عێراق 25 ملیۆن دۆلار یارمەتی ئۆنروای داوە

 زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرق ئەوسەت

سودان لە بەردەم گەورەترین قەیرانی برسێتیدایە لە هەموو جیهاندا

رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکیی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی قەیرانی برسێتییەکەی ناو سودان بڵاوکردووەتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی گەورەترین قەیرانی برسێتییە لە جیهاندا، دەشڵێت، ئەگەر ئەو جەنگە رانەگیرێت کە لە نێوانی  سوپا و هێزەکانی فریاکەوتنی خێرادا لەئارادایە، کارەسات روودەدات، چونکە 25 ملیۆن خەڵکی سودانی هەن کە ئاوارە بوون. ئەو پەنابەرانەیان کە گەیشتوون بە چاد و وڵاتی باشووری سودان خواردنیان لانەماوە، نەتەوەیەکگرتوەکانیش ناتوانێت بە خێرایی فریایان بکەوێت.

زەمان

ئوردن دەڵێت شارێکی ئابوریی هاوبەش لەگەڵ عێراقدا دروست دەکەن و ئێستاش لە قۆناغی کۆتاییدایە

یوسف شیمالی، وەزیری پیشەسازیی و بازرگانی ئوردن رایگەیاند ئەو شارە بازرگانییەی بڕیاریان دابوو لەگەڵ عێراقدا دروستی بکەن، گەیشتووەتە دوا قۆناغەکانی کۆتایی خۆی. ئەو شارە روبەرەکەی دەگات 22 ملیۆن مەتر دووجا و لە دوو بەش پێکدێت، بەشی یەکەمیان لەناو خاکی عێراقدایە و دەکەوێتە ناوچەی ترێبیلی سەرسنورەوە، بەشی دووەمیشیان دەکەوێتە ناو خاکی ئوردنەوە، لە نزیکی فەرمانگەی گومرگی کەرامەوە، لە ئێستاشدا بەدوای زەوییەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و شارێکی گەورەی پیشەسازی تێدا دروست بکرێت.

سەباح

عێراق 25 ملیۆن دۆلار یارمەتی ئۆنروای داوە

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی بڕی 25 ملیۆن دۆلار یارمەتیی ئاژانسی ئۆنروای داوە کە دامەزراوەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکانە و هاوکاریی ئاوارە فەڵەستینییەکان دەدات.

بە گوتەی فوئاد حسێن، ئەم یارمەتییە بۆ پشتگیریکردنی گەلی فەڵەستینە لە ئەو تراژیدیایەدا کە تێیدا دەژین و بوون بە قوربانی بەردەستی ئەو توندوتیژییەی حکومەتی ئیسرائیلی لەوێ پیادەی دەکات.

عەرەب

حکومەتی کوەیتی خەونی زۆری ریفۆرمکردنی هەیە، بەڵام چاوەڕوانی پەیداکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنیانە

لە ناو گوتاری سیاسیی شێخ محەمەد سەباح سالمی سەرەکوەزیرانی کوەیتدا  خەونی گەورە و زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانی ریفۆرمی قووڵ و گشتگیر، چونکە دەیەوێت وڵاتەکەی بخاتە سەر رەوتی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەک ساڵانێکە خەڵکەکەی چاوەڕوانی ئەنجامدانی دەکەن. بەڵام بوونی ناکۆکیی سیاسی و شڵۆقیی رەوشی پەیوەندییەکانی نێوانی هەردوو دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن وایکردووە بە بەردەوامی حکومەت و پەرلەمان لە کێشەدابن و نەتوانن لەسەر ئەنجامدانی پرۆژەکان بگەن بە رێککەوتن.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 دەیلی تەلەگراف

یەک ملیۆن کۆچبەری دیکە پشتیوانی لە ئابووری بەریتانیا دەکەن

قەیرانی بێکاریی لە بەریتانیا لە پێنج ساڵی داهاتوودا قووڵتر دەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆربوونی ژمارەی کۆچبەران لە وڵاتەکەدا گەشەکردنی ئابووریی وڵاتەکە بەرەوپێشەوە دەبات. سەرۆکی رێکخراوێکی چاودێریی باج و خەرجی بەریتانیا هۆشداریی دەدات لەوەی ناچالاکیی ئابووریی رووی لە زیادبوونە و هۆکارەکەشی بۆ زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە دەڵێن بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێنن. لەبەر ئەمەیە زۆربوونی ژمارەی پووختەی کۆچبەران لە بەریتانیا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ئابووری وڵاتەکە دروست دەکات.

