بایدن: جیهان ئێرەیی بە ئابورییە بەهێزەکەی ئێمە دەبات و منیش وەک ترامپ نیم مل بۆ پوتین بدەم

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرق ئەوسەت

مالیکی کار لەسەر ئامادەکردنی یاسایەکی تازەی هەڵبژاردن دەکات بۆئەوەی شەڕی سودانی پێ بکات

چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە رۆژنامەی شەرق ئەوسەتیان گوتووە، نوری مالیکیی سەرەکوەزیرانی پێشووتری عێراق خەریکی ئامادەکردنی یاسایەکی هەڵبژاردنی تازەیە کە هەندێک هەموارکردنەوەی تێدا ئەنجام درابێت بۆئەوەی شانسی سەرکەوتنەوەی سودانیی سەرۆکوەزیرانی ئێستا بۆ خولێکی تازەی دیکە کەم بکاتەوە.
بەرنامەکەی مالیکی وایە کە کێش و توانای لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دیاری بکات، بۆئەوەی نەهێڵێت هیچ هاوپەیمانێتییەکی شیعە ژمارەیەک کورسییەکانی زیاتر بێت. ناوبراو دەیەوێت هەموو عێراق بکات بە پەنجا بازنەی هەڵبژاردنەوە و تەنها لە ناو بەغداددا 10 دانە بازنە بوونی هەبێت. دواتر لە ناو ئەم بازنانەدا کار لەسەر سیستمی لیستە هاوبەشەکان بکرێت.
هەندێک چاودێر دەڵێن، رەنگە ئەم بەرنامەیە زیان لە خودی مالیکیش بدات، بەڵام نەیتوانیوە رێگەیەکی لەوە باشتر بدۆزێتەوە بۆ سنوردارکردنی فراوانبوونەوەی قەڵەمڕەوی سودانی.

مەدا

بەرزیی رێژەی توندوتیژیی خێزانی و تەڵاق و بەشودانی کچانی هەرزەکار تامی لە ژیانی ژناندا نەهێشتوە

لەگەڵ هاتنی بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان، ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژن و پیاو، لەوانەی پشتیوانیی مافەکانی ژنان دەکەن دەڵێن نیگەرانن، چونکە تێکڕای ئامارەکانی توندوتیژیی خێزانی و بەشوودانی کچانی هەرزەکار وتەڵاقدان و تاوانەکانی گێچەڵپێکردنی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا زۆر بەرزن.
ئەم کەسانە هۆشدارییان داوە لەبارەی ئەوەی گۆڕانکارییەکانی ژینگە و وشکەساڵی لە ناوچە گوندنشینەکاندا رەوشی ژنانی بەرەو خراپتر بردووە.
مونا ساحیب هیلالی بە مەدای گوتووە، هێشتا رەوشی ژنانی عێراق لەو ئاستەدا نییە، کە ئێمە دەمانەوێت، چونکە ژن لێرە پەراوێزخراوە. یاسا و دەستور و بەرنامە باشەکانی ناو وڵاتەکەش نەیانتوانیوە بارودۆخی ژنان بگۆڕن.

سەباح

سەرەکوەزیران لە بەسرە چەند کارگەیەکی ستراتیژیی ئاسن و پەینی کیمیایی کردەوە و گوتی دەبێت لەمەودوا دەنگی کارگەکان بەرزتربن

محەمەد شیاع سودانی، سەرەکوەزیرانی عێراق پێداگریی کرد لەوەی دەبێت لەمەودوا دەنگی ئامێرەکانی ناو کارگەکان بەرزترین دەنگی بیستراو بن و دەنگە لەرزۆکەکان نەتوانن کارگەکان کپ بکەنەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرەکوەزیران راگەیاندنێکی لەمبارەوە هەبووە و تیایدا گوتویەتی، سەرەکوەزیران بەشێکی گرنگی لەناو کارگەی ئاسن و پۆڵای لە بەسرەدا خستووەتەکار، ئەم بەشە دەبێت بە دامەزراوەیەکی بەرچاو لەناو پرۆژە ستراتیژییە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکاندا.

