لە هەر کاتژمێرێکدا سێ ژن لە غەزە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە گیانلەدەست دەدەن 

زووم:

  رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەوت:

ناتانیاهۆ مەرجی سەرکەوتنی جەنگەکەی دەبەستێتەوە بە هێرشکردنە سەر رەفەح
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجی سەرکەوتنی جەنگی پێنج مانگە و بەردوامی وڵاتەکەی لەگەڵ حەماس بەستووەتەوە بە هێرشکردنە سەر رەفەح کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەزە و ملیۆنان ئاوارەی فەلەستینی لێیە.
ناتانیاهۆ وێڕای فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەری، جەختیکردووەتەوە لە بەردەوامبوونی هێرشەکان و یەکڕیزیی وڵاتەکەی بۆ رێگریکردن لە راوەستانی جەنگ و گوتوویەتی “ئەوانەی فەرمانمان پێدەکەن بەوەی هێرش نەکەینە سەر رەفەح، وەک ئەوەیە فەرمانمان پێبکەن جەنگەکە بدۆڕێنین و شتی وەهاش روونادات”.


قودسی عەرەبی:

لە هەر کاتژمێرێکدا سێ ژن لە غەزە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە گیانلەدەست دەدەن

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە تا ئیستا نزیکەی نۆ هەزار ژن لە غەزە کوژراون.
ئامال حەمد، وەزیری کاروباری ژنان لە حکومەتی کاربەڕێکەری فەلەستین بە رۆژنامەکەی گوتووە، ئەوەی ژنی فەلەستینی رووبەڕووی دەبێتەوە “لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبووە”، بەوپێیەی نۆ هەزار ژن کوژراون، نۆ هەزاری دیکە بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان و لە کۆی نۆ هەزار بێسەروشوێنیش نزیکەی لە سەدا حەفتایان ژنن، هەروەها لە ئێستادا نزیکەی 60 هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەزە هەن، ئەمە بێجگە لەوەی لە هەر کاتژمێرێکدا سێ ژن بەهۆی هێرشەکانەوە گیانلەدەست دەدەن کە بە نزیکەیی دەکاتە 63 ژن لە رۆژێکدا.

 


عەرەبی جەدید:

ژنانی غەزە باری گەلێکیان لەسەر شانیان هەڵگرتووە
ژنانی غەزە لە رۆژی جیهانیی ژناندا ئاهەنگ ناگێڕن، بەڵکو باری گەلێکیان لەسەر شان ناوە، رۆژانی جەنگ بۆ ژنانی غەزە گوزارشتە لە “زنجیرەیەکی درێژ لە ستەم”.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، ئەمڕۆ لە سەردەمی کۆمەڵکوژی لەلایەن ئیسرائیلەوە، ژنانی فەلەستین بوونەتە رەمزی خۆراگری و بەرەنگاری و ئێشوئازار.


عەرەب:

تورکیا دەستی خستووەتە نێو نەوتی سۆماڵ
ئەڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دەڵێت، وڵاکەی لە بواری نەوت و گازی سروشتیدا رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ سۆماڵ واژۆکردووە و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە دوای رێککەوتنی هاریکاریی بەرگری کە مانگی پێشوو واژۆکرا.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، تورکیا چاوی لە نەوتی سۆماڵە و وەک ئامانجێک دەیبنێت، لەبەرامبەریشدا هاوکاریی جۆراوجۆر پێشکەش بە مەقادیشۆ دەکات.

     رۆژنامە ئینگلیزییەکان

واشنتن پۆست:

ئەمریکا بەندەرێکى کاتى بۆ هاوکارییەکانى غەزە دەکاتەوە
جۆ بایدن فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە بەندەر و دەرچەیەکی کاتی لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست بکرێتەوە و ببێتە رێگایەکی تازە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی.
هیواکان لەسەر ئەوە دەوەستنەوە لە مانگی رەمەزان رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بێتە ئاراوە و ئازادکردنی بارمتەکان ئەنجام بدرێت.


