داخستنی بۆریی نەوتی جەیهان مانگانە ملیارێک دۆلار زیان لە عێراق دەدات

زووم:

  رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەت

نێردەی واشنتن و دەوحە و حەماس لە قەتەرن و دەیانەوێت دوایین لەمپەرەکانی بەردەم ئاگربەست لاببەن

دانوستانەکان نێوانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس گەیشتوون بە دوایین قۆناغەکان، هەردوولا بە دوای داڕشتنەوەیەکی پەسەنددا دەگەڕێن. پەلەیانە و دەیانەوێت دوایین لەمپەرەکانی بەردەمی ئاگربەست چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی ئاگربەست بێتە ئاراوە و پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان دەست پێبکەن، وا چاوەڕوان دەکرێت پێش هاتنی مانگی رەمەزان ئەو ئاگربەستە رابگەیەندرێت.


زەمان

وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دیاریکرا

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ـی حوزەیرانی داهاتووی وەک وادەیەکی تازە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی کوردستان دیاریکردووە. بڕیار بوو هەڵبژاردن لە مانگی شوباتدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بوونی ناکۆکی لەنێوان دوو حزبە سەرەکییەکەدا، چەند جارێک دواخراوە.
هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022ـدا ساڵێکی زیادەی بۆ تەمەنی پەرلەمانەکەی درێژکردەوە، هۆکاری درێژکردنەوەکەشی ئەوەبوو لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن ناکۆکی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەبوو.

عەرەب

جەزائیر بەهۆی واژۆکردنی چەند یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ هاریکاری لەگەڵ ئێران ناکۆکیی لەگەڵ رۆژئاوادا بۆ درووست دەبێت
رۆژی یەکشەممە جەزائیر چەند یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لە بواری وزەدا لەگەڵ ئێران ئیمزا کردووە، ئەمەش کێشە دەخاتە نێوانی جەزائیر و وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەتییش ئەمریکا، چونکە چەندین ساڵە ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران، بەڵام ئێستا جەزائیر کایەی هاریکارییەکی تازە لەگەڵ ئێراندا دادەمەزرێنێت. رەنگە ئەمە بەشێکی درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە بێت، کە جەزائیر لەگەڵ چین و روسیادا لێک نزیک کردووەتەوە و لەگەڵ ئەواندا هاریکاری دەکات.
ئەمریکا ساڵانێکە گەمارۆی خستۆتە سەر ئێران، بەو بیانووەی تاران پەرە بە چەکی ئەتۆمی دەدات و پشتگیریی گرووپە چەکدارەکانیش دەکات، بۆیە لە ئێستادا ئەو وڵاتانەی هاریکاری لەگەڵ ئێراندا دەکەن پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکادا باش نییە.

مەدا

داخستنی بۆریی نەوتی جەیهان مانگانە ملیارێک دۆلار زیان لە عێراق دەدات

چەند کۆمپانیایەکی نەوتی جیهانی ، کە کار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکەن دەڵێن، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە و بەناو خاکی تورکیادا بۆ هەر مانگێک یەک ملیار دۆلار زیان لە عێراق دەدات. ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێی بەندەری جەیهانەوە تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا گفتوگۆکانی هەولێر و بەغداد لەوبارەیەوە بەردەوامن و دەیانەوێت بگەن بە رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

فاینەنشیەڵ تایمز

سعودیە و روسیا لەڕێی ئۆپێک پڵەسەوە فشار لەسەر نرخی نەوت دروستدەکەن

ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس، کە لەلایەن سعودیە و روسیاوە پێشەنگی دەکرێن، ئەو ماوەیەیان بۆ سێ مانگی دیکە درێژکردەوە کە تیایدا بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکەنەوە. ئەم هەوڵەش بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە لەکاتێکدا ماوەیەکە کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای ئەوەی ناکۆکییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە جیهاندا روویان لە زیادبوون کردووە. بڕیاربوو ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی بێت، بەڵام دوای بڕیاری رێکخراوەکە، کەمکردنەوەکە تا مانگی حوزەیران درێژدەکرێتەوە.

نیویۆرک تایمز

روسییەکان بە نرخی زۆر بۆ دەستکەوتی کەم رازی دەبن

لەکاتێکدا روسیا لە پایزی رابردوودا هێرشی بۆسەر ناوچەکانی شاری ئاڤدیڤکا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین دەستپێکرد، سەربازانی ئۆکراین تاکتیکی شەڕیان گۆڕی و ریز ریز سەربازانی روسیا بەهۆی تۆپبارانی ئۆکراینەوە وێران دەبوون. هێزەکانی روسیا بۆ هێزی پیادەی بچووک دابەش بوون، بۆ ئەوەی خۆیان لە بۆردومانەکان بپارێزن، شارەزایانی جەنگی دەڵێن، روسیا بەلایەوە ئاسایی بووە زیانی زۆری لە هەرێمی دۆمباس بەربکەوێت، بەجۆرێک ئەو سەربازانەی تەنها لە کۆنترۆڵکردنی شاری ئاڤدیڤکا گیانیان لەدەستداوە، زۆر زیاتر بووە لەوانەی لە شەڕی 10 ساڵەی وڵاتەکەدا لە ئەفغانستان کوژراون.