زەمان

بایدن: جیهان ئێرەیی بە ئابورییە بەهێزەکەی ئێمە دەبات و منیش وەک ترامپ نیم مل بۆ پوتین بدەم

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپی رکابەرە سەرسەختەکەی. لەم بۆنەیەدا ستایشی ئەو دەستکەوتە گرنگانەی خۆیی کرد کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەدەستیهێناون. بایدن گوتی، لە ترەمپی سەرۆکی پێشووەوە ئابورییەکی لاوازی بۆ بەجێهێڵدرابوو، بەڵام ئێستا جیهان ئێرەیی بە ئابورییە بەهێزەکەی ئەمریکا دەبات.
بایدن کە لە ئێستادا تەمەنی 81 ساڵە، هەر لە سەرەتای گوتارەکەیەوە بە پەلاماردانی ترەمپ دەستی پێکرد و گوتی دۆنەڵد ملکەچی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا بووە. هەروەها لە زۆر کایەی دیکەی وەک مافی لەباربردن و ئابوریشدا رەخنەی لێگرت.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

سەندەی تەلەگراف

وەزیرێکی بەریتانیا بە خۆپیشاندەرانی لایەنگیریی فەڵەستینی دەڵێت لەپاڵ تووندڕەوەکاندا رێ مەکەن

مایکڵ گۆوڤ، وەزیری دەرەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی نیشتەجێبوون و کۆمەڵگەکانی بەریتانیا بە خۆپیشاندەرانی لایەنگیریی فەڵەستینی گووت کە ئەوان شانبەشانی تووندڕەوەکان خۆپیشاندان دەکەن و هەوڵدەدەن دیموکراسیی وڵاتەکە لەناو ببەن. ئەو وەزیرە بەتایبەت هەندێ درووشمی خۆپیشاندانەکانی ئیدانەکرد کە رەوایەتی تەواو دەدات بە تووندڕەویی لە وڵاتەکەدا و تۆوی رق و کینە دەچێنێت تیایدا. هاوکات ئێرانیشی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیەوێت پرۆسەی دیموکراسیی لە وڵاتەکەدا ناسەقامگیر بکات.


ئۆبزێڤەر

پارتی کرێکارانی بەریتانیا ئامادەکاریی دەکات بۆ گرتنەدەستی حوکمڕانی وڵات

ئەندامانی حکوومەتە سێبەرەکەی کەیر ستامەری، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەنیازن چاویان بە بەپرسانی باڵای وڵاتەکە بکەوێت پێش ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە. ئەمەش لەکاتێکدایە پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەرێوە بچێت. هەربۆیە پارتەکە، کە لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆنە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتدا درووست بکات و بەشێوەیەکی رێکوپێک دەستاودەستی دەسەڵاتەکان بکەن لە ئەگەری بردنەوەیان لە هەڵبژرادنەکاندا.

 

واشنتن پۆست

تەرمێکی زۆر لەسەر شەقامەکانی هایتی کەڵەکە بوون
بەهۆی کۆنترۆڵکردنی شەقامەکانی وڵاتەکە لەلایەن چەتە چەکدارەکانەوە، شەقامەکانی پۆرتاوپرینسی پایتەختی وڵاتی هایتی پڕبوون لە تەرمی خەڵکی و بۆنی تەرمەکان بە شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت چەند گرووپێکی چەکدار دەستیانکردووە بە هێرشکردنی رێکخراو بۆسەر بنکە و بارەگاکانی وڵاتەکە. لە هێرشەکانیاندا، ئەو چەتان ئاگریان بەرداوەتە باڵەخانەکانی پۆلیس و هەزاران زیندانییان ئازادکردووە و بەهۆیەوە وڵاتەکە لە دۆخی لەناکاوی راگەیاندووە، ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینریت بۆ لەکارلادانی سەروکوەزیرانی ئەو وڵاتە.


