ناکۆکییەکانی نێو حکومەتی ئیسرائیل لە واشنتن تەقییەوە

 زووم:

سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەندین مانگە وڵاتەکە لە جەنگدایە، ناکۆکییەکانی نێوماڵی ئیسرائیل گەیشتنە ئەمریکا، ئەمەش دوای سەردانەکەی بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگیی ئیسرائیل دێت بۆ واشنتنی پایتەختی ئەو وڵاتە.

گانتز، کە وەک رکابەریی سیاسیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناسراوە، پێشتر وەزیری بەرگریی وڵاتەکە بووە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس، چووە ناو هاوپەیمانێتییەکەی ناتانیاهۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی جەنگی و بووە وەزیری کابینەی جەنگ.

سەردانەکەی گانتز بۆ واشنتن نیگەرانی ناتانیاهۆ و ئەو بەرپرسانەی ئیسرائیلی بەدوای خۆیدا هێناوە کە پشتیوانیی لە ناتانیاهۆ دەکەن. وەک یەکێک لە ئاماژەکانیش بۆ ناخۆشحاڵیبوونی ناتانیاهۆ بە سەردانەکەی گانتز باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن فەرمانی پێکراوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی گانتز بکات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزی بەریتانی، سەردانەکەی گانتز لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردووە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، زۆر بیزاربووە لە ناتانیاهۆ و پەیوەندییەکانیان گەیشتووەتە ئاستێکی ساردوسڕ بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لە غەزە.

راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن پێانخۆشترە لەگەڵ گانتزدا کاربکەن وەک لە ناتانیاهۆ و ئەو وەک تاقیکردنەوەیەکی باش دەبینن لەکاتێکدا ئیسرائیل کۆمەڵێک كێشەیان هەیە لەسەر پرسەکانی چارەسەریی دوو دەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنانی ناکۆکییە درێژخایەنەکەی نێوانیان لەگەڵ فەلەستیندا.

بڕیار وایە گانتز لەگەڵ هەریەک لە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیدا کۆببێتەوە. هاوکات پلانیش هەیە لەگەڵ ئەندامانی پارتی کۆماریی و دیموکراتەکان لە کۆنگرێس کۆببێتەوە.

سەردانەکەی گانتز بەبێ رێپێدانی ناتانیاهۆ بووە و بەهۆیەوە نیگەرانی زۆری پشتیوانانی ناتانیاهۆی لێکەوتووەتەوە. هەربۆیە گانتز بە ئەسپی تەروادە ناودەبەن لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل. لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، کە پشتیوانی سەرسەختی ناتانیاهۆیە دەڵێت، ئیسرائیل یەک سەرۆکوەزیرانی هەیە و ئەویش ناتانیاهۆیە. رەخنەش لە گانتز دەگرێت کە دەبوو لەکاتێکدا وڵاتەکە لە جەنگدایە وەفاداریی و یەکییەتی بۆ وڵاتەکەی دەرببڕیایە.

نیگەرانییەکانی چواردەوری ناتانیاهۆ لەو سەردانە بەجۆرێکە، کە گانتز وەک ئەو کەسە دەبینن کە ئەمریکا لەسەر دەستی ئەو پرسی دەوڵەتی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەزە، چارەسەر دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند هەفتەیەکە نیگەرانیی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕیوە و هۆشداریی داوە لەبارەی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە غەزە. هەربۆیە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ غەزە لەلایەن ئەمریکاوە وەک بۆشاییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەبینرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button