واشنتن پۆست

سنوورداریی هاوکارییەکان خەڵکی غەزەی برسی کردووە

بەهۆی قەیرانی ئەو برسێتییەی لە غەزە لەئارادایە و دەستکردیی مرۆڤە، خەڵکی کەرتەکە تا دێت ژیانیان قورستر دەبێت، ئەگەرچی ئەمریکا یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی خۆی لەڕێی فڕۆکەوە بەسەر کەرتەکەدا فڕێدایە خوارەوە و وەک ئاماژەیەک بۆ درووستبوونی بۆشایی لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل سەیردەکرێت، تادێت نائومێدییەکانی خەڵکی غەزە روو لە زیادبوونە، بەتایبەت دوای رووداوەکەی پێنجشەمەی رابردوو، کە زیاتر لە 100 کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خواردندا کوژران، کەرتەکە پێدەنێتە دۆخی قاتوقڕی و بەرپرسانی ئەمریکاش پێیانوایە بەزۆری ئیسرائیل لێی بەرپرسیارە.

ئۆرشەلیم پۆست

گانتز لە سەروبەندی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ناتانیاهۆدا گەیشتە واشنتن

لە سەروبەندی ناکۆکیی لەگەڵ ئەمریکا و ناکۆکیی نێوماڵی ئیسرائیل، بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگیی ئیسرائیل و رکابەری بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، گەیشتە واشنتن و بڕیارە لەگەڵ کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆببێتەوە.
دوای سەردانەکەش وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، کە پشتیوانێکی سەرسەختی ناتانیاهۆیە، رایگەیاند تەنها یەک سەرۆکوەزیران هەیە و ئەویش ناتانیاهۆیە. هاوکات رەخنەشی لە گانتز گرت و گوتی، دەبوو لە ئێستادا لە وڵاتەکەی بووایە و وەفاداری و یەکگرتوویی نیشان بدایە لەکاتێکدا وڵاتەکە لە جەنگدایە.

 

 

یەنى بیرلیک

زیاتر لە سێ هەزار ئەکادیمى تورک لە وڵاتانى دەرەوە خزمەت دەکەن

پرۆفیسۆز دکتۆر ئێڕۆڵ ئۆزڤار، سەرۆکى دەستەى خوێندنى باڵا لە تورکیا رایگەیاند، لەم ساڵانەى دواییدا ژمارەى ئەو پڕۆفیسیۆر و ئەکادیمییانەى لە دەرەوەى تورکیا لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان کاردەکەن زیاتر بوون.
ئەو دەڵێت، ئێستا زیاتر لە سێ هەزار ئەکادیمی تورک لە وڵاتانى دەرەوە لە بوارى جۆراوجۆردا خزمەت دەکەن.

یەنى شەفاق

تورکیا هێزى سەربازى زیاتر بۆ ئۆپراسیۆنى چنگى قفڵ تەرخان دەکات

لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنى چنگى قفڵ بۆ پشتیوانى سوپاى تورکیا لە رۆژاڤاى کوردستان، دوو یەکەى سەربازیى تورکیا لە عێراقەوە بۆ پشتیوانى سوپاى تورکیا دەچن بۆ رۆژاڤا.
بەگوێرەى رۆژنامەکە ئەم هێزە بۆ ئەو مەبەستە دەچن، کە جێگیر بکرێن لەو شوێنە ستراتیژییانەى لەلایەن تورکیاوە تازە کۆنترۆڵ کراوان.
رۆژنامەکە نووسویەتى، بڕیارە ئۆپراسیۆنەکە هەنگاوى زیاتری بۆ بنرێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی بە ئۆپراسیۆنى چنگى قفڵ بهێندرێت.

ئەکشام

لە تورکیا هەڵخەڵەتاندنى هونەرمەندەکان زۆر بووە

بەگوێرەى رۆژنامەکە لەمساڵدا چەند کەسێکى ناودار و هونەرمەند لە تورکیا لە رێگەى کورتەنامە و پەیوەندیی کردنەوە هەڵخەڵەتێنراون و پارەیان لێ بردوون. نوێترین رووداویش هەریەک لە هەندە یەنەر گۆرانیبێژى پۆپی تورکی و نیلگون بەلگونى ئاکتەرى تورکی، داواى پارەیان لێکراوە و بەجۆرێک هەڵخڵەتێنراون.
یەکێکیان لە سۆشیاڵمیدیا هۆشدارى لەو رووداو داوە و ئەوى دیکەشیان لە دادگە داواى یاسایی تۆمارکردووە.