فاینەنشیەڵ تایمز

وەزیری خەزێنەی بەریتانیا دەرگا بەڕووی کەمکردنەوەی باج لە وڵاتەکەیدا بەکراوەیی بەجێدەهێڵێت

جێرمی هەنت، وەزیری خەزێنەی بەریتانیا داهاتی باجی بەریتانیای لە بودجەدا بە بڕی 10 ملیار پاوەن کەمکردەوە کە ئامانج لێی بچووکردنەوەی پارتی کرێکارانە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە. دوای بڕیارەکە، ئەندامانی پەرلەمانی پارتی بارێزگاران کە پارتی دەسەڵاتە لە بەریتانیا، پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد و داواشیانکرد دەبێت هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی لە شەڕی هەڵبژاردندا سەربکەون. لەهەمان کاتدا پلانیشی هەیە بەر لە هەڵبژاردنەکانی پایزی ئەمساڵدا کەمکردنەوەی دیکە لە داهاتی باجی ئەو وڵاتە رابگەیەنێت.

 

واشنتن پۆست

کشانەوەی نیکی هەیڵی لە هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆکایەتی ئەمریکادا رێگەکە بۆ ترەمپ خۆش دەکات

نیکی هەیڵی، کاندید لەسەر پارتی کۆمارییەکان و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە کێبڕكێی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆکایەتی ئەمریکادا کشایەوە، بەمەش هێندەی دیکە رێگەی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا خۆشکرد بۆ ئەوەی ببێتەوە بە کاندیدی کۆمارییەکان و بچێتە کێبڕکێی سەرۆکایەتییەوە. دوای کشانەوەی هەیڵی کە لەدوای ترەمپ زۆرترین دەنگی کۆمارییەکانی هێنابوو، ئیدیی هیچ کەسێکی بەهێز لە کێبڕكێکەدا نەماوە و کاندیدبوونەوەی ترەمپ مسۆگەر بووە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەگەڵ بایدندا دەچنەوە کێبڕكێی سەرۆکایەتی.

ئۆرشەلیم پۆست

ئەمریکا دەڵێت دەکرێت بەربەستی بەردەم گفتوگۆکانی رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان چارەسەر بکرێت

ئەمریکا بەردەوامە لە بەخشینەوەی گەشبینی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل لەکاتێکدا هیواکان بۆ دەستپێکردنی دانووستانەکان بەر لە مانگی رەمەزان پوکاونەتەوە و گفتوگۆکانی قاهیرە شکستیان هێنا لەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدی بهێنن. بەڵام ئەمریکا دەڵێت بەردەوام پێمان وایە بەربەستەکان شتێک نین بەسەریاندا زاڵ نەبین و دەکرێت رێککەوتن بگەیەنرێتە ئەنجام. ئاماژەی بەوەشکردووە ئیسرائیل پێشنیازنامەیەکی باشی خستووەتە سەرمێز و تۆپەکە لە یاریگای حەماس دایە بۆ ئەوەی پێیان رازیی ببێت.

رۆژنامە تورکییەکان

 میللیەت

سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە دەڵێت دەرگای گفتوگۆ بۆ سەرجەم پارتەکان دەکەنەوە جگە لە دەم پارتی

بورجو کۆکساڵ، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى کۆمارى گەل (جەهەپە) رایگەیاند، لەپاش هەڵبژاردانى شارەوانییەکان، بەدەر لە دەم پارتى، دەرگاى گفتوگۆمان لەسەر تەواوی پارتە سیاسییەکان کراوە دەبێت.

بەڵام دواتر ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى گشتیی جەهەپە رایگەیاند، دەرگامان لەسەر تەواوى پارتە سیاسییەکان کراوەدەبێت.

حوڕییەت

سورییەکان بە سەربەرزییەوە لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان

عەلى یەرلیقایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، لە بەروارى 1ـی حوزەیرانى 2023 تاوەکو 29ـى شوباتى 2024، ژمارەى ئەو بیانییانەى لە ئیستەنبوڵەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتى خۆیان گەیشتووەتە 255 هەزار و 92 کەس.

هەروەها لە ئیستەنبوڵ ژمارەى ئەو سورییانەى لەو بەروارەدا بۆ زێدى خۆیان گەڕاونەتەوە گەیشتووەتە 26 هەزار و 519 کەس.

