“هەژماری من”ـی هەرێم و “کی کارد”ــەکەی عێراق جیاوازییان چیە؟

 زووم:

هەفتەیەک بەرلە ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەبوو لەڕێی پرۆژەی “کی کارد”ــەوە لە عێراق، یاخود “هەژماری من” لە هەرێم، کێشەی درێژخایەنی مووچەکانیان کۆتایی بێت، بەڵام ئێستا ئەو دوو پرۆژەیە بوونەتە کێشە.

هەریەکە لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەیانەوێت لەڕێی هەژمارە بانکییەکانی خۆیانەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکەن.

ئەم دوو پرۆژەیە چین؟ چ جیاوازی و لێکچوونێکیان هەیە؟

 

شێوازی دابەشکردنی مووچە

 

هەردوو پڕۆژەکە، بریتین لە دابەشکردنی مووچە لە رێی کارتی بانکییەوە، فەرمانبەر هەژمارێکی بانکی بۆ دروست دەکرێت و لە رێی کارتێکی زیرەکەوە مووچەکەی وەردەگرێت.

پرۆژەکەی عێراق لە رێی هەر سێ بانکی “رەشید، رافیدەین، تی بی ئای”ـی حکومییەوە، جێبەجێ دەکرێت، بەڵام پڕۆژەکەی هەرێمی کوردستان، “هەژماری من”، لەڕێی بانکی ئەهلییەوەیە، تائێستا هەر پێنج بانکی “ئارتی بانک، جیهان، بانکی ئیسلامی، بانکی BBAC، بانکی ئەهلی عێراق” بەشدارییان کردووە.

شێوازی وەرگرتنی مووچە لە “هەژماری من” لەڕێی ئامێری “ئەی تی ئێم”ـەوە دەبێت، کە حکومەتی هەرێم پلانی هەیە هەزارانی لە شاروشارۆکەکانی هەرێم جێگیربکات، بەڵام شێوازی پارەوەرگرتن لە پرۆژەکەی عێراق، لەڕێی ئامێری “ئەی تی ئێم”، هەروەها لە هەرسێ بانکەکەی حکومەتی عێراق، یان هەر لقێکیان، یاخود لەڕێگەی نووسینگەکانی دراو دەبێت.

 

ئامانجەکانیان

ئامانج لە هەردوو پرۆژەکە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پارەی کاش و پێشخستنی سیستەمی بانکی و بەستنەوەیەتی بە جیهانەوە.

تایبەتمەندییەکانیان

هەردوو کارتە بانکییەکە ژمارەیەک تایبەتمەندییان هەیە، بۆ نمونە هەڵگری کارتەکە دەتوانێت کەمتر پشت بە هەڵگرتنی پارەی کاش ببەستێت، خەرجی رۆژانە و کڕێنی شمەک و پێداویستی، یان بازاڕکردنی ئۆنلاین بە کارت بێت، هاوشێوەی ماستەر کارت و ڤیزا کارت سوودی لێببینێت.

هەروەها دەتوانێت بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بەکاریان بهێنێت، یاخود حەواڵەی پارە لە نێوان هەرێم و عێراق لەگەڵ ناوچەکانی جیهان بکات.

بۆ نموونە، کی کاردی بانکی رافیدەین بەستراوەتەوە بە سیستەمی “وێسترن یونیەن”ــەوە، هەڵگری کارتەکە دەتوانێت بۆ حەواڵەکردنی پارە بەکاریبهێنێت.

ئەگەر مووچە بە “هەژماری من” یاخود “کی کارد” بێت، چیتر دواناکەوێت؟

پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە، لە هەرێم بێت یاخود عێراق، پەیوەندی بە دواکەوتن یان نەکەوتنی مووچەوە نییە، چونکە تاوەکو حکومەت مانگانە پارە بۆ مووچە تەرخان نەکات، هیچ پڕە پارەیەک ناچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران.

بۆ نموونە، لە رابردوودا چەند جارێک مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواکەوتووە بەهۆی ئەوەی پارە نەخراوەتە سەر هەژماری فەرمانبەران.

 

جیاوازی حکومەتی هەرێم و بەغداد لە پشتبەستن بە بانکە حکومییەکان

 

حکومەتی هەرێم لە کاتی ناساندن یان بانگەشەکردن بۆ “هەژماری من” لە پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی پڕۆژەکە، باس لە لایەنە نەرێنییەکانی بانکە حکومەییەکان دەکات، بۆ نمونە دەڵێت، کاتێک مووچە لە بانکی حکومی وەردەگریت، دەبێت سەرەیەکی درێژ بگریت، دەستت بە بەرهەمە داراییەکان ناگات، لەگەڵ چەند خراپەیەکی دیکە.

واتە حکومەتی هەرێم، وەکو چۆن لە کارەبا و ئاو و سوتەمەنی و کامێراکانی خێرایی و زۆربەی خزمەتگوزارییەکان دەیەوێت پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت، لە کەرتی بانکیش دەیەوێت رۆڵی بانکە حکومییەکان کەمبکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەیەوێت مووچە لەڕێی کەرتی بانکییەوە دابەشبکات.

لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق لە تەواوی بوارەکاندا پشت بە کەرتی حکومی و پاڵپشتیی کەرتی گشتی دەبەستێت، لەو چوارچێوەیەشدا مووچە لەڕێی کەرتی حکومییەوە دابەشدەکات.

واتە لە بنەڕەتدا هەردوو حکومەت لە تێڕوانین بۆ شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان جیاوازییان هەیە، حکومەتی عێراق تائێستاش لەسەر شێوازی پێشووی حکومەتەکان بەردەوامە و پاڵپشتیی سووتەمەنی و خۆراک و وزە و زۆربەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم بەرەو ئەوە دەچێت پشت بە باج و هەڵگرتنی پاڵپشتییەکان ببەستێت بۆ کەرتە جیاوازەکان.

لە چوارچێوەی دابەشکردنی مووچەش، حکومەتی عێراق پارەی مووچە لە دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە و مامەڵەی پێوە دەکات و هەر باج و رسوماتێکی ئاڵوگۆڕی پارە بۆ حکومەت دەچێت، بەڵام لە پڕۆژەی “هەژماری من”ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داهاتەکە بۆ بانکە ئەهلییەکان دەچێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button