دەقی ئاینی و پێشکەوتنە زانستییەکان راى جیایان لەبارەی یەکەم رۆژی رەمەزانەوە چارەسەر نەکردووە

زووم:
ساڵانە وڵاتانی ئیسلامی، یان زۆرینە موسڵمان، لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان سەربەخۆیانە بڕیاردەدەن، بێئەوەی بڕیاری وڵاتانی دیکە بەهەند وەربگرن.

وڵاتانی سونە لەگەڵ شیعە جیاوازن لە بڕیاردان لە یەکەم و کۆتا رۆژی رەمەزان، تەنانەت شیعەکانیش لە نێوخۆیاندا کۆک نین.

ئەم جیاوازییە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان پەیوەندی بە بابەتی فیقهی و تێگەیشتن بۆ دەقەکانی ئاینی ئیسلام پەیوەیست بە یەکەم و کۆتا رۆژی رەمەزانەوە هەیە.

هۆکاری دووەم زانستنی گەردونناسییە و سێهەمیش بۆ هۆکاری سیاسی دەگەرێتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری فیقهی، واتە تێگەیشتن لە دەقەکانی ئیسلام، مەزهەبە جیاوازەکانی ئیسلام راجیاییان لەسەر چەند بابەتێک هەیە، یەکەمیان پەیوەندی بە شوێنی بینی مانگەوە هەیە، لەسەر ئەوە کۆک نین، ئەگەر مانگ لە هەر ناوچەیەک ببینرێت، پێویستە ناوچەکانی دیکەش پێوەی پابەند بن، یاخو نا.

زۆرینەی زانایان و مەزهەبەکان لەگەڵ ئەوەدان لە هەر شوێنێکی سەر زەوی مانگ ببینرێت بەسە بۆئەوەی تەواوی شوێن و ناوچەکانی دیکە یەکەم و کۆتا رۆژ دیاری بکەن، بەتایبەتی ئەو ناوچە و وڵاتانەی دراوسێی یەکترین، یاخود لە یەکەوە نزیکن.

راجیایی دووەم لەبارەی تێگەیشتن لە دەقەکان، پەیوەستە بە چۆنیەتی بینینی مانگ، سونە و شیعەکان بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبوون، زۆرینەی زۆری سونەمەزهەبەکان لەگەڵ ئەوەدان، ئامێری پێشکەوتووی وەکو تێلێسکۆپ بۆ بیننی مانگ بەکاربهێندرێت، بەڵام شیعەکان لەوەدا جیاوازییان هەیە و بوون بە دووبەشەوە.

راجیاییەکی دیکە هەیە، ناکۆکی لە نێوان گروپە جیاوازەکانی شیعە دروستکردووە، ئەویش پەیوەندی بە شایەتیدانی ئەو کەسانەوە هەیە بەوەی مانگیان بینیوە یاخود نا.

ئەگەر موسڵمانێک شایەتی بدات مانگی بینیوە و یەکێکی دیکە شایەتی بدات مانگی نەبینەوە، زۆرینەی شیعەکانی ئەم سەردەمە شایەتی ئەو کەسە وەردەگرن کە مانگی بینیوە، بەڵام عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، شایەتی ئەو کەسە وەردەگرێت کە دەڵێت مانگی نەبینیوە، هەربۆیە هەندێکجار شیعەکانی عێراق لە بڕیاردان لە یەکەم و کۆتا رۆژی رەمەزان راجیاییان هەیە.

هۆکاری دووەم بابەتی گەردونناسییە، کە رۆژەکانی مانگ و ساڵی بەشێوەیەکی ورد دیاریکردووە، هەندێک وڵات لەسەر بنەمای ئەم زانستە و بە بێگودانە بینینی مانگ، یەکەم رۆژی رەمەزان دیاریدەکات، تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا لەسەر بنەمای گەردونناسی بڕیاریداوە.

هۆکاری سێهەم، پەیوەندی بە سیاسەتی وڵاتانەوە هەیە، هەندێک وڵات دەیانەوێت تەنانەت لە بڕیاری پەیوەست بە بۆنە ئاینییەکان سەربەخۆبن، یاخود نایەوێت لەگەڵ سونە یان شیعە هاوڕابن.

بەهۆی ئەو هۆکارانەوە بە دەگمەن دەبینی، موسڵمانان لەسەر یەکەم رۆژی رەمەزان کۆکبن، ساڵی 2016 یەکێک بوو لەو ساڵانەی زۆرینەی زۆری جیهانی ئیسلامی پێکەوە رەمەزانیان بەڕێکرد و جەژنیان گێڕا.

بۆئەمساڵ بە گوێرەی زانستی گەردونناسی، ئەستەمە مانگ بەچاوی ئاسایی یان تەنانەت بە تێلێسۆپیش ببینرێت، لە دۆخێکی وەهادا هەندێک لە وڵاتان پشت بە فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام دەبەستن، دەفەرمێت، ئەگەر مانگتان نەبینی سی رۆژ بژمێرن، هەندێکی دیکە پشت بە زانستی گەردونناسی دەبەستن بۆ زانینی رۆژەکانی مانگی شەعبان و رەمەزان.

هەواڵی زیاتر

Back to top button