یەنى شەفەق

پڕۆژەى رێگەى بوژانەوە گورزێکى دیکە لە پەکەکە دەدات

تورکیا کارەکانى بۆ تەواوکردنى پڕۆژەى رێگەى بوژانەوە خێراتر دەکات، ئەم پڕۆژەیە کاریگەریی تەواوى دەبێت لە تێکشکاندنى جموجۆڵ و پەیوەندییەکانى پەکەکە لە عێراق و لە سوریا. لە هەمانکاتیدا کاریگەریی باشی لەسەر ئابوورى تورکیا دەبێت.

قەرار

رەوشى ژن لە تورکیا لە دۆخێکى خراپدایە

بەگوێرەى ئامارێکى دەزگاى تورکیا، 27%ـی ژن لە تورکیا پێیانوایە ژیانیان پارێزراو نییە. تەنها 30%ـی ژن دەرفەتى کاریان لەو وڵاتە پێدراوە.

هەروەها 40%ـی ژنان تەنها قۆناغى بنەڕەتییان تەواو کردووە و بە بەراورد لەگەڵ پیاوان رێژەى نەخوێندەوارى لەناو ژنان کەمترە.

رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

وەزیرێکی پێشووی ئێران: ئێمە لەبەردەم سوپایەکی برسییەکانداین

وەزیرێکی پێشووی ئێران وەکو ئاماژەیەک بەو راستییەی کە ئەمڕۆ %60 کۆمەڵگە لە سەختترین بارودۆخدا دەژین، گوتی، ئێمە لەبەردەم دیاردەی پەرەسەندنی سوپای برسییەکانداین.
دەشڵێت، ناتوانین بڵێین حوکمڕانی ئێمە بۆ کۆمەڵگەیەک خوازراوە کە زیاتر لە نیوەی بە برسی بخەون. پرسی سەرەکی کۆمەڵگەی ئێران نەبوونی کارامەییە، کارامەیی ئێمە لەسەر سفرەی خەڵک دەبینرێت و پێویست ناکات باسی لێبکرێت. ئێمە پێگەی کۆمەڵایەتیمان لەدەستداوە و بۆشایی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە قووڵتر بووەتەوە و ئێستا لە دابڕانی تەواودایە.

ئاسیا

پۆلیسی ناوخۆیی ئێران: چێشتخانە و فرۆشگەکانی خواردن دەبێت لە رەمەزاندا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن

بەرپرسی پۆلیسی ناوخۆیی ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی شوێنە گشتییەکان رایگەیاند، چێشتخانە و فرۆشگەکانی خواردن دەبێ بە وریاییەوە لە رەمەزاندا مامەڵە بکەن، بەڵام دەتوانن لە مانگی رەمەزاندا لە دووکانەکانیان پێشوازی لە گەشتیاران و ئەو کەسانە بکەن کە بیانووی ئایینییان هەیە بۆ رۆژوو نەگرتن، بە مەرجێک پەنجەرەی دوکانەکانیان داپۆشرابێت.

شەهروەند

1800 ئاگرکوژێنەوە لە تاران ئامادەن بۆ چوارشەممە سوور

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران بە بۆنەی چوارشەمەی کۆتایی ساڵەوە بە ئاماژەدان بە کەمپەینی “نا بۆ چوارشەممە سوریی مەترسیدار”، رایگەیاند: “ئەمساڵ دوو چوارشەممە سووریمان دەبێت و داوا لە خەڵک دەکەین یاریی مەترسیدار نەکەن، بەو هۆیەوە رۆژی چوارشەممە 138 بنکەی ئاگرکوژێنەوە چالاکن و هەزار و 1800 ئاگرکوژێنەوە لە تاران لە ئامادەباشیدان.

کەیهان

ئێران دەستی بەسەر 50 ملیۆن دۆلار نەوتی ئەمریکادا گرت

بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەری میزان، فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی کەشتی بارهەڵگری نەوتی ئەمریکی لە کەنداو دەرچووە، هەروەها دەست بەسەر بارەکانی ئەم کەشتییەدا گیراوە، دواتریش فەرمانی پێویست بۆ دابەزاندنی بارە نەوتەکەی دەردەچێت. بەهای ئەم بارە نەوتییە بە زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت و پێویستە رەچاوی کاریگەریی بەهای ئەو 50 ملیۆن دۆلارەی دەستی بەسەردا گیراوە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا بکرێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button