رەمەزان هات و بە هەموو لایەنەکان نەیانتوانی شەڕی غەزە رابگرن

رۆژنامە عەرەبییەکان

زەمان

ئۆکراین رەخنە لە داوای پاپافرانسیس بۆ دانوستان لەگەڵ روسیا دەگرێت
کیێڤ بەتوندی رەخنەی لەو بانگەوازەی پاپا گرت، کە داوای کردبوو ئۆکراین دانوستاندن لەگەڵ روسیادا بکات و سنوورێک بۆ شەڕی نێو وڵاتەکە دابنرێت، وجەختیان لەوە کردووەتەوە هەرگیز ئاڵای سپی بەرز ناکەنەوە.
دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراین لە ئێکس نووسیویەتی، “ئاڵاکەی ئێمە زەرد و شینە، لە پێناویدا دەژین و دەمرین و سەردەکەوین، هەرگیز ئاڵای دیکە بەرز ناکەینەوە”، گوتووشیەتی، کاتێک باس دێتە سەر ئاڵای سپی، ئەوان هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەوە دەزانن هەڵوێستی ڤاتیکان چۆنە، “داوادەکەین دەکەم هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەکرێنەوە، خەڵکیش بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی ئۆکراین”.


شەرقولئەوسەت

عێراق دەیەوێت سنوورەکانی لەگەڵ ئێراندا پەرژین بکات
عێراق دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ دانانی گەورەترین پەرژینی تەلی دڕکاوی لەسەر سنووری ئێران، ئەم هەنگاوە پاش ئەوە دێت عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆ گوتی، سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ سوریادا بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی دەڵێت، دەستیان کردووە بە دانانی گەورەترین پەرژینی رێگریکردن لەسەر چەم و دۆڵ و شاخەکانی سەر سنووری ئێران، لە رۆژهەڵاتی دیالەوە دەست پێدەکەن لە تەنیشتی مەندەلی و قازانیەوە تێدەپەڕن تا دەگەن بە سنووری سلێمانی و واست

عەرەب

رەمەزان هات و بە هەموو لایەنەکان نەیانتوانی شەڕی غەزە رابگرن
مانگی پیرۆزی رەمەزان هات و هەموو لایەنەکانیش شکستیان هێنا لەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕەکە بدۆزنەوە. چەند هەفتەیەکە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتێنێک ئاگربەستی لێ بکەوێتەوە و خەڵکی فەلەستین لە پاش چەندین مانگ شەڕ “هەناسەیەکی ئاسوودەیی” بدەن.
ئەمریکا نەیتوانی بنیامین نەتانیاهۆ رازی بکات شەڕەکە رابگرێت، بە لێدوانەکانیاندا دیاربوو بیرکردنەوەی هەردووکیان زۆر جیاوازە، رۆژی یەکشەممە نەتانیاهۆ وەڵامی رەخنەکانی بایدنی دایەوە و گوتی، نازانێت سەرۆکی ئەمریکا مەبەستی لە قسەکانی چی بووە، بەڵام ئەگەر مەبەستی لەوە بووبێت کە “من سیاسەتێک پیادە دەکەم” جیاوازە لە راوبۆچوونی زۆرینەی ئیسرائیل و “بۆچوونەکانی من” زیان بە ئیسرائیل دەگەیەنن، ئەوا بەدڵنیاییەوە “لە هەردوو روانینەکەیدا هەڵەیە”.

