پێناسەی تازەی بەریتانیا بۆ “توندڕەوی” مسوڵمانانی نیگەران کردووە

حکومەتی بەریتانیا رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی توندتر دەکات

زووم..

 

هەنگاوێکی حکومەتی بەریتانیا بۆ داڕشتنەوەی پێناسەی توندڕەوی، دوودڵی و نیگەرانی لەلای گروپە ئاینییەکانی وڵاتەکە بەگشتی و پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام بەتایبەت، دروستکردووە.

بەگوێرەی پێناسە تازەکەی حکومەتی بەریتانیا، بانگەشە و بڵاوکردنەوەی ئەو ئایدۆلۆژیایانەی لەسەر بنەمای توندوتیژی و رقلێبوونەوە بونیادنراون و دژی گیانی لێبوردەیین، دەچنە خانەی توندڕەوییەوە و حکومەتی بەریتانیا بەرەنگاریان دەبێتەوە.

پێش راگەیاندنی پێناسە تازەکە، پیاوانی ئاینیی بەریتانیا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی حکومەت دەربڕیبوو، رایانگەیاندبوو، ئەو پێناسە تازەیەی توندڕەوی کاریگەریی خراپ دەکاتە سەر چالاکیی مسوڵمانان لە بەریتانیا.

بەگوێرەی پێناسە تازەکەی بەریتانیا بۆ توندڕەوی، هەر کەس و گرووپێک ئازادییە بنەڕەتییەکانی کەسانی دیکە پێشێل بکات و هەوڵی تێکدانی سیستمی دیموکراتی و لیبراڵیی بەریتانیا بدات، بە توندڕەو دادەنرێت، هەر کەس و لایەنێکیش ئاسانکاری بۆ ئەو کارانە بکات، دەچێتە هەمان خانەی توندڕەوییەوە.

سەرەڕای نیگەرانییەکان، حکومەتی بەریتانیا دڵنیایی داوە، ئامانج لەو هەنگاوەی بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوییە، نەک بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی ئەو کەسانەی بیروباوەڕی تایبەت و ئاشتیانەیان هەیە.

پێش راگەیاندنی پێناسە تازەکە، لێپرسراوانی باڵای بەریتانیا و بەتایبەت “ریشی سوناک”ـی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوەکردبوو، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە، گوتاری توندڕەی لە بەریتانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بۆیە بەپێویستیان زانی بەریتانیا وردتر بێت لە دیاریکردنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی و زەوتکردنی ئازادیی کەسانی دیکە.

دووبارە پێناسەکردنەوەی توندڕەوی لەبەریتانیا دوای ئەوە دێت، لەماوەی رابردوودا چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەدژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە ئەنجامدراون و تیایاندا دروشمی دژەسامی گوتراونەتەوە، کە دروشمی دژەجوولەکەن و هۆکاربوون بۆ جینۆسایدکردنیان لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەم لە سەدەی رابردوو.

حکومەتی بەریتانیا لەساڵی 2011 پێناسەی توندوتیژی بەو شێوەیە کردبوو، کە تەنیا دژایەتیی راشکاوانە و کردارییانەی بەها بنچینەییەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی، دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە، وەک بەهاکانی رێزی هاوبەش و لێبوردەیی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button