دەیلی تەرەگراف:

ناڕەزایەتیى لایەنگرانی فەلەستینییەکان لە لەندەن تادێت زیاتر دەبێت
ناڕەزایەتییەکانی لایەنگرانی فەلەستین لەندەن دەکات بە “ناوچەیەکی قەدەغەکراو بۆ جووەکان”.
رۆبین سیمکۆکس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری توندڕەوی بە رۆژنامەکەی دەیلی تەلەگرافی گوتووە، حکومەت و دامودەزگاکانی توانای بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوییان هەیە بەڵام گرووپە توندڕەوەکان ماوەیەکی زۆرە کەس بەرەنگاریان نەبووەتەوە.


دەیلی مەیل:

فیلمی مایسترۆی برادلی کوپەری تەمەن 49 ساڵ پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی حەوت خەڵاتی ئۆسکار
برادلی کوپەر ئەکتەر و دەرهێنەرە، بە سەگەوە بانگەشەی سەرکەوتنی خەڵاتی ئۆسکار دەکات، کوپەر پێنجەمین جارە بۆ خەڵاتى ئۆسکار دەپاڵێورێ، لەکاتێکدا پێشتر بۆ خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین ئەکتەری پیاو بۆ رۆڵی سەرەکی پاڵێوراو بووە.


وۆڵ ستریت جۆرناڵ:

بایدن رووبەڕووی ترەمپ دەبێتەوە

جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا داوا لە کۆنگرێس دەکات یاساکانی پاراستنی لەباربردنی منداڵی فیدراڵی پەسەند بکات
بایدن هەوڵ دەدات ئەمریکییەکان قایل بکات بەوەی سیاسەتەکانی ئابوورییان بەهێزتر کردووە و ئازادییەکانیان پاراستووە. بەڵێنیشیدا توانای لەباربردنی منداڵ بپارێزێت و لەو بارەیەوە رەخنە لە کۆمارییەکان دەگرێت.

رۆژنامە تورکییەکان

 سۆزجو:

رکابەرى کەوتە نێوان ئاک پارتى و پارتى رەفاى نوێ

پارتى رەفاى نوێ لەم هەڵبژاردنەدا لە رێککەوتن لەگەڵ ئاک پارتى پاشگەزبۆتەوە، کاندیدى خۆى بۆ ئیستەنبوڵ و ناوچەکانى دیکە دەبێت. ئەمەش ئەردۆغانى توڕە کردووە. چاوەڕێ دەکرێت پارتى رەفاى نوێ دەنگى هەندێک لە موحافزکارەکانى ئاک پارتى ببات.

یەنى بیرلیک:

ئەرمینیا داوادەکات دروازە سنوورییەکانى لەگەڵ تورکیا بکاتەوە

ئارارات میرزۆیەن وەزیرى دەرەوەى ئەرمینیا رایگەیاند: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکەینەوە، ئێمە وەک ئەرمینیا دەمانەوێت پەیوەندی دیبلۆماسیمان بەهێزبکەین، دەروازە سنوورییەکانمان لەگەڵ تورکیا بکەینەوە و پەیوەندییە بازرگانى و کلتورییەکانمان بەرەوپێش ببەین.

میلییەت:

هاکان فیدان داواى لە واشنتن کردووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنن

لە سەردانەکەى هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ واشنتن، چاوی بە جەیک سولیڤن راوێژکارى ئاسایشی ئەمریکا کەوتووە، فیدان گوتویەتى پێویستە ئەمریکا بەشێوەیەکى ئاشکرا پابەندى هاوپەیمانییەتییەکەى بێت لەگەڵ تورکیا و بۆ ئەو مەبەستەش ئەوەى دوپاتکردۆتەوە دەبێت کۆتایی بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ پەکەکە_یەپەگە بهێنێت.

تورکیا:

سولفەى هاوسەرگیریی گەنجانى سەرقاڵ کردووە

لەپاش راگەیاندنى سولفەى هاوسەرگیریی لەلایەن حکومەتى تورکیاوە، لەماوەى 22 رۆژدا پێنج هەزار گەنج سودمەند بوون لە وەرگرتنى بڕی 150 هەزار لیرەى تورکی کە دەکاتە نزیکەى چوار هەزار و 700 دۆلار.

هەواڵی زیاتر

Back to top button