عێراق تەوەرە و خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوایە

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

دەستوور

پەیامی عێراق بۆ تورکیا: پرۆژەی رێگەی پەرەپێدان ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانی دوو وڵاتەکە زۆر بەرز دەکاتەوە
محەمەد حسەین بەحرلعلوم، جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پەیوەندییە دوولایەنییەکان پێشووازیی لە ئەحمەد یەڵدزی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.
لەو دیدارەدا رەوشە سیاسی و ئابورییەکان و کێشەی ئاو و مەلەفی ئەمنیی نێوانی دوو وڵاتەکە باسکراون. ئەم هەنگاوانە دەبن بە سەرەتایەک بۆ ئامادەکاریکردن بۆ ئەو گەشتەی، کە بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق ئەنجامی بدات. بەحرلعلوم گوتویەتی عێراق کاری جدی لەسەر پرۆژەی رێگەی پەرەپێدان دەکات، کە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانی ئەم دوو وڵاتە بەرزدەکاتەوە.

مەدا

لەپاش 40 ساڵ لە دەستپێکردنی خەباتی پەکەکە، عێراق دەڵێت کارکردنی ئەو حزبە لە عێراقدا قەدەغەیە

ماوەی دەساڵ دەبێت کە قەیرانی پەکەکە لە تورکیادا قووڵتر بۆتەوە. بەڵام تازە عێراق دەڵێت کارکردنی ئەو پارتە لە عێراقدا قەدەغەیە. وادیارە بەغداد دەیەوێت بە ناوهێنانی پەکەکە بەمشێوەیە، دڵی تورکیا رابگرێت، چونکە نیازی وایە لەسەر چەند دۆسیەیەکی گرنگ، کە یەکیان دۆسیەی ئاوە گەڕێکی نوێی گفتوگۆکردنی لەگەڵدا دەست پێبکات.
تورکیا زیاد لە جارێک داوای لە عێراق کردووە ددان بەوەدابنێت پارتی کرێکارانی کوردستان رێکخراوێکی تیرۆرستییە. بەپێی ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە گفتوگۆکاندا روویانداوە وادیارە عێراق دەیەوێت هەمان ئەزموونەکەی خۆی لەگەڵ ئێران، لەگەڵ تورکیاشدا دووبارە بکاتەوە، بەڵام ئەمجارە دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لە نێو سنوری عێراق دووربخاتەوە.


شەرقلئەوسەت

پوتین چارەکە سەدەیەکە فەرمانڕەوای کرەملینە، بۆ سەرۆکایەتییەکی نوێ هەڵبژێردرایەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە سندوقەکانی دەنگدان لە روسیا دادەخرێن، چاوەڕواندەکرێت هەر ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەکان بە فەرمی رابگەیەندرێن. پێشهاتی نوێ چاوەڕوانکراو نییە، سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ئێستا نوێ دەکرێتەوە.
ئەگەرچی بیست و پێنج ساڵە لە سەر کورسییی سەرۆکایەتییە. پێدەچێت ئەنجامی کۆکراوەی نێو سندوقەکان ئەوەبێت پوتین بۆ جارێکی دیکە ببێتەوە بۆ سەرۆک و تا کۆتایی ساڵی 2030 لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.


سەباح

عێراق تەوەرە و خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوایە

چەند پسپۆر و شارەزایەکی بواری کاروباری دارایی و ئابوری داوا دەکەن عێراق ستراتیژێکی نوێ بگرێتەبەر، کە فەلسەفەیەکی ئابورییانەی نوێی تێدابێت، وەک وڵاتە پێشکەوتووەکان بیر لە فرەجۆرکردنی سەرچاوەی داهات بکاتەوە، وەبەرهێنانی دەرەکی بهێنێتە ناو وڵاتەکەوە، چونکە عێراق دەتوانێت وەک جاران ببێتەوە بە خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
مەبەستی پسپۆران لەوەیە ئەم وڵاتە گرنگی بە بەندەرە نوێیەکەی فاو و رێگەی پەرەپێدانیش بدات، بۆئەوەی ئەم وڵاتە ببێت بە ناوەندێکی بازرگانیکردنی جیهانی.