ئۆرشەلیم پۆست

مۆساد: حەماس دەیەوێت لە مانگی رەمەزاندا گڕبەربداتە ناوچەکە و جەنگ بەردەوام بێت

دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیل هۆشداریی دەدات لەوەی تا دێت حەماس زیاتر حەزدەکات لە مانگی رەمەزاندا گڕ بەربداتە رۆهەڵاتی ناوەڕاست، وەک لەوەی بیەوێت شەڕی غەزە رابگرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو رێککەوتنەی کە بڕیاربوو پێش مانگی رەمەزان رابگەیەندرێت واژۆ نەکرا. دەزگاکە ئاماژە بەوەش دەکات حەماس وا خۆی دەرخستووە کە ئاگربەستەکەی بەلاوە گرنگ نەبووە و هەوڵدەدات لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتییانی غەزە ئاگر بەربداتە ناوچەکە لە مانگی رەمەزاندا.

رۆژنامە تورکییەکان

تورکیا

هاکان فیدان هۆشداریی بە ناتۆ دەدات لە هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ یەپەگە
هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە سەردانەکەى بۆ واشنتن هۆشدارى بە ئەمریکا داوە چیتر هاوکارى یەپەگە نەکرێت، فیدان راشکاوانە گوتویەتى پێویستە ئەمریکا هەنگاوى کرداریی چارەسەریی بنێت بۆ ئەو بابەتە.
فیدان ئەوەشی گوتووە تورکیا دووەم وڵاتى بەهێزى ناتۆیە، لە ئەگەرى بەردەوامیی هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ یەپەگە، مەترسی لەسەر هاوپەیمانى و پێگەى تورکیا لە ناتۆ دروست دەکات.

میلییەت

بینەری شانۆ لە تورکیا 10% زیاد بووە
تەمەر قەرەداغڵى، بەڕێوەبەرى گشتیی شانۆکانى دەوڵەت رایگەیاند، لەماوەى دوو مانگى ئەمساڵدا بینەرى شانۆ لەسەرتاسەرى تورکیا 10% زیادبووە.
لە سالی 2023دا، لە تەواوى ئەو شانۆگەرییانەى لە سەرتاسەرى تورکیا نمایش کراوان سەرجەمیان یەک ملیۆن و 354 هەزار و 492 بینەرییان هەبووە.

جمهورییەت

سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە کە دووبارە خۆیشی کاندید کردووەتەوە لە وەڵامی ئەردۆغاندا: ئەوەى من بە راستی دواجارە
مەنسوڕ یەفەش، سەرۆکى ئێستای گەورەشارەوانیی ئەنقەرە و کاندید لەسەر لیستى جەهەپە بۆ هەمان شارەوانیی، دەربارەى وتەکەى سەرۆککۆمارى تورکیا کە گوتبوى ئەم هەڵبژاردنە دوا خولى سەرۆکایەتى منە و جارێکی دیکە خۆم کاندید ناکەم، گوتی، بە راستى ئەمە دواجارمە خۆم کاندید دەکەم بۆ سەرۆکشارەوانیی ئەنقەرە، وەکو ئەو دووبارە و چەند بارە خۆم کاندید ناکەمەوە.

ئاکیت

ململانێى ئەردۆغان لەگەڵ پارتى رەفاى تازە قوڵدەبێتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە کۆبوونەوەیەکى جەماوەریدا لە رووهاى باکوورى کوردستان رەخنەى لە پارتى رەفاى تازە گرت و گوتی: ئەوان لەژێر سێبەرى ئێمەدا سیاسەتیان دەکرد، بەڵام ئێستا پشتیان تێکردووین. ئامانجى ئەوان بە دەرخستنى کاندیدى پارتەکەیان دەیانەوێت لە ناوچەکە هەڵبژاردن بە ئێمە بدۆڕێنن.

