مەرال بێشتاش: بۆئەوەی کورد زیاتر نەچەوسێتەوە بڕیارماندا لە ئیستەنبوڵ کاندیدمان هەبێت

زووم:
لە 31ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، یەکێک لەو شارەوانییانەی باسی گەرمی لەسەرە گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵە، کە لەلایەن پارتی دەسەڵاتدار و پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیاوە رکابەری توندی لەسەرە.

لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەکەمجار کورد لەو وڵاتە کاندیدی تایبەت بەخۆی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەیە.

مەرال بێشتاش، ژنە سیاسەتمەدارێکی دیاری باکووری کوردستانە و ئێستا کاندیدی دەم پارتییە بۆ گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ، بێشتاش لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ زووم، وەڵامی چەند پرسیارێکی داوەتەوە و دەڵێت، پارتەکەیان بەمافی خۆی دەزانێت بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاندیدی لە ئیستەنبوڵ هەبێت، دەشڵێت بوونی کاندید لەو پارێزگایە بەویستی ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەیان بووە.

لەم هەڵبژاردنەدا دەم پارتی بانگەشەی ئەوە دەکات لە ژێر ناوی (رێککەوتن لەسەرئاستی شارەکان) بەشداریی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکات، مەرال بێشتاش گوتی، کاتێک باس لە (رێککەوتن لەسەرئاستی شارەکان) دەکەین، بەواتای ئەوەدێت هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو شارە رێککەوتنیان لەگەڵ بکەین و بەجۆرێک هەمووان پێکەوە شارەکە بەڕێوەببەین، بۆ نموونە هاوڵاتیانی شارەکە، رێکخراوە مەدەنییەکان، ژوورەکانی وەک بازرگانی، پزیشکان، پارێزەران، ناوەند و رێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، هتد… هەموویان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و بگەنە رێککەوتنێک بۆئەوەی پێکەوە شارەوانیی شارەکە بەڕێوەببەن.

لەبارەی چۆنێتی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن ئاماژەی بەوەکرد، چین و توێژەکان و خەڵک لەناوخۆیاندا گفتوگۆ بکەن تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک، لەسەر ئەوەی چۆن دەیانەوێت ئیدارەی شارەکە بدەن لەڕێگەی ئەو سەرۆکشارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێرن. ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو ببنە خاوەن بڕیاری خۆیان، لێرەدا ئێمە خەڵک بە بنەما وەردەگرین و راستەوخۆ بەشداریی ئەوان لە بەڕێوەبردندا دەبێت.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019، بزووتنەوەی سیاسیی کورد لەژێر ناوی هەدەپە رێککەوتنی لەگەڵ جەهەپە هەبوو، ئەوەش وایکرد جەهەپە لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و شوێنی دیکە گەورەشارەوانیی بباتەوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دەم پارتی لە گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و چەند پارێزگایەکی دیکە کاندیدی خۆی بۆ گەورەشارەوانیی هەیە، لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ جەهەپە و پارتەکانی دیکە، بێشتاش وەک کاندیدی دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ دەڵێت، لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان رێککەوتنیان نییە، زیاتر لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکان و لایەنەکانی دەرەوەی پەرلەمان کاردەکەن. “بێگومان هەندێک پارتی سیاسیی بچووک پشتیوانی لە ئێمە دەکەن، بەڵام زیاتر هەماهەنگیمان لەگەڵ رێکخراوەکاندا هەیە لەگەڵ ئەنجومەنی گەنجان و ژنان، هەندێک ناوەندی دیکە”.

لەماوەی رابردوودا دەم پارتی لە چەند ناوچەیەک لە بەرامبەر کاندیدی جەهەپە کاندیدی خۆی کشانەوە، ئەوەش جارێکی دیکە ئەگەری هەبوونی رێککەوتن لەنێوان جەهەپە و دەم پارتی هێنایەئاراوە، بەڵام بێشتاش لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ زووم ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، لەگەڵ هیچ پارتێکی سیاسییدا رێککەوتنیان لەبارەی هەڵبژاردن نییە.

لە راپرسییەکاندا دەنگی دەم پارتی بەراورد لەگەڵ کاندیدی ئاک پارتی و جەهەپە کەمترە بە ئەندازەی ئەوەی چانسی بردنەوەی پۆستی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لەلایەن کاندیدی دەم پارتییەوە ئەگەرێکی زۆر دوورە، لەوبارەیەوە مەرال بێشتاش گوتی، نزیکەی مانگێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ماوە، لە بەردەوامی کەمپینی هەڵبژاردن دەبینن رێژەی دەنگەکانیان گۆڕانکاری بەسەردادێت و تادێت زیاتر دەبێت، بەڵام ئامادەنەبوو پێشبینی بۆ رێژەی دەنگەکانیان بکات.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە میدیاکان هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە دەم پارتی و ئاک پارتی لە یەکی نیساندا، واتە رۆژێک پاش هەڵبژاردن کۆدەبنەوە و لەسەر پرسی قەیوم رێککەوتن دەکەن، بەڵام مەراڵ بێشتاش هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە، بەدڵنییایەوە شتێکی وەها لەئارادا نییە. راشیگەیاند، ئەوان هەموو کات خەبات بۆ چارەسەری پرسی کورد دەکەن و لەدژی هەموو ناهەقییەک دژبە دەستکەوتەکانی گەلەکەیان دەوەستنەوە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، بابەتی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئاک پارتی لەپێش یاخود پاش هەڵبژاردن بابەتێکە دوورە لە راستییەوە و هەوڵێکی پڕوپەگاندەیە لە دژی ئەوان. بێشتاش لە وەڵامی ئەو پرسیارەی زوومدا چەند جارێکی دیکە جەختیکردەوە ئەوان بڕیارێکی لەو جۆرەیان نییە لەگەڵ دەسەڵات دابنیشن و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵیاندا نییە.