 


سەباح

بڕی ئاوی کۆگاکراوی ستراتیجیی عێراق 10 ملیار مەتر سێجا زیادیکردووە
بڕی ئەو ئاوە زیادە کۆکراوەیەی عێراق کە لەمساڵدا چووەتە سەر کۆگای ئاوی ستراتیجی گەیشتووە بە 10 ملیار مەتر سێجا.
زۆزان کۆچەر، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و هۆڕەکان لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە ئەمساڵ بەفر و بارانی زۆر بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا باریوون، ئەمەش وایکردووە ئاستی ئاوی رووبارەکان بەباشی بەرزببنەوە، بۆیە لە ئێستادا نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاوی زیادە لەناو بەنداوەکاندا کۆبووەتەوە. گوتووشیەتی، ئەو بڕە ئاوە زیادەیە بەشی هاوینی داهاتووی وڵات دەکات.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لەو دواییانەدا سەردانی ئەو لیژنە تایبەتمەندەی پەرلەمانی کردووە، باسی ئەوەی لەگەڵ کردوون، چۆن سوود لە ئاوی لافاو و رووبارە هەڵچووەکانی ئەمساڵ ببیندرێت و ئاوەکانیان کۆبکرێنەوە.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف

گومان لە وێنەیەکی بڵاوکراوەی شاژنی وێڵز و منداڵەکانی لە کۆشکی پادشایەتییەوە دەکەن کە دەستکاری کراوبێت

دەیلی تەلەگراف و چەند رۆژنامەیەکی دیکەی بەریتانی وێنەیەکی شاژنی وێلز و منداڵەکانییان بڵاوکردووەتەوە کە هەموویان بە ئاسوودەیی پێدەکەنن، شاژنە کەیت بەو وێنەیەی خۆی پیرۆزبایی بۆنەی یادی رۆژی دایکی کردووە. کۆشکی کێنزینتنگ ئەو وێنەیەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، شاژن تەندروستی زۆر باشە، بەڵام پسپۆرانی بواری وێنە لە چوار ئاژانسی نێودەوڵەتییەوە دەڵێن، گومانیان هەیە لەوەی ئەو وێنەیە دەستکاری کراوە.
وێنەکە سەرەتای ئەم هەفتەیە لەلایەن میری وێڵزەوە چرکێندراوە، وا پیشان دەدات کە شاژن لە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەیەوە ئاسودەیە و تەندروستیشی باشە. لەپاش مانەوەی نەخۆشخانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری، ئەمە یەکەم جارە وێنەی شاژنی وێڵز بڵاوبکرێتەوە، بەڵام شارەزایان لەوە بە گومانن وێنەکە رەسەن بێت، دەڵێن دەستکاریی کراوە.

تایمز

سەرکردەیەکی پارتی کار لە بەریتانیا دەڵێت ئەگەر دەربچێت شێوازی حکومکردنی بەریتانیا دەگۆڕێت

سێر کەیر ستامەر، سەرکردەی پارتی کار لە بەریتانیا نیازای وایە کە ئەگەر پارتەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، چاکسازیکردنێکی رادیکاڵانە لە شێوازی حوکمکردنی بەریتانیادا ئەنجامبدات. بەپێی پلانەکەی ستامەر، لە بری ئەم شێوازەی ئێستا، دەستەیەکی چوارکەسی بۆ حکومکردنی وڵاتەکە پێکدەهێنێت.
تیمێکی کارکردنی ئەم سەرکەدەیەی پارتی کار، کە ناوی (ئەنجومەنی ئەرکەکان)ی لێنراوە پلانێکی نهێنییان ئامادەکردووە، دەیانەوێت بەپێی بەرنامەی پارتەکەیان کار لەسەر گەشەپێدانی ئابوری و ریفۆرمکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بکەن. لەم میانەیەدا دەیانەوێت کابینەیەکی بەهێز بۆ حکومەت دروستبکەن کە توانای بڕیاردانیان هەبێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەنجومەنێکی لەمشێوەیە بۆ بڕیاردان لە سیاسەتە گشتییەکان گونجاو بێت.

