قەسام ناسنامەی چوار بارمتەی کوژراوی دیکەی ئیسرائیلی ئاشکراکرد

زووم:

گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ناسنامەی چوار بارمتەی دیکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت، بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لە غەزە کوژراون.

هەفتەی پێشوو قەسام هەواڵی کوژرانی حەوت بارمتەی ئیسرائیلی بەهۆی بۆردومانی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە راگەیاند، ناوی سیانیانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ ئەو هێزە پچڕاوە کە پاسەوانی ئەو حەوت بارمتەیان کردووە و ناوی چوار بارمتەکەی دیکەیان لا نییە، جەختیکردەوە کە دواتر رایدەگەیەنن.

بۆیە ئەمڕۆ ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی قەسام لە راگەیەنراوێکدا  گوتی، دوای پشکنینی ناسنامەکانیان و دڵنیابوونەوە، ناوی ئەو چوار کوژراوەی دیکەیان ئاشکراکردووە.

پێشتر گووتەبێژەکەی قەسام رایگەیاندبوو، سێ لەو کوژراوانە بە دانپێدانانی خۆیان دامەزرێنەری سوپای ئیسرائیل بوون و یەکێکی دیکەشیان لەگەڵ بنیامین ناتنیاهۆی سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی نزیکی هەبووە.

ئەو حەوت بارمتەیە کەسانی بەتەمەنن و خزمەتی سەربازییان کردووە، لەئێستادا نزیکەی 125 بارمتە لای حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەڵەستینی ماون.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button