یەکەمجارە لە مێژووی تورکیادا کورد کاندیدی سەربەخۆی بۆ گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ دەبێت، مەرال بێشتاش کاندیدی دەم پارتی لەبارەی ئەم بابەتە دەڵێت، ئیستەنبوڵ گەورەترین شاری کوردییە لە جیهان و لە تورکیا، زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد لە ئیستەنبوڵ دەژین، بەڵام لە ئیستەنبوڵ ناوی کورد لەهیچ شتێکدا بوونی نییە، لەم پارێزگایە زۆربەی هەرەزۆری چینی کرێکار و چینی هەژاران کوردن. بێشتاش دەڵێت، سەرەرای هەبوونی ئەو رێژە زۆرەی کورد لە ئیستەنبوڵ هیچ خزمەتگوزارییەک بە زمانی کوردی نییە، لە نووسراو و بانگەواز و شوێنە فەرمیی و نافەرمییەکاندا، دواجار کورد دەیەوێت بەشداری بکات لە بەڕێوەبردنی شارەکە و نوێنەری خۆی هەبێت.

مەرال بێشتاش لە درێژەی وتەکانیدا بۆ زووم دەڵێت، وەک دەم پارتی زۆر گفتوگۆی ئەوەیان کرد کە ئایا کاندیدیان لە گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ هەبێت یاخود نا، ئایا بە کاندیدی خۆیانەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن یاخود بە کاندیدی هاوبەش، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو بڕیارەی کاندیدی خۆیان هەبێت بۆئەوەی کورد زیاتر نەچەوسێتەوە، فشاری زیاتری لەسەر نەبێت، روبەڕووی ئەو جیاکارییانە نەبێتەوە، بە کلتووری خۆی، بە زمان و پێناسی خۆی ژیان بگوزەرێنێت. بێشتاش دەڵێت، لە راستیدا تێکۆشانی ئەوان بۆ هەمووانە، بۆ ئازادی و دادپەروەرییە، لەو روانگەیەوە هەبوونی کاندیدی دەم پارتی بۆ کورد و بۆ کوردانی ئیستەنبوڵ گرنگە و پێیانوایە زۆرینەی کورد پشتیوانی لە ئەوان دەکات.

ئیستەنبوڵ جگە لە گەورەشارەوانی، 39 شارۆچکەی دیکەی هەیە لە هەندێک لەو شارۆچکانە رێژەی دەنگدەری کورد زۆرە و ئەگەری ئەوە هەیە کورد چەند سەرۆک شارەوانییەک بباتەوە، بۆ نموونە ناوچەی ئەسانیورت کە نزیکەی 650 هەزار دەنگدەری هەیە، رێژەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی شارۆچەکەکە لە کورد پێکدێت.

مەرال بێشتاش بە زوومی راگەیاند، لە 17 شارۆچکەی ئیستەنبوڵ کاندیدیان بۆ سەرۆک شارەوانیی هەیە، لە هەموویاندا چاوەڕێ دەکەن لە ئاست بردنەوە دەنگی باش بەدەستبهێنن، دواجار لەو ناوچانەی ئیستەنبوڵ رێژەیەکی زۆری کوردی تیادەژی، وەک، باغجلار، ئەسانیورت، کوچوکچەکمەجە، ئۆسمانبەی، کارتاڵ و شوێنەکانی دیکە، لەئێستادا لەگەڵ کاندیدەکانی دیکەی دەم پارتی بۆ ئیستەنبوڵ بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.

مەرال بێشتاش

لە 1967 لە مێردین لە دایک بووە
لە 1990 بەشی یاسا-ی لە زانکۆی دیجلە لە ئامەد تەواوکردووە.
ساڵانێکی زۆر پارێزەر بووە لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە ئامەد کاری کردووە.
ماوەی سێ خولە پەڕلەمانتاری هەدەپە، یەسەدە و دەم پارتی بووە و ماوەیەکیش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بووە.
دواجار لە هەڵبژاردنی 2023 وەک پەرلەمانتاری خولی 28 ی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) هەڵبژێردراوە.
لە 20 ی شوباتی 2024 بەفەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیاوە، کاندیدبونی بۆ گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ لەسەر لیستی دەم پارتی پەسەند کراوە.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button