گاردیەن

چەند وەزیرێکی پێشووی کاروباری ناوخۆی بەریتانیا هۆشداری لەبارەی پەڕگیریی سیاسییەوە دەدەن
چەند پسپۆرێکی دیاری بواری تیرۆر و پەڕگیری کە سێ وەزیری ناوخۆی پێشووی سەر بە پارتی پارێزگارانیشیان تێدایە، دەستەڵاتدارانی وڵاتەکە ئاگادار دەکەنەوە لەوەی نابێت دەسەڵات رێگە بە خۆی بدات لەپێناوی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسیدا بۆ خۆیان، پەنا بۆ بەکارهێنانی توندڕەوییە پەڕگیرییە ئاینییەکان بدەن.
پریتی پەیتڵ، ساجد جاوید و ئامبەر روود لەناو ئەو چەندان ناوەدان کە راگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و داوادەکەن، کە دژایەتیکردنی توندڕەوی نەکرێت بە بەشێک لە پرۆسەی سیاسەتکردن.

عەرەب نیوز

مانگە پیرۆزەکەی موسوڵمانان گەیشت و زۆربەی وڵاتان مانگیان بینیوە
رێبەرە ئاینییەکانی سعودیە هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزانیان راگەیاند، لێرەوە و لەم کاتەوە گەشتێکی رۆحیی رۆژوگرتن دەست پێدەکات. لەپاش ئەوەی بە فەرمی راگەیەندرا کە مانگ بیندراوە، بڕیاردرا رۆژی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگە پیرۆزەکە بێت چونکە مانگ بینراوە.
بەشی بینینی مانگ لە زانکۆی موجەمەع لە شاری ریازی پایتەختەوە یەکەم ناوەندی زانستی بوو، کە هاتنی مانگە پیرۆزەکەی راگەیاند، لێرەوە دوو ملیار موسڵمان لە جیهاندا ئەم رۆژە دەکەن بە سەرەتای مانگی رۆژوگرتنیان.

رۆژنامە تورکییەکان

تورکیا

مێترۆ تازەکەى ئیستەنبوڵ رۆژى یەک ملیۆن کەس دەگوازێتەوە

مێترۆ تازەکەى ئیستەنبوڵ، بەڕێژیەکى بەرچاو، لە بەشى ئەوروپاى شارەکە کێشەى ئاستەنگى هاتوچۆ کەمدەکاتەوە. ئەم هێڵە مێترۆیە بە درێژى 8.4 کیلۆمەترە. لەنێوان ناوچەیى باغجلار-بەکرکۆى دەبەستێتەوە. دوورى نێوان ئەم دوو ناوچەیە لە 50 دەقەوە دەکات بە 13 دەقە. رۆژى یەک ملیۆن کەس دەگوازێتەوە.

ئەکشام

بەریتانیا داوا لە ئەڵمانیا دەکات فڕۆکەى ئیرۆفایتەر بە تورکیا بفرۆشێت
یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، دیدارەکان بۆ فرۆشتنى ئێف 16 بەردەواممە و پێموایە ئاستەنگى دروست نابێت تەنانەت بۆ کڕینى ئێف 35.

ئەو گوتى، ئێستا بەریتانیا لەگەڵ ئەڵمانیا لە گفتوگۆدایە تاوەکو ئەڵمانیا رازى بکات فڕۆکەى ئیرۆفایتەر بە ئێمە بفرۆشن.

یەنى بیرلیک

ئەردۆغان دەتوانێت جارێکی دیکە خۆى بۆ سەرۆککۆمار کاندید بکاتەوە
بەکر بۆزداغ، جێگریی سەرۆکى پەڕلەمانى تورکیا رایگەیاند، دەکرێت لە رێگەى پەرلەمانەوە دەنگ لەسەر یاساى خۆهەڵبژاردنەوە بدەین و دەرفەت بدرێت جارێکى دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆى بۆ سەرۆککۆمار کاندید بکات.

حوڕییەت

لەمساڵدا ئۆپراسیۆنى چنگى قفڵ کۆتایی دێت
یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لەمساڵدا ئۆپراسیۆنى چنگى قفڵ لە باشوورى سنوورەکانمان کۆتایی پێدەهێنین. لەو شوێنانەى کە پێویست بە ئۆپراسیۆن بکات راستەوخۆ سوپاى تورکیا ئۆپراسیۆنى سەربازى تێدا ئەنجامدەدات.

رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

پشووی هەفتانە لە ئێران بۆ دوو رۆژ زیاد دەکرێت

ئەندامانی پەرلەمانی ئێران بە پڕۆژە یاسایەک پشووی کۆتایی هەفتە بۆ دوو رۆژ زیاد دەکەن.
لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی ماددەی 87ـی یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریی شارستانی لە بەرنامەی کاری نوێنەرانی کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی ئێراندا بوو.
بەگوێرەی ئەم پڕۆژە یاسایە، دەوامی فەرمانبەران بۆ 40 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کەم دەکرێتەوە و پشووی کۆتایی هەفتەش بۆ دوو رۆژ زیاد دەکرێت، کە تائێستا تەنها هەینى بووە.
لەم کۆبوونەوەیەدا، دوای گوێگرتن لە بۆچوونی لایەنە باش و خراپەکان و بەدواداچوونە پێویستەکان، نوێنەرانی پەرلەمان داوای گشتی ئەم پڕۆژە یاسایەیان پەسەند کرد.

جمهوری ئیسلامی

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، دوایین ئامار کە نوسینگەی ئاماری ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، نیشان دەدات کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 240% گەشەی کردووە.

لە مانگی کانوونى دووەمى 2023 بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ئەمریکا 3.1 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار.
هاوردەی ئەمریکا لە ئێرانیشەوە بە رێژەی 100% گەشەی کردووە و لە کاتێکدا هاوردەی ئەمریکا لە ئێرانەوە لە ماوەی مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا سفر بووە، لە مانگی کانوونى دووەمى ئەمساڵدا 3.4 ملیۆن دۆلار کاڵای دروستکراوی ئێران لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە براوەتە ئەمریکا.
بڕی ئاڵوگۆڕی نێوان ئێران و ئەمریکا بە بەراورد لەگەڵ کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ جیهاندا ژمارەیەکی بەرچاو نییە، ئێران لە ریزبەندی 148هەمین وڵاتی جیهانە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا.

هەمدلی

تەمەنی هاوسەرگیرى لە ئێران گەیشتووەتە 29 ساڵ
تەمەنی چوونە ناو بازاڕی کار بۆ گەنجێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو 18 ساڵە کە لە ئێران تەمەنی 30 ساڵە، بۆیە یەکەم و گرنگترین هەوڵ پێویستە کەمکردنەوەی تەمەنی هاتنە ناوەوەی ئەم گەنجان بێت بۆ بواری کار.
بریکاری وەزیری وەرزش و لاوان رایگەیاند، تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیریش لە شارە گەورەکانی وڵات 29 ساڵە و جۆرێکە لە کارەسات، بۆیە پێویستمان بە ئیرادەی تۆکمە هەیە بۆ هاندانی گەنجانی وڵات بۆ هاوسەرگیری.
لە هیچ شوێنێکی دونیا ژیان بۆ ئامادەبوونی گەنجان ئامادە نییە، بەڵام دەبێت خۆمان ژیان دروست بکەین، بۆیە پێویستە بە ئیرادەیەکی جددی ئەم کولتوورە هەڵەیە لە کۆمەڵگادا بگۆڕین.

کەیهان

80 هەزار پۆلیس ئاسایشی نەورۆز دەپارێزن
سەردار تەیمور حوسێنی، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 80 هەزار کارمەندى پۆلیس ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی نەورۆز.
دەڵێت، ساڵی رابردوو هەزار و 217 هاووڵاتی تەنها لە ماوەی رۆژانی نەورۆزدا گیانیان لەدەستدا. نابێت رێگە بدەین هەندێک کەس یاری بە تەندروستی و سەلامەتی خەڵک بکەن؛ پێویستە رێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کە دەبنە هۆی رووداوەکان بگرینەبەر.

هەواڵی زیاتر

Back to top button