چی دەزانیت لەبارەی کێشمەکێشمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا؟

هەڵبژاردنێک کە دەبوو نزیکەى دوو ساڵ لەمەوبەر و بە دیاریکراوى لە تشرینى یەکەمى 2022 بەڕێوەبچێت

زووم..

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتووى وەکو وادەى هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد

هەڵبژاردنێک کە دەبوو نزیکەى دوو ساڵ لەمەوبەر و بە دیاریکراوى لە تشرینى یەکەمى 2022 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانى نێوان هەردوو پارتى دەسەڵاتدار پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان چەند جارێک لە وادەى خۆى دواخرا.

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ جارى چوارەم پێنووسەکەى خستە سەر کاغەز و فەرمانى هەرێمى بۆ رۆژى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان واژۆکرد، ئەمجارە 10ى حوەزیرانى 2024 دیاریکرد و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پابەندبن بە ئەنجامدانی و هاوکاریی و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن، بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانەکە.

ماوەى یاسایی خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە 6ـى تشرینى دووەمى 2022 کۆتایی دەهات، بەڵام نزیکەى مانگێک بەر لەو وادەیە و لە 9ى تشرینى یەکەم پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ ماوەى ساڵێک درێژکردەوە، ئەمە پاشئەوەی بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دواخرا.

ئەم درێژکردنەوەیە ناڕەزایی و کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەنجام جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند کەسایەتییەکی دیکە لەنێویاندا د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەنایان بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی برد و سکاڵایان تۆمارکرد. سکاڵاکارەکان پێیانوابوو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نا-دەستوورییە.

دادگاى فیدراڵى لە ماوەى شەش مانگدا نۆ دانیشتنى لەبارەى سکاڵاکان ئەنجامدا، دواجار لە 30ـى ئایارى 2023 بڕیارى دا درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان نادەستوورییە و هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەشى لەو ماوەیەدا دەریکردبوون هەڵوەشاندەوە، پەرلەمانى کوردستانیش پابەندى خۆى بە بڕیارەکەوە راگەیاند و دەستەى سەرۆکایەتى و پەرلەمانتارانى رەوانەى خانەنشینى کرد.

یەکێک لەو بڕیارانەى پەرلەمانى کوردستان لەماوەى درێژکراوەى تەمەنیدا دەریکرد، کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسى هەرێم بوو، رۆژى 22ى ئایارى 2023 لە دانیشتنێکى پەرلەمانى کوردستاندا کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانى یەکێتى و پارتى روویدا، پرسى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن برایە نێو دانیشتنەکەوە، فراکسیۆنى پارتى رایگەیاند، بە دەنگى 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆنیان کاراکردووەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتیش رەتیکردەوە.
ڤیدیۆى سروشتى ڕەشەکە

بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دۆخى سیاسى هەرێمى کوردستانى گەیاندە بنبەست، نە پەرلەمان ما و نە کۆمسیۆن، ناچار سەرۆکایەتیی هەرێم پەناى بۆ بەغداد برد و داواى لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرد سەرپەرشتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.

سەرۆکى هەرێم پێشتر 18ـى تشرینى دووەمى 2023ى بۆ رۆژى هەڵبژاردن دیاریکردبوو، داواى لە کۆمسیۆنى عێراق کرد لەو وادەیە هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدات، بەڵام کۆمسیۆنى عێراق بەهۆى سەرقاڵى بەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان داواى لێبوردنى کرد و داوایکرد وادەیەکى دیکە دیارى بکرێت، دواجار سەرۆکى هەرێمى کوردستان 25ـى شوباتى 2024ى بۆ رۆژى هەڵبژاردنەکە دیارى کرد، بەڵام جارێکى دیکە ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنەکە دروستبوو.

یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەڕێگەى سەرۆکى فراکسیۆنەکەیەوە لە خولى پێنجەمى پەرلەمان، سکاڵاى لە دژى چەند مادەیەکى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکرد، دادگاى فیدراڵی سکاڵاکەى وەرگرت و لەگەڵ سکاڵایەکى دیکە کە لەسەر هەمان بابەت تۆمارکرابوو یەکیخست و دەستى بە داد بینى کرد.

درێژەکێشانى دانیشتنەکانى دادگاى فیدراڵى لەبارەى سکاڵا تۆمارکراوەکان ئەنجامدانى هەڵبژاردنى لە وادەى دیاریکراوى خۆى لە 25ـى شوباتى 2024 کرد بە مەحاڵ، کۆمسیۆنیش رایگەیاند، بەهۆى دواکەوتنى بڕیارى دادگاى فیدراڵى ناتوانن لە 25ـى شوبات هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

21ی مانگى رابردوو دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارى کۆتایی لەبارەى سکاڵاکانەوە دا و 11 کورسى کۆتاى پێکهاتەکانى بە نا دەستوورى وەسفکرد و ژمارەی کورسییەکانى پەرلەمانی کوردستانیشى بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، هەروەها هەرێمى کوردستانى لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە کرد بە فرەبازنەیی بە جۆرێک لە چوار بازنە کەمتر بێت، بڕیاریشى دا کە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکە بکات.

ئێستا و پاش 11 رۆژ لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى، بە بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژى 10ـى حوزەیرانى 2024 بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان دیاریکراوە، ئەگەر هیچ بەربەستێکى دیکە نەیتەپێشەوە، رەنگە پاش دوو ساڵ هەرێمى کوردستان لە دێوەزمەى هەڵبژاردن رزگارى بێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button