  رۆژنامە ئینگلیزییەکان

سەندەی تەلەگراف

پەیمانی ناتۆ: بەریتانیا بۆ رووبەڕبونەوەی هەڕەشەکانی روسیا، پێویستى بە سیستمى سەربازى زۆرەملێ هەیە
بەرپرسێکی ناتۆ دەڵێت، بەریتانیا بۆئەوەی بتوانێت رووبەڕووی هەڕەشە و شەڕەنگێزییەکانی ناتۆ ببێتەوە پێویستی بەوە هەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی، هاووڵاتییەکانی خۆی پابەندبکات بچنە خزمەتی سەربازییەوە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی لاتیڤیا لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف گوتویەتی، تەواوی وڵاتانی ناتۆ پێویستیان بەوە هەیە، هێزێکی بەرگریی بەتوانا دروستبکەن، زۆرترین هاوڵاتیی خۆیان بکەن بە سەرباز. کریسیانیس کارینز وەزیری کاروباری دەرەوەی لاتیڤیا بە پێویستیشی زانیوە، کە بەریتانیا لەڕووی ئابوریشەوە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بەرزبکاتەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی هەر پێشهاتێکی نوێ.

سەندەی تایمز

لەکاتی سەردانی ئۆکراینیادا شاپس کەتووتەبەر هەڕەشەی موشەکەکانى روسیا
هەندێک زانیاریی هەواڵگری دەڵێن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا و سەرۆک ئەرکانی سوپاش، لە رێگەی ئاژانسی هەواڵگرییەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە دەبێت گەشتەکەیان بۆ ئۆکراینیا بە کورتی ببڕنەوە.
گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا ناچاربوو سەردانەکەی بۆ شاری ئۆدیسیای ئۆکراینی بە کورتی کۆتایی پێبهێنێت، پاش ئەوەی زانیاریی هەواڵگریی پێگەشت کەوتووەتەبەر ئەگەری ئەوەی بکرێت بە ئامانج و بە موشەکی روسیا لێی بدرێت.
چونکە رۆژی پێش ئەوە هەریەکە لە ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین و کریاکۆس میسۆتاکیس هەر لەو شارەدا دیدارێکیان هەبوو، موشەکێکیان تێگیرا، هەر چەند سەد مەترێک لە دووریی ئەوانەوە دای لە زەوی.

زە ئۆبزێرڤەر

پسپۆرێکی کۆمپانیای میتا دەڵێت: ئینستاگرام هانی خۆکوشتن دەدات
پسپۆرێکی دەروونناسی دیار ئامۆژگاریی میتا دەکات خۆیان لەو ناوەڕۆکە خراپانە لابدەن، کە هانی خۆکوژی دەدەن. بەڵام لەبەرئەوەی گوێی لێ نەگیرا، ئەو پسپۆرە وازی لە کارکردنەکەی لەو کۆمپانیایەدا هێنا. بەهانەی وازهێنانەکەی ئەوەیە، کە ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆژییە زەبەلاحە چاو لە بوونی ئەو هەموو ناوەڕۆکە خراپانە دادەخات، کە لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ئینستاگرامی ئەوانەوە هانی خەڵک دەدەن بۆ خۆکوشتن.
ئەم پسپۆرە چەندین جار راپۆرت و ئاماژەی ناردوە بۆ دەزگا کارگێڕییەکانی ئینستاگرام، کە رێگە بە بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە ناوەڕۆکانە نەدەن، بەڵام گوێی لێ نەگیردراوە.
لۆتە روباک پسپۆرێکی جیهانیی دەروونناسییە ماوەی سێ ساڵ زیاترە لە بۆردی جیهانیی ئینستاگرامدا کاری کردووە، بە زوویی هۆشداریی داوە لەوەی نابێت ئینستاگرام هانی بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە بابەت و ناوەڕۆکانە بدات، بەڵام گوێی لێ نەگیراوە، ئەمیش ناچاربووە دەست لە کاربکێشێتەوە.


