فەتح بۆ حەماس: ئەوەی ئیسرائیلی هێنابێتەوە غەزە بۆی نییە وانەی نیشتمانپەروەری بڵێتەوە

زووم:

بەهۆی دیاریکردنی سەرۆکی حکومەتی تازەی فەڵەستین، دووبارە ناکۆکی لە نێوان فەتح و حەماس سەریهەڵداوەتەوە و هەردوولا هێرشی توند دەکەنە سەر یەکتری.

دەستپێکی ناکۆکی ئەمجارەی ئەم دوو پارتە سەرەکییەی فەڵەستین، دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری بزووتنەوەی فەتح و دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین بە دیاریکردنی “محەمەد موستەفا” بە سەرۆکی حکومەتی تازەی فەڵەستین و سەرپەرشتیاری پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەزە لە دوای جەنگ.

دوای ماوەیەکی کەم لە دیاریکردنی ئەو کەسایەتییە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر مەحمود عەباس و بڕیارەکەی بە تاکلایەنانە ناوبرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حەماس، مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، “بڕیارەکەی بێ هیچ راوێژێک دەرکردووە”، ئەوەش بەگوتەی حەماس، “ژێرپێخستنی هەوڵەکانی کۆکردنەوە و ئاشتکردنەوەی لایەنەکانە”، بۆیە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە رەتدەکەنەوە.

لە بەرامبەردا بزووتنەوەی فەتح وەڵامی رەخنەکانی حەماسی دایەوە و لە راگەیەندراوێکی تونددا تێگەیشتنەکانی حەماسی بە “دابڕاو لە دۆخی گەلی فەڵەستین” وێناکرد، فەتح دەڵێت، “حەماس لە قەبارەی ئەو کارەساتە تێنەگەیشتووە کە خەڵکی غەزە و کەناری خۆرئاوا تێیکەوتوون”.

فەتح، زیاتر لەوە، بە حەماس دەڵێت، “کاتێک بڕیاری لە سەرکێشی حەوتی ئۆکتۆبەر داوە، راوێژی بە لایەنەکانی فەڵەستین کرد؟”، یاخود لە گفتوگۆکانی ئێستادا کە بە گوتەی فەتح، سازشی بۆ ئیسرائیل کردووە، راوێژی بە هیچ لایەنێک کردووە؟

فەتح لە زۆر رووەوە هێرشی کردووەتە سەر حەماس، بەڵام لە کۆتایدا دەڵێت، “کەسێک بووبێتە هۆی گەڕاندنەوەی سوپای ئیسرائیل بۆ کەرتی غەزە و نسکۆی گەلی فەڵەستین بۆی نییە، وانەی نیشتیمانپەروەری بە بەرامبەرەکەی بڵێتەوە”.

ئەم لێکترازانەی نێوان حەماس و فەتح، دوای هەوڵی ئاشتەوایی هەردوولا دێت بۆ کۆتاییهێنان بە دووبەرەکی، کە لەو چوارچێوەیەدا حەماس بەوە رازیبوو بچێتە بازنەی رێکخراوی تەحریری فەڵەستینییەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button