دۆخەکە ئەرێنی ترە.. سبەی ئیسرائیل، قەتەر و میسر پێشنیازە تازەکەی حەماس تاوتوێ دەکەن

زووم:

سبەی یەکشەممە، داڤید بارنیا سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دەخاتەڕوو.

بارنیا سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل دەکات و بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست، گەیشتووەتە دەوحە.

رۆژی پێنجشەممە بزووتنەوەی حەماس دەستپێشخەرییەکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە پێشکەشکرد، مەرج و داواکارییەکانی خۆی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان راگەیاند.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کۆبوونەوەی سبەینێی سەرۆکی مۆساد لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری و میسری، “وەڵامێکی راستەوخۆ” دەبێت بۆ دەستپێشخەرییەکەی حەماس، کە داوای کردووە لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان، حکومەتی ئیسرائیل سەدان زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات و رێگا بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی غەزە بدات.

دەستپێشخەرییەکەی حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە وەڵامی دەستپێشخەرییەکی پێشووی حکومەتی ئیسرائیلدایە، کە دوو هەفتە پێش ئێستا پێشکەشی کردبوو.

دوابەدوای راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی حەماس، حکومەتی ئەمریکا لەڕێگەی جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەوە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەدەستپێشخەرییەکە دەربڕی و گەشبینی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل پیشاندا.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی حەماسەوە رایگەیاندووە، مەرجەکانی حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست “ناواقیعین” و پێویستە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

هەرچەندە حکومەتی ئیسرائیل دەستپێشخەرییەکەی حەماسی پەسەند نەکردووە، بەڵام بەراورد بە رابردوو هەڵوێستێکی نەرمتری بەرامبەر دەستپێشخەرییەکە دەربڕیوە، بەو پێیەی پێشتر ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران داواکارییەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست بە “خەیاڵپڵاوی” ناوبردبوو.

دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەکاتێکدایە، سەدان هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی لە کەرتی غەزە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل ئاستەنگی لەبەردەم گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە غەزە دروست کردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button