واشنتن پۆست

مێژوو حوکمی خۆی لەسەر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هایتی دەدات
لە هایتی گروپە چەکدارەکان چەکی قورسیان لەدەستدایە، شەڕ و نائارامی و فەوزا دەنێنەوە، بەبێ جیاوازیکردن هەموو خەڵکێک دەکوژن، دەرگای زیندانەکان دەخەنە سەرپشت و دەرگا لەسەر گەیشتنی کاری فریاگوزاری دادەخەن. نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەژێر هەڕەشەی برسیبووندان، یەک ملیۆن خەڵک هەن دەستیان بە هیچ خواردنێکدا ناگات.
سەرکردەی وڵاتیش دەست لەکاردەکێشێتەوە. لە ساڵی 1986ـەوە ئەمە چەندەمین جارە کێشەی وڵاتی هایتی دەچیتەوە بەردەرگای ئەمریکا، هەمیشە حکومەتی ئەوێ هەر شکست دەخوات، یان دەکەوێت، بەڵام کارەساتەکان رودەدەن ئەمجا ئەمریکا دێت و هێزی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت بەوێ، بەڵام ئەو کەسانە لەوێ دەکات بە دەستەڵاتدار، کە واشنتن خۆی مەبەستێتی. ئەم جارەش دیسان کاتی ئەوە هاتۆتەوە ئەمریکا لە هایتیدا کارێک بکات.

رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت

رێککەوتنى ئیستەنبوڵ دەیباتەوە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى گشتیى پارتى کۆمارى گەل رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان باوەڕمان بە رێککەوتنى ئیستەنبوڵ هەیە، لەم رێککەوتنەدا کورد، تورک، لاز، چەرکەز و بیانییەکان هەن، بەرەى دیموکراتخوازەکان هەن، باوەڕمان وایە رێککەوتنى ئیستەنبوڵ لە هەڵبژاردن دەیباتەوە.

یەنى بیرلیک

ئەگەر هەیە پەکەکە چەک دابنێت
لەپاش زنجیرە کۆبوونەوەکانى ئەنقەرە لەگەڵ هەولێر و بەغداد بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکە و ناساندنى بە رێکخراوێکى نایاسایی لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، ئەمەش وایکرد پەکەکە بخاتە گومانەوە، موراد قەرەیلان لە لێدوانێکى نوێدا دەڵێت، لە نزیک نەورۆزدا مژدەیەک بە گەلەکەمان دەدەین، ئەم گوتەیە گفتوگۆى زۆرى لەنێو ئەندامانى دەم پارتى دروستکردووە و ئەگەرى ئەوەش هەیە پەکەکە کۆتایی بەخەباتى چەکدارى لەدژى تورکیا بهێنێت.

میللییەت

بەلەمە نقومبوەکەى چەنەقەلە 40 کۆچبەرى تێدا بووە
سەرچاوە فەرمییەکان رایانگەیاندووە، ئەو بەلەمەى لە کەنارەکانى چەنەقەلە نقوم بوو، زیاتر لە 40 کۆچبەرى نایاسایی تێدا بووە، تەرمى 22 یان دۆزرایەوە کە حەوتیان منداڵ بووە، بۆ دۆزینەوەى تەرمى ئەوانى دیکە، فڕۆکەیەک، دوو هێلیکۆپتەر، 18 بەلەم و تیمێکى 502 کەسی بەردەوامن لە گەڕان.

تورکگون

مەهەپە کۆنگرە دەبەستێت
چەند رۆژێکى کەمى ماوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە تورکیا، ئەمڕۆ مەهەپە 14 هەمین کۆنگرەى ئاسایی خۆى دەبەستێت، دەوڵەت باخچەلى، سەرۆکى ئێستاى مەهەپە، تاکە کاندیدە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پارتەکە، باخچەلى 11 جار بە سەرۆکى پارتە هەڵبژێردراوەتەوە، چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆنگرەیەدا هەندێک لە ئەندامانى نێو پارتەکە بگۆڕدرێن.