رۆژنامە فارسییەکان

ئیمروز:

بلیتی گەشتی نەورۆز دەستناکەوێت
لە سەروبەندی نەورۆزدا، هیچ بلیتێک بۆ شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکان لەبەردەستدا نییە و ئەگەر مانگێک پێش ئێستا پلانی گەشتەکەت دانەنابێ و بلیتت نەکڕیبێ، پێویستە ماڵئاوایی لە گەشتکردن بکەیت لە کاتی نەورۆزدا.
کڕینی بلیتی گەشتە ناوخۆییەکان بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی گەشتیاران لە کۆتا رۆژەکانی ساڵدا، بەجۆرێک خەڵک ئەگەر بەنیاز بن بە هەر ئامرازێکی گواستنەوەی گشتی گەشت بکەن، پێویستە نزیکەی مانگێک پێشتر بلیت بکڕن.
لە ئێستادا هیچ بلیتێک لە سیستمەکانی گەشتەکانی نەورۆز نییە بۆ کڕین، گرنگ نییە کڕیاری بلیتی پاس بیت، یان بلیتی شەمەندەفەر یان فڕۆکە، ئەگەر بچیتە ماڵپەڕەکانی فرۆشتنی بلیت بە شێوەی ئۆنلاین، ناتوانیت بلیت بۆ شوێنی مەبەست بکڕیت.


جیهانی سەنعەت:

سێشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە
ئەندامێکی ستافی مەڵبەندی دۆزینەوەی مانگی ئێران رایگەیاند، رۆژی سێشەممە رەمەزانە.
موەحەد نەژاد ئەندامی مەڵبەندی دۆزینەوەی مانگی رێبەری ئێران ئاماژە بەوە دەکات ناتوانرێت لە رۆژی یەکشەممەدا هیلالی مانگی پیرۆزی رەمەزان ببینرێت و دەڵێت، هیلالی مانگی رەمەزان بەئاسانی لە رۆژی دووشەممەدا دەبینرێت، بۆیە موسڵمانانی ئێران لە رۆژی سێشەممەوە بەڕۆژوو دەبن.

قودس:

%60ـی کۆمەڵگا توانای کڕینی خانوویان نییە
جێگری سەرۆکی گەشەپێدانی خانووبەرەی ئێران رایگەیاند، زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران، کە زیاتر لە 50 ملیۆن کەس دەگرێتەوە، توانای کڕینی خانووبەرەیان نییە و تەنانەت بەشێک لە دانیشتووانی شوقەکان توانای ئەوەیان نییە پارەی خزمەتگوزاری و تێچوونەکانی بدەن.
ئاماژە بەوەش دەکات، راپرسیەکان دەریدەخەن گرنگترین بەش لە خەرجییەکانی خێزانەکان بۆ دابینکردنی خانووبەرەیە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، ئەگەر توانای کڕینی خانوویشیان هەبێت، توانای ئەوەیان نییە تێچووەکانی رۆژانە و پێداویستییەکانی بدەن.

ئیعتماد:

پڕۆژەی ریاڵی دیجیتاڵ جێبەجێ دەکرێت
مهیران موحەڕەمییان، جێگری سەرۆکی تەکنۆلۆژیا نوێیەکانی بانکی ناوەندی ئاماژە بەوە دەکات بانکی ناوەندیی ئێران یەکێکە لە بانکە پێشەنگەکانی دروستکردنی پارەی دیجیتاڵی و دەڵێت، قۆناغی پێش تاقیکردنەوەی ریاڵی دیجیتاڵی تەواو بووە، ئەمساڵ دەچێتە ناو قۆناغی تاقیکردنەوە و ساڵی داهاتووش دەچێتە بازاڕەوە.
ناوبراو پێیوایە بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە توانایەکی زۆر باش بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتی دروست دەکرێت و یارمەتیدەر دەبێت لە پرسی سزاکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، سروشتی ریاڵی دیجیتاڵی بەتەواوی هاوشێوەی دراوی بانکییە، بەڵام پێویست بە جووڵاندنی فیزیکی پارە ناکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button