نورا مەتروشی، توانی وەک یەکەم ژنی عەرەب بەرەو چوون بۆ بۆشایی ئاسمان هەنگاو بنێت

زووم:

رۆژی جیهانی ژنانە..رۆڵی ژن، بەتایبەتی لە سەدەی بیستویەکدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت پەنجەمۆری لەسەر کایەی زانست و ئاسمانەوانی بەڕوونی دەبینرێت.

نورا مەتروشی زانستکارێکی ئیماراتییە و توانی وەک یەکەم ژنی عەرەب بەرەو چوون بۆ بۆشایی ئاسمان هەنگاو بنێت.

نورای تەمەن 31 ساڵ، هەر لە منداڵییەوە خەون بەوەوە دەبینێت بچێتە سەر مانگ و دوای دوو ساڵ راهێنانی سەخت و چڕ، ئەم هەفتەیە بووە یەکەم ژنی عەرەب لەلایەن ئاژانسی ناساوە باجی کەشتیوانیی ئاسمانیی پیشەگەری پێدرا.

نورا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، خەونەکەی بۆ چوونە سەر مانگ لەو کاتەوە دەستیپێکردووە، کە قوتابی بووە و مامۆستایەکی لە پۆلدا باسی گەیشت بە سەر مانگی بۆ کردووە.

نورا گوتوویەتی، ئەو رۆژە کاریگەری لەسەر دەروونی داناوە چرکەساتی گۆرانکارییە زیهنییەکانی لەوێوە دەستیپێکردووە.

نورا باس لەوە دەکات، لەو کاتەدا بە خۆی گوتووە، دەیەوێت ئەو گەشتە لە ژیانی راستەقینەدا تاقیبکاتەوە و بچێتە سەر مانگ.

پێشتر، ژنانی دیکەی عەرەب بەشدارییان لە ئەرکەکانی بۆشایی ئاسماندا کردووە، بە نموونە لە ساڵی 2022، سارە سەبری، لە میسرەوە بەشداریکرد لە ئەرکێکی کۆمپانیای “بلو ئۆریجن”، ساڵی رابردووش، ریانە بەرناوی، زانستکاری سعودی بە ئەرکێکی چەندە رۆژە چووە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان.

نورا، لەگەڵ 10 هاوکاری دیکەی ئەمریکی، ماوەی دوو ساڵە بەشداری لە بەرنامەی مەشقی چڕدا کردووە، کە بەهەماهەنگی لەنێوان ناسا و ناوەندی بۆشایی ئاسمانی محەمەد بن راشد بەڕێوەچووە.

 

لە کۆتاییدا، ئەم هەفتەیە بەشداربووانی بەرنامەکە بوونە کەشتیوانی ئاسمانی و ئاهەنگێکی دەرچوونیان لەلایەن ناساوە بۆ رێکخرا.

ناسا لە چوارچێوەی بەرنامەی “ئەرتیمیس”ـدا دەیەوێت کەشتیوانانی ئاسمانی بنێرێتە سەر مانگ و لەژێر ناوی “گەیتوەی”، وێستگەی بۆشایی ئاسمان لە خولگەی مانگدا دابمەزرێنێت.

پێشتر، “ڤالێنتینا تێرێشکۆڤا”، کە ژنێکی روسی بوو، توانی وەک یەکەم ژن بچێتە بۆشایی ئاسمان، تێرێشکۆڤا لە ساڵی 1937ـدا لەدایکبووە، رۆژی 16ـی حوزەیرانی ساڵی 1963 بووە یەکەم ژن بچێتە بۆشایی ئاسمان.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button