حوڕییەت

هاکان فیدان: لە رەمەزاندا ئومێدى ئاگربەستێک لە غەزە لەئارادا هەیە

هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، تورکیا هەوڵێکى جدی داوە بۆئەوەى لە مانگى رەمەزاندا ئاگربەست لە غەزە بێتە ئاراوە، دەشڵێت ئومێد دەکەم ئاگربەستەکە سەربگرێت و وڵاتانى نێودەوڵەتیش بۆ ئەو مەسەلەیە بەجدى بێنەسەرخەت. هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە بەدەر لە ئاگربەست پێوستە رێکارى دیکە بگیرێتەبەر.

 رۆژنامە فارسییەکان

جەوان

گۆڕانکاریی گەورە لە رەوتی سیاسیی پەرلەمان روویداوە

تێکڕای بەشداری لە مێژووی هەڵبژاردنی پەرلەماندا 57% بووە و بە گشتی 30%ـی خەڵک هەرگیز بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانیان نەکردووە.
دوازدەیەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان، رەنگە ناوە بناژۆخواز و ڕیفۆرمخوازەکان وەک دوو رەوت لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێران لاببات و ئەو بلۆکانە نەمێنن.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی تا ئێستا راگەیەندراوە، 147 ئەندامی پەرلەمانی پێشوو لە پەرلەمانی داهاتوودا نابن و هەیکەلی پەرلەمان گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە.


قودس

دیموکراسی تەنها هەڵبژاردن نییە

ئەو تێڕوانینە باوەی لە گوتاری سیاسیدا دوای هەموو هەڵبژاردنێک کە دەڵێن، “خەڵک ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد، ئێستا نۆرەی بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانە”، واقیعی کردەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی روون ناکاتەوە و بۆشایی نێوان خەڵک و نوێنەرەکانیان زیاتر دەکات.
پێویستە پەیوەندیی نێوان دەنگدەران و هەڵبژێردراوەکان بەردەوام و هاوبەش بێت، هەروەها جەخت لەسەر خزمەت و لێپرسینەوە بکرێتەوە.
بەشدارییەکی بەرچاو لە هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەیە بۆ ئامادەیی بۆ بەشداریکردنی کارا لە حوکمڕانی و گۆڕانکاریی سیاسیدا، ئەمەش پێویستی بە کاری هاوبەشە لەنێوان سەرکردەکان و هاووڵاتیاندا.


کەیهان

براوە و دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن دەرکەوتن

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی هەڵبژاردنەکان، بانگەشەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە ناوخۆ و دەرەوە چڕتر بووەوە، هەندێک بەرنامەی دژایەتی بۆ دەنگدان لەلایەن ئیسرائیل و کوتلە ناوخۆییەکانەوە پشتگیری دەکران.
کاندیدە ریفۆرمخوازەکان، بەرژەوەندییە گرووپییەکانیان لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بەلاوە گرنگتر بوو، بەڵام شکستی کەمپەینەکە و بەشداری بەرچاوی خەڵک تیشکی خستە سەر ئەو تێڕوانینە هەڵانەی بەشێک لە سیاسەتمەداران و چاودێران سەبارەت بە گەلی ئێران هەیانە.
بە پێچەوانەی خەیاڵی نەیاران، ئێرانییەکان بە هاتنی بەرچاویان بو دەنگدان، یەکگرتوویی و دڵسۆزیی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی نیشاندا و براوەی راستەقینەی ئەم هەڵبژاردنە خەڵکی ئێران و سیستمی کۆماری ئیسلامییە.


ئەبرار

دەنگە پووچەڵەکان لە تاران %40 نییە، کەمتر لە %12ـیە

دەنگۆیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، قسە و باسەکان سەبارەت بە بڕی دەنگە پووچەڵەکان لە تاران بە هیچ شێوەیەک راست نین.
بەپێچەوانەی ئەو گریمانانەی باس لەوە دەکەن رێژەی دەنگە پووچەڵەکان لە خولی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئیسلامی لە بازنەکانی هەڵبژاردنی تاران زیاترە لە 40%، ئەوەی لە سەرچاوەی ئاگادار باسکراوە ئاماژە بەوە دەکات، دەنگە پووچەڵەکان کەمترە لە 12%ی کۆی دەنگەکان لەم بازنە گرنگەی هەڵبژاردن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button