هەڵوێستی لایەنەکان لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە

زووم..

زووم، هەڵوێستی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە لایەنی سەرەکی هەرێمی کوردستانە، تائێستا هەڵوێستی روونی نییە، بەڵام بڕیارە لەو بارەوەو دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکە، هەڵوێست رابگەیەنێت.

لەو بارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی بۆ میدیای فەرمیی حزبەکەی رایگەیاندووە، دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەڵوێستی خۆمان لەبارەی بڕیارەكەی پارتی رادەگەیەنین

بزوتنەوەی گۆڕان، وەک یەکێک لەلایەنە بەشدارەکانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم، سبەینێ راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی پارتییەوە دەبێت، سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەکە بە زوومی راگەیاند، “بەردەوام دەبین لەسەر رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سبەینێش بەیاننامەی فەرمیمان دەبێت لەسەر بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان”.

یەکگرتووی ئیسلامیش هەمان قسەی گۆڕانی هەیە، مستەفا عەبدوڵا، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە زوومی گوت، “ئێمە بەردەوام دەبین لە رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەیاننامەکەی پارتیش بڕیارێکی تایبەت بەخۆیانە”.

بێستون حەمەساڵح، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەی بۆ زووم ئاشکراکرد، ئەوانیش پێیان وایە “بڕیاری بایکۆتەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی تایبەت بەخۆیانە”، گوتیشی، “لای ئێمە بەدیلی هەڵبژاردن هەر هەڵبژاردنە و بەردەوام دەبین لەسەر رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.

بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی، کە دوو رۆژ لەمەوبەر کۆنگرەیان بەست، بڕیارەکەی پارتی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن بە “موفاجەئە” دەزانێت.

محەمەد بازیانی ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە بە زوومی گوت، “رەنگە ئەم بڕیارەی پارتی مەترسی بۆسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان دروستبکات، بۆیە ئەم بڕیارەی پارتی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو”، راشیگەیاند، “ئەم هەنگاوە پێویستی بە کۆبوونەوەی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی هەیە، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بدات و تەواوی دۆخی کوردستان لەبەرچاوبگرێت”.

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، هەڵوێستەکەی پارتی کاریگەریی لەسەرمان نییە و بەشدار دەبین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

فەرهاد تۆفیق گوتەبێژی پارتەکە بە زوومی راگەیاند، “ئێمە وەک حیزب، کە بەشداریی هاوپەیمانێتیی هەرێمی کوردستانمان کردووە، هەموو رێکار و ئامادەکارییەکمان کردووە و بەشدار دەبین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵوێستی پارتی کاریگەریی لەسەرمان نییە”.

پێشتریش شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندیوو، دەمێکە گوتوویانە “ئەگەر پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن بکەن دەدۆڕێن و ئەگەر نەیکەن دەڕوخێن”.

سەرۆکەکەی نەوەی نوێ گوتیشی، “ئەو سەردەمە گوزەشت پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە حکومڕان بن، بۆیە پێشنیازیان بۆ دەکەم ماوەیەک ببنە ئۆپۆزسیۆن”.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button