رۆژنامە فارسییەکان

ئەفکار

لە کاتی گرانیدا خەڵک زیاتر ئۆتۆمبێل دەکڕن
چالاکێکى بازاڕی ئۆتۆمبێل دەڵێت، بازاڕی ئۆتۆمبێل سەرەڕای گرانبوونی، لە سەروبەندی جەژنى نەورۆزدا خواستی زۆری لەسەرە و دەشڵێت، خەڵکی ئێمە پێچەوانەی جیهان کار دەکات و کاتێک ئۆتۆمبێل گرانتر دەبێت، ئۆتۆمبێلی زیاتر دەکڕێت، ئەمساڵ لە سەرەتای ساڵەوە بازاڕ ئارام بوو، نرخەکانیش باشترین بوون، بەڵام کەس نەیدەکڕی.
فیروز نادری، چالاکوانی بازاڕی ئۆتۆمبێل سەبارەت بە دۆخی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە رۆژانی نزیک نەورۆزدا رایگەیاند، گرانبوونی نرخەکان دیارە و بەکارهێنەران هەست بەم دۆخە دەکەن بەڵام کڕین و فرۆشتن لە بازاڕدا کەمی نەکردووە و زیاتریش گەشەی کردووە، مامەڵەکان بە نرخێکی بەرزتر ئەنجام دەدرێت.

تەجارەت

ئێران شانازی دەکات نەیهێشت تاوانی هەڵەبجە لەبیر بکرێت
محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد، تۆڕى کۆمەڵاتى ئێکس نووسیویەتی، لەگەڵ یادی سی و شەش ساڵەی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە، هاوخەمی خۆم بۆ قوربانیان و رزگاربووانی ئەم تاوانە جەنگییە دەردەبڕم.
دەڵێت، ئێران لە هەر بارودۆخێکدا هەمیشە لەگەڵ عێراق وەستاوە و شانازی بەوە دەکات رێگری لە رژێمی بەعس کرد ئەم تاوانە لەبیر جیهان بباتەوە.

جیهانی سەنعەت

12هەزار پیاو و 557 ژن بەهۆی قەرزەوە لە زینداندان
ئەسەدوڵڵا جەوادی بەرپرسی دەستەی ئەمینداری زیندانەکان رایگەیاند، لە ئێستادا 557 ژنی ئێرانی و 12 هەزار پیاو کە زۆربەیان بنەماڵەیان هەیە، ژیانیان لە زیندان بەسەر دەبەن، نەک بەهۆی ئەنجامدانی کردەوەی تاوانکاری بەڵکو تەنها بەهۆی هەژاری و نەدانەوەی قەرزەکانیان.
بەگوێرەی قسەکانی ئەم بەرپرسە ئێرانییە ئەو کەسانە بەهۆی رووداوەکانی شوێنی کار و هەندێک جار رووداوی لێخوڕین، نەتوانینی پێدانی داواکاری مارەیی، سکاڵای بەڵگەنامە و کاغەزەکانی بانکیدا دەستبەسەر کراون.
ئەو بانگهێشتی خێرخوازانی کرد بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانیان بۆ تاوانە نائەنقەستەکان تا ئەو جێگایەی کە بکرێت و دەشڵێت، “خەڵک پێویستە یارمەتیی ئازادکردنی ئەم زیندانیانە بدەن”.

هەمدلی

زیادکردنی مووچە بە رێژەی 20% لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە
نوێنەرێکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەرزکردنەوەی مووچەی کرێکاران بەگوێرەی هەڵاوسان بێت و گوتی، بەشێک لە کرێکاران رێگری لە رۆیشتنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە دەکەن، چونکە توانای کرێی خوێندنیان نییە، بەداخەوە لەم رۆژانەدا بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دەبینین و زیادبوونی نرخەکانی پێداویستیی رۆژانەش بەردەوامە، لە کاتێکدا بودجەی ساڵی داهاتوومان پەسەند کرد کە پێویستە پێشوەختە شەرمەزاری خۆمان بۆ فەرمانبەران و کرێکاران دەرببڕین.
لە کاتێکدا هەڵاوسانی 50% دەبینین، حکومەت رەزامەندی لەسەر زیادکردنی مووچەی 20% دەربڕی، ئەمەش لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە و پەرلەمان و حکومەتیش بەرپرسیارن لێی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button