڕبوونی کات ماسولکەکانی لاواز دەبن و توانای هەماهەنگیی و بینیی کەمدەبێتەوە، تا بەتەواوی نامێنێت.


ئۆرشەلیم پۆست

ناتانیاهۆ بەنیازە رەزامەندیی لەسەر چۆڵکردنی ناوچەی رەفەح لە باشووری غەزە بدات و بلینکن رۆژی هەینی سەردانی ئیسرائیل دەکات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند نزیکبووەتەوە لەوەی رەزامەندیی بدات لەسەر پلانی چۆڵکردنی ناوچەی رەفەح لە غەزە، کە سەدان هەزار ئاوارەی فەلەستینی لەخۆگرتووە. ئەمەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئەو پلانەی کە سوپای وڵاتەکە ‌هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچەیە و بەگووتەی خۆیان لە چەکدارانی حەماس پاکی بکەنەوە. ئەم لێدوانەی ناتانیاهۆ لەکاتێکدایە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەنیازە رۆژی هەینی سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کۆببێتەوە، چونکە ئەمریکا پێشتر دژایەتی خۆی بۆ ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل دەربڕیوە.

عەرەب نیوز

بلینکن لە سعودیەیە بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ئاشتیی لە غەزە

شەوی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەیشتە سعودیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە، محەمەد بن سەلمان، لەبارەی گفتوگۆکان بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستێک لە غەزە. ئەم سەردانەی بلینکن دەبێتە شەشەمین سەردانی بۆ رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە. هاوکات بەنیازە لە سەردانەکەیدا سەردانی قاهیرە و ئیسرئیلیش بکات بۆ بینینی بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە لەبارەی پرسی ئاگربەست و پلانی دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

رۆژنامە تورکییەکان

ئەکشام

زنجیرەى تورکی لە چین نمایش دەکرێت
زنجیرە تورکییەکان زیاتر لە 170 وڵات نمایش دەکرێن، زیاتر ئەو زنجیرانە دەکڕرێنەوە، کە لەگەڵ داب و نەریتى کۆمەڵایەتیدا دەگونجێن.
ئێستا لەپاش وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، زنجیرەى تورکی بازاڕگەرمییەکى لە وڵاتانى ئاسیاى ناوەڕاستدا پەیداکردووە. تازەترین وڵات کە زنجیرەى تورکی نمایش بکات وڵاتى چینە. بۆ هەر زنجیرەیەکى تورکی زیاتر لە 800 هەزار بینەرى هەیە و هەندێک لەو زنجیرانە بۆ یەک ئەلقە بە ملیۆن دۆلار دەفرشرێت.

تورکیا

لەگەڵ عێراق ناوەندێکى هاوبەشی ئۆپراسیۆنى سەربازیی دادەمەزرێنین
یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە چوارچێوەى لوتکەى ئاسایشی نێوان هەردوو وڵات گەیشتونەتە چەند بڕیارێکى گرنگ، لەوانەش پێکهێنانى ناوەندێکى هاوبەشی ئۆپراسیۆنى سەربازیی لەنێوان هەردوو وڵات پێکدەهێنین. ئامانج لەمەش بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکەیە لەنێو خاکی عێراقدا.

یەنى بیرلیک

تورکیا ناوچەی نێوان گارە و سلێمانى لە پەکەکە پاک دەکاتەوە
رۆژنامە نووسیویەتى، “ئەگەرێکى زۆرە لە بەهارى ئەمساڵ تورکیا ئۆپراسیۆنى سەربازى بۆ سەر باکوورى عێراق و باکوورى سوریا ئەنجامبدات”.
دکتۆر ئەرای گوچلەر، پسپۆڕی سەربازی و ئەمنی لەوبارەیەوە دەڵێت، تورکیا نیازى هەیە ناوچەى نێوان گارە تاوەکو سلێمانى لە پەکەکە پاک بکاتەوە. ئەم پۆپراسیۆنە بەهاوبەشی هێزەکانى عێراق دەبێت، بەڵام ناوەندى بەڕێوەبردنى ئۆپراسیۆنەکە لە ئەنقەرە دەبێت.

میللییەت

لە 28 وڵات ئۆپراسیۆن بۆ دەستگیرکردنى ئەندامانى فەتۆ ئەنجامدرا
هەواڵگریی تورکیا (میت) لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنەکانى بۆ دەستگیرکردنى ئەندامانى رێکخراوى فەتۆ، لە 2016 وە تاوەکو ئێستا لە 28 وڵات 114 ئەندامى باڵاى رێکخراوەکەى دەستگیرکردووە.
لە راگەیەنراوێکى نوێی میت ئاماژە بەوەشکراوە ئۆپراسیۆنەکان لە دەرەوەى وڵات بۆ دەستگیرکردنى ئەندامانى فەتۆ بەردەوام دەبێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button